ئەو تاوانبارەی دەوڵەتێکی شۆڤێنست و ئەندامێکی ناتۆی هەژاند

یاسین کریم
10-09-2022

 

یڵماز حەمید بوتوون "یڵماز گونەی" ئەو تۆمەتبار"تاوانبار"ەی لە سێ دەیەی لەسەریەکدا، کە سێ کودەتای سەربازی لە شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە تورکیا رویاندا، بناخەی دەوڵەتی شۆڤێنستی وەک تورکیای ئەندامی ناتۆ لە رەگەوە هەڵتەکاند و یەکەمین کەس بوو ووتی: ئەم خاکەی ناوی دەوڵەتی تورکیایە، بەشێکی کوردستانە و بەشێکیشی تورکمانستان.

یڵماز گونەی، (تاقانە)سینەماکار و ئەدیب و فەیلەسوف بوو، جیاواز لە کەسایەتییەکانی دیکە کۆششی کرد.

ئەو لەژیانی پڕ چالاکیدا(٢٥)ساڵ بەبێ وەستان، لە (١٥٠)فیلمدا رۆڵی نواندن و دەرهێنان و وەبەرهێنانی بینی، کە نزیکەی(٦٠)سیناریۆی نووسی، (٥)رۆمان و دەیان چیرۆکی بڵاوکردەوە کە یەکێک لە رۆمانەکانی بۆ خەڵاتی نۆبڵ پاڵێورا و یەکێکی تریشیی خەڵاتی گەورەی ئۆرهان کەمال -ی ئەدەبی پێبەخشرا.

لەپای نواندن و دەرهێنان و سیناریۆکانی، چەندین خەڵاتی گرانبەهای وەرگرت.

تاقانە سینەماکار و ئەدیب و سیاسەتڤانە، کە (١٤٢)ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە و دەیان تۆمەتی خرایەپاڵ و لەو سەدە و نیوەی پاداشتی هونەر و ئەدەبەکەیدا، (١٢)ساڵان لە زیندان قایم کرا.

لەتەمەندا بچوکترین هونەرمەندی جیهانە کە زۆرترین بەرهەم و داهێنانەکانی بەخشیوەتە مرۆڤایەتی.

تاقانە هونەرمەندی کوردە لە سەرانسەری دونیادا ناسرا، بە ئێستاشیەوە کە (٣٨)ساڵە لەناوماندا نیە هەر تاقانەی کوردە لە دونیادا ناسراوە و گەنج و خورتی کورد و نەتەوەکانی دیکە هێز لە بیرو باوەڕی وەردەگرن.

دەپرسم ئەگەر یڵماز گونەی لەژیاندابایەو لە هەولێر یان لە سلێمانی بوایە چی دەکرد؟ چیان بەسەر دەهێنا؟.

لە حکومەت و حزبی کوردی خۆکردیی دەپاڕایەوە و کڕنووشی بۆ دەبردن تا بڕە پارەیەکی بۆ خەرج بکەن و فیلم دروست بکات؟ یان رۆمانێکی چاپ بکات؟.

تووشی نەخۆشی بوایە"خۆی بە نەخۆشی شێرپەنجەی گەدە کۆچیدوایی کرد"لە سەندیکا و حزب و بەرپرسانی هونەریی لەناو حکومەت دەپاڕایەوە تا چارەسەری بکەن؟.

خۆی وا نیشاندەدا بەزەییان پێدابێتەوە و کرێی خانووی بۆ بدەن و لە برسێتی"نەک نەبوونی بەرهەمی هونەری" رزگاری بکەن؟.

هەر بەڕاستی هێندە زەلیل و خۆ بەکەمزان دەبوو؟ دادەنیشت و کاری نەدەکرد تا حکومەت" وەزارەتی رۆشنبیری" بەهاناییەوە نەچوبایە؟.

ئەو هونەرمەندەی لە سەردەمی حوکمڕانی سەربازی و شۆڤێنیدا کە بۆ ئەو کوفر و حەرام بوو خۆی بە کورد بزانێ و بناسێنێ، لە کوردستانی حوکمڕانی "مەدەنی"بوایە چی دەکرد؟. دەیووت؛ من لە تورکیا و لە پێناوی کورد دا ئاوێ چۆکانم چوو؟، دەیووت: خوێنم مەیی و رەش هەڵگەڕام هێندەی لە کونجی زینداندا بمێنمەوە و ئازار بکێشم؟.

یان وەکو خۆی، لە پێناوی مرۆڤایەتی و ژیاندۆستی و کوردایەتیی، بێ گوێدانە ئەم و ئەو، بە بێ پشتیوانی ئەوی سیاسی و ئەوی بزنسمان، بە رەنجی خۆی ژیان و هونەریی دڵخوازی خۆی دەکرد و نە ئاوڕی دەدایەوە داخۆ چی دەگوزەرێ، نە منەتیشی بەکەس دەبوو رێگری لێبکەن و بیخەنە کونجی زیندان. هەر بەڕاست چەند هونەرمەندی کورد لە باشور لەسەر هونەرەکەیان خرانە کونجی زیندان؟. چەند ئەدیبی کوردی لەسەر رۆمان و چیرۆك و هۆزانڤانیی، زیندانی کراون؟.

یڵماز گونەی لەژیانیدا وەك خۆی دەڵێت؛ تەنها دوو ساڵان بەوپەڕی خۆشی ژیان، ژیانێکی خۆش و بەڕوومەت ژیاوە، بەڵام کە هەژاریش بووە، رۆژێك لە رۆژان چۆکی دانەداوە و بۆ ژیانی تایبەتی و کار، نەکروزاوەتەوە.

فاتۆش-ی هاوژینی یڵماز گونەی دەڵێت: بەمدواییانە بە هۆی فرۆشی فیلمەکانەوە، قەرزەکانی یڵمازمان داوەتەوە؟!.

راستە کەسمان "یڵماز گونەی"نین، کەسمان لە سەردەمی ئەودا نەژیاین و ناژین، بەڵام بیرمان نەچێت، ستەم لە سەرگۆی زەوی بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناویشیدا کوردستان ساڵەهایە ئامادەگی هەیە و هیچ سستمێکی دونیا، لەم مەملەکەتانە بە دادپەروەری رێ ناکات.

حوکمڕانی ئێمە هەرگیز بە حوکمڕانی سەردەمی یڵماز گونەی بەراورد ناکرێت، بەڵام لەسەر مافی خۆمان دەبێ بۆچی نەتوانین بەسەر بڵندی بە دەستەڵات و حزب بڵێین: ستۆپ؟!. کە بە بڕوای من دەبێ سەرەتا "ستۆپ" لە خۆمان بکەین و لەو تەمبەڵخانەیە بەخەبەر بێینەوە و بکەوینەخۆ و دەست پێبکەین.

٩ی ٩ ی ٢٠٢٢ وەکو ساڵی رابردوو، ئەمجارەش لەناو (١٤)پەرتوکی سینەماییدا، (٨)بەرهەمی ناوازەی یڵماز گونەی بە زمانی شیرینی کوردی دەخەینە بەرچاوی خوێنەری کورد و کوردیزان.

رۆژی سینەمای کوردیتان باش

 

ناو
بۆچوون ...