ئەتۆ دەتگوت

شەهلا باران
31-08-2022

ئەتۆ دەتگوت:
 "بابم کە سەفەری دەکرد تا بەیانی خەوی لێ نەدەکەوت. هەموومانی هەڵدەستاند و شتەکانی چەند جار کۆنترۆڵ دەکرد."  
ئەمن بۆخەوم لێناکەوێ؟ دەترسم قەتارەکە بڕوا و بەجێم بێڵێ؟ ئا با بڕوا و بەجێم بێڵی. ئاوام پێ .... 
دەڵێم شمارەی قەتارەکە چەندە و له کام سەکۆ دەبێ ڕاوەستم؟ ئەها سەکۆی 11A. دەڵێم درەگاکان خۆیان دەکرێنەوە یا دوگمەیەک هەیە و دەبێ دەستی لەسەر داگری؟ 
ئەدی ئەگەر دوگمەکەم نەدیتەوە و قەتارەکە دەرکاگەی نەکراوە؟ 
قەتارەکان تەنیا سی چرکە ڕادەوەستن. دەبێ پێشتر چووبیتە سەر ئەو سەکۆیە کە قەرارە قەتارەکەی پێدا بڕوا. تۆ دەبێ دروست لەو شوێنە ڕاوەستی کە واگنەکەی تۆی لێ ڕادەوەستێ وا لەسەر بڵیتەکەت نووسراوە. تۆ دەبێ لەو سی چرکەیەدا دەرگا بکەیەوە و چەمەدانەکەت هەڵێنی و بەسەر دوو پلیکانەکەدا سەرکەوی... 
دەڵێم بڵێی چەمەدانەکەم پێ هەڵگیرێ و بۆم بچێتە سەرێ؟ حەتمەن قەتارەکە بەجێم دەهێڵێ. ئا باشترە بەجێم بهێڵێ. با چەمەدانەکە کەمێک سووکتر بکەم. ئەو هەموو شتەم بۆ چییە؟ 
دەڵێم بڵێی تا ئێوارێ کە دەبێ سواری قەتار‌ بم شتێک ڕوو نەدا؟ شتێک کە پێشی ئەم سەفەرەم بگرێ. 
دەڵێم بۆ جاران دەیانکوت سەفەر‌ باشە؟ 
نا ئیدی دنیا بۆ سەفر خۆش نێ. کەس نازانی لە کوێ چ ڕوودەدا. ڕەنگە لەپڕ سێڵاوێک بێ، یا زەوی زار بکاتەوە، یا بڕکانێک بتەقێتەوە، یا وڵاتێک بشڵەقێ، یا زەوی بلەرزێ، یا.... 
نا سەفەر وەک جاران خۆش نێ. ئەویش‌ لەم تەمەنەدا، بە تاقی تەنیا، لەسەر سەکۆیەک کە کەسی جگە لەتۆ لێ ڕانەوەستاوە، بەرەو شوێنێک کە کەس ناچێ. خۆ نازانی دوگمەی دەرگای قەتارەکەش لە کوێیە، کەسیشی لێ نێ لێی بپرسی دەرگاکە چۆن دەکرێتەوە. چەمەدانەکەشت قورسە. ئا یازدە کیلۆ بوو. 
ئەتۆ بۆ کوێ دەڕۆی؟ بۆ دەرۆی؟ کێت لەوێیە؟ بەتاقی تەنێ چ دەکەی؟ 
دەڵێم مەڕۆ. دەڵێم بەڵکوو دەرگاکە نەکرێتەوە. یا بەڵکوو تا ئێوارە شتێک بقەومێ و نەڕۆی. 
دەڵێم بڵێی شتێک بقەومێ؟ بۆ دڵم وا لێ دەدا؟ بۆ دەڕۆی، هەر مەڕۆ. دەڵێم خۆ ئەتۆ نەتکووت مەڕۆ. نەتکوت بمێنەوە. دەڵێم بڵێی تا ئێوارە شتێک نەگۆڕێ؟ 
بمێنمەوە. ئا، لەم جیهانە و لەم تەمەنەدا سەفەری چی؟ بۆ کوێ دەڕۆی؟ مانەوە، لێرە لەلای تۆ باشترە تا بچیتە سەر سەکۆیەک کە دەبێ بە سی چرکە هەموو کارێک بکەی. لێرە چرکەکان، خولەکان، کاتژمێرەکان، ڕۆژ، شەو، حەفتە، مانگ هی خۆتن. هەمیشە تەناهی خۆشترە لە شێواوی، لەباوەشی یەکتردا بوون خۆشترە لە جودایی. لێرە تەناهی هەیە، ئا هەیە. لە دەرێ کە هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە بەتەنیا چ دەکەی؟ بەم ئێوارەیە، لەسەر سەکۆیەک چاوەڕوانی قەتارێک کە نازانی دەرگاکەی دەکرێتەوە یا نا.....
بۆ وەک بابت بەم نیوەشەوە خەوم لێ ناکەوێ؟ دەڵێم بڵێ تا ئێوارە خەبەرێکی خۆش نەیە و بمێنمەوە؟ کوا من دەتوانم ئەم چەمەدانە هەڵگرم و بە سی چرکە سوار بم و بڕۆمە شوێنێ کە نایناسم و دوور بم. دەڵێم بڵێی تا ئێوارە......

ناو
بۆچوون ...