تا ئێستاش هەندێک دادوەرمان خەمساردن لەمامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی توندوتیژی دژی ژنان

قوباد تاڵه‌بانی‌
12-09-2022

 

       
قوباد تاڵه‌بانی‌، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌نوسینێكدا ده‌ڵێت، "بەداخم کە تاکو ئێستاش هەندێک دادوەرمان خەمساردن لەمامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی توندوتیژی دژی ژنان." جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، "ناهێڵین بکوژەکان بەئازادی‌و بەئیستراحەتی بێن‌و بڕۆن، هەرگیزیش ناهێڵم خەڵک لەبیری بچێت کە چەندە بێ شەرەفن. خوا وەکیلە؛ ئەگەر بەتاقی تەنهاش بم هەر بەدواتانەوە دەبم."

ئاوێنه‌: قوباد تاڵه‌بانی‌ له‌به‌شێكی‌ نوسینه‌كه‌یدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌هەوڵ‌و کۆششی هێزە ئەمنیەکان‌و پشتیوانی هاوڵاتیان‌و میدیاکارانی خەمخۆر، "گومانلێکراوێک بەتاوانی کوشتن‌و توندوتیژی دژی ژنان دەستگیردەیکەن، به‌ڵام بەبڕیارێکی دادگا دێینەوە سەر خاڵی سفر".

ناوبراو نوسیویه‌تی‌، "زۆر توڕڕە بوم کە بیستم تۆمەتبارێک بەکوشتنی دو کچەکەی بەهۆکارێکی لاوازو بەناو نەبونی بەڵگەی شایستە ئازادکراوە. ئەمە چ پەیامێک ئەدات بەو بێ شەرەفانەی ژن دەکوژن؟ پێیان ئەڵێت: ئەگەر کچی خۆتت کوشت بڵێ من نەبوم، کورە بچوکەکەم بو، دوایی ئازاد ئەکرێت. تا ئەو کاتەش، کورەکەتت ناردوەتە ماڵە کۆنە جاشێک کە دور بێت لەدەستی هێزە ئەمنییەکان‌و دامەزراوەکانی دەوڵەت."

قوباد تاڵه‌بانی‌ ده‌شڵێت، "بەداخم کە تاکو ئێستاش هەندێک دادوەرمان خەمساردن لەمامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی توندوتیژی دژی ژنان. من پێتان دەڵێم: خۆ هەر رۆژێک دێت ئەو بێ شەرەفەی کە کچەکەتی کوشت، سەر دەرەکاتەوە."


ده‌قی‌ نوسینه‌كه‌ی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌:


مارو پەیژە
دوابەدوای هەوڵ و کۆششی هێزە ئەمنیەکان کە بە پشتیوانی هاوڵاتیان و میدیاکارانی خەمخۆر، گومانلێکراوێک بە تاوانی کوشتن و توندو تیژی دژی ژنان دەستگیر دەکەین، بە بڕیارێکی دادگا دێینەوە سەر خاڵی سفر. 
ماوەیەکە لەسەر دیاردەکانی زیادبونی روداوی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان و کوشتنیان (بە دەست ئەو پیاوانەی وا دەزانن شەرەفیان بەزێندراوە، بەڵام ئەوان هەرگیز شەرەفیان نەبووە) لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەی و ناحکومیش کۆدەبمەوە. هەموو ئەوانەی لەگەڵیان دادەنیشم قسەی باش دەکەن، بەڵام هەموشیان دەڵێن: ئەم دیاردەیە بە قسە بنبڕ ناکرێت.
کرداریش بریتیە لە یاسا، رێنمایی، ئیجرائات، بەدواداچوون، هوشداریدان و کاری دەستەجەمعی بە گشتی، ئەمانە و چەندین ئالییەتی تر پێویستە وەک یەک تیپی ئۆرکێسترا کار بکەن، ئەگەر یەکێکیان رۆڵی خۆی نەگێڕێت پارچە میوزیکەکە دەشێوێت، ئەمە بۆ دەزگاکانی ‌حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تریش راستە، بەتایبەت لەبەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، یان دەبێت بەیەکەوە کار بکەن یان ئامانج ناپێکن. ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی ئەم ئۆرکێسترایە بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت، یان خەمسارد بێت، فەراغێک دروست دەبێت کە شکستمان پێ دەهێنێت.
زۆر توڕڕە بوم کە بیستم تۆمەتبارێک بە کوشتنی دوو کچەکەی بە هۆکارێکی لاوازو بە ناو نەبوونی بەڵگەی شایستە ئازاد کراوە. ئەمە چ پەیامێک ئەدات بەو بێ شەرەفانەی ژن دەکوژن؟ پێیان ئەڵێت: ئەگەر کچی خۆتت کوشت بڵێ من نەبوم، کورە بچووکەکەم بوو ، دوایی ئازاد ئەکرێت. تا ئەو کاتەش، کورەکەتت ناردوەتە ماڵە کۆنە جاشێک کە دور بێت لە دەستی هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت.
بەداخم کە تاکو ئێستاش هەندێک دادوەرمان خەمساردن لەمامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی توندوتیژی دژی ژنان. من پێتان دەڵێم: خۆ هەر رۆژێک دێت ئەو بێ شەرەفەی کە کچەکەتی کوشت، سەر دەرەکاتەوە.
روو دەکەمە بکوژەکان؛ دڵنیام خۆت وەک بە ناو باوکێک، هەموو شەوێک کە دەچیت بخەویت و دور کەوتیتەوە لە دیوەخانەکەت و دور کەوتیتەوە لەوانەی کە هانتان ئەدەن ئەم بێ شەرەفیە ئەنجام بدەن، مەجبور دەبی ئەو رۆژانەت بێتە بیر کە ئەو کچە نازدارانەت لە باوەش بوو و بە زەردەخەنەیەکیان لە خۆشیدا وات دەزانی هەموو دونیا هی خۆت بوو. دڵنیاشم دوا دیمەن کە دێتە بەرچاوت دەموچاوی خوێناوی ئەو جەرگانەت دەبێ کە لە ئەنجامی بێشەرەفی خۆتان یان کورەکانتان دەیانکوژن. ئەزانم کە تەنها دەبیت، ویژدانت پێت ئەڵیت کە؛ تۆ نە ئازایت، نە مەردیت، نە کەرامەتی خێزانی خۆتت پاراست، نەشەرەفی خێزانت پاراست (چونکە لە ئەساسدا بێ شەرەفیت)، دڵنیام خۆت بەو چاوە تەماشای خۆت دەکەیت کە خوای گەورە تەماشات دەکات، وەک بکوژێک، وەک موجرمێک، وەک بێشەرەفێک.
ئەم شەڕەی دەستمان بۆ بردوە وەک یاری مار و پەیژە وایە، کەی وا دەزانیت بە پەیژەیەک چەند هەنگاوێک سەرکەوتیت، مارێک ئەتهێنێتەوە خوارێ. بەس بزانن ها، هەر بەو پەیژانەدا سەر ئەکەوینەوە، ناهێڵین بکوژەکان بە ئازادی و بە ئیستراحەتی بێن و بڕۆن، هەرگیزیش ناهێڵم خەڵک لە بیری بچێت کە چەندە بێ شەرەفن. خوا وەکیلە؛ ئەگەر بە تاقی تەنهاش بم هەر بەدواتانەوە دەبم.

ناو
بۆچوون ...