حیزبی شیوعی عێراق لە بارەی هەڵبژاردنەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە

هەواڵ
10-05-2021

 

ڕێگای کوردستان

حیزبی شیوعی عێراق بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵپەسارد تاوەکو حکومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن رێوشوێنی تووند دەگرنەبەر بۆ راگرتنی کوشتن و تووندوتیژیی دژی چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان.

حیزبی شیوعی عێراق رایگەیاند: "تاوەکو تاوانباران نەدرێنە دادگە و دیاردەی چەکداری و تیمەکانی مەرگ و چەکی بێ مۆڵەت کۆتاییان نەیەت، هەڵبژاردن و ئازادی رادەربڕین ئەرزشی نابێت".

كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی عێراق، 9ی ئایاری 2021، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: "لە رۆشنایی ئەو کەشە ترسناکەی هەیە، قسەکردن لەبارەی رەخساندنی دۆخی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی ئازادانە و بێگەرد کە تێیدا دەنگدەر و بەربژێر بەئازادی کارەکانیان بکەن، خەیاڵە".

راگەیێندراوەکەی حیزبی شیوعی عێراق، دوای کوشتنی ئیهاب جەواد وەزنی، چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای کەربەلا و هەوڵی هاوشێوە بۆ کوشتنی رۆژنامەنووس ئەحمەد حەسەن لە پارێزگای دیوانییە دێت.

لەراگەیێندراوەکەی حیزبی شیوعی عێراقدا، هاتووە: "حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانی شکستیان هێناوە، نەک لە بەسزاگەیاندنی بکوژانی خۆپیشاندەران، بەڵکو تەنانەت لەرێگەگرتن لە رژانی خوێنی زیاتر".

هەروەها داوایکردووە کەشی لەبار بۆ ئەنجامدانی ‌هەڵبژاردنی ئازاد بڕەخسێنرێت و سیستەمی هەڵبژاردن دادپەروەر بێت و ژینگەیەکی سیاسی ئاسایش و سەرپەرشتیی چاودێرانی نێودەوڵەتی بڕەخسێنرێت، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای حیزبەکان و رێگەگرتن لە بەشداریی حیزبی چەکدار تێیدا.

شەوی 8ی ئەم مانگە ئیهاب وەزنی، چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی تشرین لە پارێزگای کەربەلا لەرێگەی چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژرا، بەوهۆیەوە لەچەند شارێكی عێراق خۆپیشاندان دەستیپێكردو شەوی رابردووش کونسوڵخانەی ئێران لە كەربەلا سووتێنرا.

ناو
بۆچوون ...