ژاپۆن لە كات و لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ژێر بارێكی قورسی سیاسی و ئابوریدا دەژیا، لێ كۆمەڵگای ژاپۆن بەوە ناسراوە، كە مرۆڤەكانی لە سەختترین باری ناهەمواردا، بەها كۆمەڵایەتیەكانی لەدەست نادات... هەموو بیرمانە كە لە كاتی ڕوودانی زەمینلەرزە بەهێزەكەی ساڵی ٢٠١١ و كارەساتەكەی وێستگەی ئەتۆمی فۆكۆشیما، چۆن ژاپۆنیەكان هێمنانە بێ دروستكردنی كێشە و بە پابەندێتیەكی بێ وێنەوە بە سەرجەم بەها ڕەوشتی و كۆمەڵایەتیەكانەوە، یارمەتی یەكتریان دەداو بە سەبر و هێمنیەوە سەرەیان دەگرت بۆ وەرگرتنی یارمەتیەكان و ڕۆژە سەختەكانیان بەڕێدەكرد، كە ببوە سەرسامی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.
ئەو وێنەیەش بەسەرهاتێكی تراژیدی ڕۆژە سەختەكانی جەنگی دووەمی جیهانیە لە ژاپۆن، كە پەندێك و وانەیەكە بۆ مرۆڤایەتی.
ئەو مێرمنداڵە یەكێكە لە قوربانیانی جەنگ، برا بچوكەكەی لە كۆڵ ناوە... هەرچەندە گیانیشی لەدەست داوە.... بەشوێن كەسوكارو زێدیدا دەگەڕێت.
لە ڕێگەیدا تووشی كۆمەڵێك سەرباز دەبێت.. یەكێكیان پێی دەڵێت، بۆ كۆڵەكەت داناگریت خۆ ئەو منداڵە لێبۆتەوە... بۆچی خۆت لە خۆڕایی ماندوو دەكەیت.... كوڕەكە وەڵامی دەداتەوە دەڵێ: ئەو قورس نیە.... ئەو برامە.... تا ماڵەكەمان دەدۆزمەوە دایناگرم... لەوێ بەخاكی دەسپێرم...
سەربازەكە بەو وەڵام و دیمەنە زۆر دڵتەنگ دەبێت ... لە ئەندێشەی وەڵامی منداڵەكە...خۆی پێناگیرێ دەست دەكات بە گریان...
ئەو وێنەو بەسەرهات و ڕووداوە ..
لەو دەمەوە لە ژاپۆن.. بوونەتە وانە و
سیمبۆلی خۆگرتن و هەستانەوە...
یەكگرتن و ژیانەوە....
یەكڕیزی و مانەوە...
خۆزگە ئیمەش وانەیەكی مێژوومان فێردەبووین، پەندێكمان لە ڕابردوومان وەردەگرت درووشمەكان چیتر درۆیان نەدەكرد و
دەبوون بە:
قورس نیە ئەوە برامە....خوشكمە...
گەر كەوت هەڵیئەسێنمەوە...
گەر ماندوو بوو دەچمە ژێر باڵیەوە....
گەر لاواز بوو دەبمە گۆچان....
گەر هەڵەی كرد هاوكاری دەبم
بۆ ڕێ نیشاندان....
گەر تەنیا ما من لە پشتیم....
گەر نەیتوانی ڕێكا
دەیگرمە كۆڵ...
ئاخر ئەو هەرگیز قورس نیە...
ئەو برامە...ئەو خوشكمە
ئەو هاونیشتیمانمە...