لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ساڵی ١٨١٤، یەنی فۆن ڤیستفالن، ناسراو بە جێنی مارکس، لەدایکبوو، فریدریش ئەنگڵس لە گوتاری مەرگی جێنی-دا دەڵێت:
«ئەو چ ژنێک بوو بە عەقڵێکی ڕاشکاو و ڕەخنەییەوە، بە ڕەوانبێژییەکی وەهای سیاسییەوە، بە وزەی پڕ لە جۆش و خرۆشی کەسایەتییەوە، بە توانا و لێهاتوویی بۆ خۆ-فیداکردن، کە بۆ بزوونتەوەی شۆڕشگێڕیی ئەنجامی دا، تا ئێستا لە بواری گشتییدا باس ناکرێت، هێشتا نەچووەتە نێو ستوونەکانی چاپەمەنییە وەرزییەکانەوە. تەنها ئەوانە دەیناسن کە لە نزیکییەوە ژیان. نامەوێ لەبارەی توانا کەسییەکانییەوە بدوێم، هاوڕێکانی هەموو ئەمانە دەزانن.
ئێرە کە ئێستا لێی وەستاوین باشترین بەڵگەیە کە ئەو بە باوەڕێکی پتەوی ماتریالیزمی ئەتایستییەوە ژیا و مرد. ئەو هیچ ترسێکی لە مەرگ نەبوو. دەیزانی ڕۆژێک بە جەستە و بە زەین دەگەڕێتەوە تا ببێتە هۆی چرۆکردنی ئەو سروشتەی لە پێشەوە دەستی پێکردبوو. و ئێمە، کە ئێستا ئەومان لە دوایین وێستگەیدا بەخاک سپاردووە، با یاد و یادەوەریی بەرز ڕابگرین و هەوڵبدەین وەک ئەو بین»
مارکس لە شیعرێکی سەردەمی لاوییدا بۆ جێنی:
«ببینە! دەمتوانی هەزاران بەرگ بنووسم،
لە هەر دێڕێکیاندا، تەنها ناوی 'جێنی' تۆمارکەم،
هێشتا ئەو دێڕانە جیهانێکی هزریان ئاشکرا دەکرد،
پڕ لە ئەبەدییەتی جووڵە و ئیرادەی نەگۆڕ»
جێنی کچی بارۆن لودڤیگ فۆن ڤێستفالن، بنەماڵەیەکی لیبراڵی ئەریستۆکرات، کە براکەی، فێردینان ئۆتۆ ڤیلهێلم هێنینگ فۆن ڤیستفالن، دەبێتە وەزیری ناوخۆی حکومەتی پروسیی، کە پاشان دەستی دەبێت لە ڕاوکردنی مارکس و لایەنگرانی، جێنی هەموو پێشنیارەکانی بنەماڵەکەی ڕەتدەکاتەوە، جیهانێکی شۆڕشگێڕ هەڵدەبژێرێت و دەڵێت «دەمەوێت نەزمی کۆن لە ڕەگ و ڕیشەوە تەفروتونا بێت و جیهانێکی نوێ لەدایک بێت» و ئاوارەیی و دەربەدەری هەڵدەبژێرێت، تا لە لەندەن، لە هەژارییدا دوو ساڵ پێش مارکسی هاوژینی، کۆچی دوایی دەکات.
وەک ئەنگڵس دەڵێت: «با وەک ئەو بین»