ڕەنگاڵە

قوبادی جەلیلزادە
03-03-2022

ێکستی نوێ : پەنجاو نۆ

ڕەنگاڵە٭

بەیانییەک,

بوو بە تاوسێکی هەزار رەنگ

لەحەوشەکەماندا،

یاری دەگەڵ پشیلە موو زەردەکە دەکرد.

جارێک,

بوو بە کۆترێکی سپی ، لەسەر ستارەی ماڵە دراوسێکەمان

هەڵنیشت و گماندی،

ئاوازێک جیاواز لە گۆرانی کۆترەباریکەکانی دی.

ئێوارەیەک.

بوو بە باران.

بەڵام بەرلەوەی دابکات بە خەڵکی گەڕەکی گوت

دەمێکی دی دەبارم و دلۆپەکانی من سپین .

ئیدی لە گەڕەکەماندا، کەس چەتری هەڵنەدا.

شەوێک،

بوو بە درەختێکی بڵند، گەڵاکانی رووناکیان لێ دەکەوتە خوارێ

لەناو چەند سەبەتەیەکدا خڕمان کردەوەو

بۆ کەس و کارمان هەناردن.

هاتە بەر پەنجەرەو بە پەنجە وردیلەکانی لە میناکەی دا

گوتی قوباد،

لە ئاسمان بووم و هێندێ شتم بۆ هێناوی،

کە تەماشای ناو لەپیم کرد پڕ بوو لە وردە ئەستێرە.

ئیدی هەڵفڕییەوە عاسمان.

سەیر بوو،

دایکم هەر ساتە دەبوو بە شتێک!

جارێکیان بوو بە ئاسکێکی چاو ڕەش و...

---------

٭ئەم تێکستە کەمێک کاریگەری دەقی بولبولەکەم ی ڕۆزە ئاوسلێندەری ژنە شاعیری ئۆکڕانی پێوەیە.190l-1988

ناو
بۆچوون ...