ئاسایشی پارتی ڕاپۆرتە پزیشکییەکەی سووتاند و ڕێگەینەدا بڕواتە نەخۆشخانە

هەواڵ/ رۆژنیوز
30-12-2019

 

  • دووشەممە, 30 ديس 2020 - 14:10
  • ڕۆژنیوز – مەخمور

 

ژنێکی پەنابەری کامپی مەخمور کە چەند نەخۆشییەکی قورسی هەیە، سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتی پزیشکیشی پێبوو، ڕاپۆرتەکەی لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە سووتێندرا و ڕێگەیپێنەدرا بچێت بۆ نەخۆشخانە.


زیاتر لە پێنج مانگە گەمارۆی سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور بەردەوامە و ڕێگە بەکەس نادرێت لە کامپەکەوە بڕواتە هەولێر، تەنانەت ئەوانەش نەخۆشیی قورسیان هەیە.

 

بەم دواییانە ژنێکی دانیشتووی کامپەکە بەناوی 'خانێ بەنەک' کە چەند نەخۆشییەکی قورسیشی هەیە، ویستی سەردانی نەخۆشخانەیەکی هەولێر بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتی پزیشک و مۆڵەتی قائیمقامی ناوچەی مەخموریشی پێبوو، لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە لە بازگەی نێوان مەخمور-هەولێر ڕێگەی پێندەرا بچێتە هەولێر.

خانێ بەنەک کە ٢٦ ساڵە بەهۆی زۆڵمی دەوڵەتی تورکەوە لەسەر خاکی خۆی ئاوارە بووە، لەسەر ئەو گەمارۆەی خراوەتە سەر کامپەکەیان دەڵێت: هاتین لە مەخمور جێگیر بووین، بەڵام ئێستاش لەلایەن دەوڵەتی تورک و پارتییەوە زۆڵممان لێدەکرێت.

لەسەر ڕێگری هێزەکانی ئاسایشی پارتی، خانێ دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتی پزیشک و مۆڵەتی قائیمقامی ناوچەی مەخموریشم پێبوو، ئاسایشی پارتی منیان ڕاگرت، پرسیاریان کرد بۆ کوێ دەچی؟ وتم: بۆ نەخۆشخانە، وتیان، نە تۆ دەچیتە قەندیل، منیش ڕاپۆرت و مۆڵەتەکەم پیشاندا، بەڵام کاربەدەستانی ئاسایشی پارتی بەبەر چاومەوە ڕاپۆرت و مۆڵەتەکەیان خستە ناو ئاگر و سووتاندیان و منیش گەڕامەوە بۆ کامپەکە.

خانێ وەها بانگ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو جیهان و کاربەدەستانی باشوری کوردستان دەکات: ئیدی بەسە، ئەم گەمارۆیە هەڵگرن، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەرکی مرۆیی خۆی هەستێت، چونکە ئەم کامپە لەژێر چاودێری ئەوانە، هاوکات داوا لە خەڵکی باشوری کوردستان دەکەم کە بێدەنگ نەبن و لەدژی ئەم گەمارۆە دەنگی خۆیان دەرببڕن.

 

ناو
بۆچوون ...