ئەوساو ئێستاش باربوین بەسەر خەڵكەوە

ئەحمەد قەدەفەری
13-09-2022


بەهاری ساڵی 1980 مەفرەزەیەکی پێنج کەسی بوین، کاک بورهان مەستەکانی، تاهیر مۆریاسی، شەهید غه‌فور گەرمکی، شەهید سدیق حه‌سه‌ن ئاوایی، من لەشارەزورەوە بەرەو شارباژێڕ دەچوین، گەیشتینە دۆڵەکەی دۆڵە چەوتە، لەبەرئەوەی شەوەکەی نەخەوتبوین زۆر ماندوبوین خەومان لێکەوت تا نزیکی سەعات 10ی پێشنیوەڕۆ،
سەرکەوتین بۆ سەر هەوارەکانی سەربەڵخە، ژنێک نانی دەکرد، یەکێکی تریش مەشکەى دەژەند.

ئێمە زۆر برسیمان بوو، بەژنەکەمان وت نان‌و دۆیەکمان دەدەنێ؟
وتی: فەرمون دانیشن بەسەرچاو!
ژنەکە وایزانی ئێمە خەڵکێکی ئاساین، وایدانابوو ئێمە ئەوپەڕی یەکی نانێک یان دوان دەخۆین!
خێرا چای لێنا، چا حازربوو، ئێمەش دەستمان کرد بەنان‌و چاو ماست‌و دۆ خواردن، ژنە هەرنانی دەکردو ئێمەش هەر دەمانخوارد، من کەمترین نانم خوارد کە حەوت نان بوو!، ژنە بەردەوام نانی دەکردو ئێمەش بێوچان نەماندەهێشت بیخاتە تەشتەکە دەمانخوارد!، تا وایلێهات چۆڕمان لەمەشکە بڕی!

ژنەکە بەردەوامبوو لەنانکردن تەنها 10 بۆ 12 گونکی مابوو دەستی لەنانکردن هەڵگرت!، هاوڕێکانم وتیان تۆئەیانناسیت پێی بڵێ ئەو گونکانەشی کە ماون بیانکات بەنان با بیخۆین!، چومە لای ژنەکە، ژنە وتی: فەرموو ئەحمەد گیان دانیشە.

وتم: ئەگەر ئەکرێ ئەو دە دوانزە گونکەش بکە بەنان بایخۆین!
وتی: نایکەم، چونکە کەمێکی تر منداڵەکانیش لەدەشت‌و ئیشن‌و دێنەوە، دامناوە بۆئەوان، لەبەرئەوەی ناتوانم هەویری تر بشێلم!
زۆر هەوڵمدا بیکات بەنان‌و بیخۆین، بەڵام بێسود بوو!

تاهیر مۆریاسی وتی: من 19 نانم خوارد!!!
شوێنەکەمان بەجێهێشت ڕۆیشتین بەرەو ڕەزڵە وتیان بافریایی نانی نیوەڕۆیش  بکەوین!!!

ئەو سەردەمە ئێمە خەڵکی گوندەکانمان خستبۆوە ژێر ئەرکێکی قورس، نان‌و پێداوستیەکانمان لەلایەن خەڵکی گوندەکانەوە بۆ دابیندەکرا، من هەمیشە بەئاواتی ئەوەوە بوم ڕۆژێک لەڕۆژان شۆڕش سەرکەوتن‌و ڕزگاریی بەدەستبێهێنێت‌و قەرەبوی خەڵکی ماندونەناس بکەینەوە، بەڵام دوای سەرکەوتن‌و ڕزگارکردنی زۆربەی خاکی باشوری کوردستان‌و دامەزراندنی پەڕلەمان‌و حکومەت، نەک هەرنەمانتوانی قەرەبویان بکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەندەی تر ئەرکی سەرشانی هاوڵاتیانمان گرانترکردوە!!

ئەو سەردەمە خەڵک‌و پێشمەرگە خەونیان بەئازادی‌و سەربەخۆیی کوردەوە دەبینی، کەچی ئەمڕۆ بەداخەوە زۆرینەی هاوڵاتیان خۆشحاڵن دادگای فیدراڵی تا هەڵوەشانەوەى قەوارەی هەرێم فشارمان لێبکات!
 

ناو
بۆچوون ...