ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی باڵای خانمانی هەرێم لەئارادایە

هەواڵ شارپریس
10-01-2020

 

شارپرێس: هێمن مامەند
لەئێستادا حكومەتی هەرێم كار لەسەر ئەوەدەكات، كە ئەنجوومەنی خانمان، یان هەڵبوەشێنێـتەوە، یان بیكات بە  بەڕێوەبەرایەتییەك، ژنە پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: ئەم ئەنجومەنە بەشێك نییە لەپێكهاتەی حكومەت لەبەر ئەوەی هیچ یاسایەكی نییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەست شارپرێس كەوتووە لەئێستادا كار لەسەر ئەوە دەكرێت ئەنجوومەنی باڵای خانمان  هەڵبوەشێتەوە، یان بكرێتە بەڕێوەبەرایەتییەك.

سەرچاوەكە وتیشی: ئەو ئەنجوومەنە نزیكەی دە  ساڵە دامەزراوە، بەڵام تائێستا یاسایەكی نییە لەپەرلەمان، هۆكاری ئەوەش لەم خولەدا تائێستا یاساكەی بۆدەرناكرێت‌و ناخرێتە بەرنامەی كارەوە ئەوەیە حكومەت نیازی هەڵوەشانەوەی ئەو ئەنجوومەنەی هەیە.

لای خۆیشییەوە ئاشنا عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بەشارپرێسی وت: ئەم ئەنجوومەنە لەبەر ئەوەی یاسایی نییە بەشێك نییە پێكهاتەی حكومەت و لەكاتی دانوساندنەكان بەهیچ شێوەیەك باسی لێوەنەكراوە.

پەرلەمانتارەكەی بزووتنەوەی گۆڕان وتیشی: ئەو ئەنجوومەنە ماوەی دە ساڵە یاسایەكی نییە، بۆیە پێویستە، یان یاسایەكی بۆ دەربكرێت، یان چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە.

بەپێچەوانەی ئەو قسانەش ئەمەل جەلال بەرێوەبەری گشتی لەئەنجوومەنی خانمان بەشارپرێسی وت: ئەو قسانە  دوورن لەڕاستییەوە، بەپێچەوانەوەوە  لەسەر ئاستی باڵا بڕیارە ئەنجوومەنی نیشتمانی خانمان دروست بكرێت.

ئەمەل وتیشی: بەفەرمی رێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتانی عێراقی داوایان كردووە ەسوود لەهەیكەلییەت و پەیڕەو پرۆگرامی ئەنجوومەنی خانمان وەربگرن، بۆ ئەوەی هاوشێوەی هەرێم ئەوانیش ئەنجوومەنێك دابنێن بەناوی ئەنجوومەنی نیشتمانی خانمانی عێراقی‌و بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی عێراق لەمانگی 10ی ساڵی رابردوو رەزامەندی نیشانداوە.

ئەنجوومەنی خانمان لەهەرێمی كوردستان لە ساڵی 2010 ‌و لەسەردەمی كابینەی شەشەم، كە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئەوكاتە بەرهەم ساڵج بوو دامەزراوەو لەماوەی رابردووش چەند پەرلەمانتارێك راپۆرتێكی گەندەڵیان لەسەر ئەنجوومەنەكە بڵاوكردەوەو لەماوەی رابردووش چەند لیژنەیەك لەسەر ئەنجوومەنەكە پێكهێنرا.

ناو
بۆچوون ...