ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دەکرێتەوە.

هەواڵ
06-05-2022

 

ئەمرۆ پێنجشەممە 5-5 2022، لە مەاسیمێکدا لەسەر گۆڕی ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو سەردەشت عوسمان لە گۆڕستانی گوندی گردعازەبان لە دەشتی شەمامک، ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنووس و نووسەر کرایەوە.

وەفدێکی حزبی شیوعی کوردستان کە پێکهاتبوو لە هاوڕێیان کوردۆ ساڵح ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سکرتێری مەڵبەندی هەولێر، هیوا عومەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، زاهیر رەسوڵ ، کۆچەر رەحمان ئەندامانی مەڵبەندی هەولێر، بەختیار شەعبی بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی هەولێر، فاتح موستەفا ئەندامی پەیوەندییەکانی مەڵبەند، دکتۆر ئازاد محەمەد لە کۆمیتەی ڕێکخستنی دەوروبەری هەولێر، ئامادەی مەراسیمەکە بوون.

وتاری حزبی شیوعی کوردستان لەلایەن هاوڕێ کوردۆ ساڵح خوێنرایەوەو تیایدا وێڕای ئیدانەکردنی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و ڕۆژنامەنووسانی تر، جەخت لەسەر پاراستنی ژیانی ڕۆژنامەوان و ئازادی قەڵەم و وشە کرایەوە.

لە مەراسیمەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە نووسەرو ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی مەدەنی و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن ئامادەبوون.

سەردەشت عوسمان لە 25ی کانوونی یەکەمی 1987 لە دایکبووە. ڕۆژنامەوان و قوتابی بەشی زمانی ئینگلیزی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین بوو،لە 4ی ئایاری 2010 لەبەردەم زانکۆی سەڵاحەدین لەلایەن چەند کەسێک ڕفێندرا. بۆ رۆژی دواتر لە 5ی ئایار، تەرمەکەی بە گوللەبارانکراوی لە موسڵ دۆزرایەوە.

ساڵانە یادی تیرۆرکردنی دەکرێتەوەو بنەماڵەکەی دەڵێن دۆسیەکەی هەر بەکراوەیی دەمێنێتەوە هەتا ئەو ڕۆژەی بکوژانی ئاشکرادەکرێن و دادگایی دەکرێن و سزای خۆیان وەردەگرن.

 

ناو
بۆچوون ...