رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لەبارەی دەستگیرکردنی شاندێک لەهەولێر داوای رونکردنەوە دەکات

هەواڵ
12-06-2021



رێکخراوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردن لەماف و ئازادییەکان (AIDL) رایگەیاند، دوای ئەوەی شاندێکی نێودەوڵەتی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەرەوشی مافەکانی مرۆڤ سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردوە، لەفڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکراون و لەسەر روداوەکەش داوای رونکردنەوە و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو کەسانە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەن.

داوای رونکردنەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین

رێکخراوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردن لەماف و ئازادییەکان (AIDL) لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ئەو رێکارانەی بەرامبەر شاندێکی هاوپەیمانان گیراوەتەبەر پێشێلکاری یاسای نێودەوڵەتییە، بۆیە "داوای رونکردنەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەرامبەر ئەو رەفتارانە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنیان دەکەین".

 نەتەوە یەکگرتوەکان و لایەنی نێودەوڵەتی ئاگادار دەکەینەوە

ئەوەش هاتوە، بەرامبەر ئەو شێواز و مامەڵەکردنە نەتەوە یەکگرتوەکان و لایەنی نێودەوڵەتی ئاگادار دەکەنەوە و بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی پێویست لەم بابەتەدا بکەن.

ئەو شاندە سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن کە گرژی تێدایە

سەردانەکەی ئەو شاندە بەوتەی رێکخراوەکە لەچوارچێوەی بەسەرکردنەوەیان بوە بۆ ئەو ناوچانەی گرژی و پێکدادانی تێدایە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی رەوشی مافەکانی مرۆڤ.

 چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان دەکات

رێکخراوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردن لەماف و ئازادییەکان (AIDL)، رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و رۆڵی راوێژکاری دەبینێت لەنەتەوە یەکگرتوەکان، هەروەها نوسینگەی لە پاریس، جنێڤ، برۆکسل و نيويۆرك هەیە و چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان دەکات.

لەکاتی گەیشتنیان بە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکراون

ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە دو شاندی پەیەدە، نوێنەری خۆبەڕێوبەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیش لەکاتی گەیشتنیان بە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکراون.

چەندین ھاوڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردوە بۆ ناو هەرێم بۆ تێکدانی سەقامگیریی

لەم بارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پارتی کرێکارانی کودستان (پەکەکە) وەک "بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاوڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردوە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گروپی بەناو ئاشتی و ئازادی، بۆیە ڕای گشتی رادەگەیەنین کەرێگە بە تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستان نادەین".

 

ناو
بۆچوون ...