مەرجەع و ئادابی سوڵتانی

مەریوان وریا قانع
15-09-2022

 

🔹لەوەتەی سەرۆکی ھەرێمی جاران و سەرۆکی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی لەناو دەزگاکانی حوکمڕانیدا نەماوە و ”بارەگای بارزانی“ لە دەرەوەی دەزگا فەرمییەکانی دەسەڵاتدارێتیەکەی ھەرێمدا دروستکردوە، چەندانجار گوێمان لەو دەنگانە بووە کە داوادەکەن ئەم پیاوە ببکرێت بە ”مەرجەع“ و کورد ئەو ”مەرجەع“ەی پێویستە. لەمەشدا ئەو مۆدێلە دینییە شیعەیەیان لەبەرچاوە، کە لە ئێران و عێراقدا ھەیە و ئامادەیە. ھەرجارە و کەسێک ئەم بابەتە دەوروژێنێت و لە میدیاکاندا باسیدەکات.

🔹ئەوەی لە ئێستای وڵاتێکی وەک وڵاتی ئێمەدا پێویستە ڕووبدات گواستنەوەیە لە دەسەڵات و ”دەوڵەتی سوڵتانەوە“ وەک مەرجەع، بۆ دەسەڵات و ”سوڵتانی دەوڵەت“ خۆی وەک کۆمەڵێک دەزگا و یاسا و میکانیزمی ڕوون و شەفافی حوکمڕانییکردن. لەباتی ئەوەی خەریکی دروستکردنی مەرجەع و دەسەڵاتی شەخسیی بێلێپرسینەوە بین، وەک لە کۆمەڵێک وڵاتی ھەرە خراپی ناوچەکەدا دەیبینین، پێویستە لە خەمی کایەیەکی سیاسیی مۆدێرن و بیناکردنی دەوڵەتدا بین، وەک دەزگایەکی مۆدێرن.

🔹لە دونیای مۆدێرندا ئەم جۆەرە نەسیحەت و ئادابی سوڵتانییە سەردەمی بەسەردەچێت و کۆتاییانپێدێت. شتێک بەناوی مەرجەعی سیاسییەوە بوونی نامێنێت. حوکمڕانان لە دونیای ئەمڕۆدا ھەڵدەبژێردرێن. ماوەیەکی دیاریکراو حوکمدەکەن و دوای ئەوە دەڕۆن و وازدەھێنن. شتێک بەناوی مەرجەعی سیاسییەوە بوونی نامێنێت، خۆ ئەگەر ناچاریش وابکات دەستەواژەی مەرجەع بەکاربھێنرێت، ئەوکاتە تەنھا باس لە ”دەستور“ی وڵاتەکە دەکرێت وەک مەرجەع، مەرجەعی ھەمووھێز و کەس و ڕێکخراوێکان، نەک بوونی ئەم یان ئەو سیاسیی و پیاوی دین.

🔹ئەوەی کورد و میلەتانی تری ئەم ناوچەیە پێویستیان پێیەتی سوڵتانێکی بەھێز یان عاقڵ یان ناعاقڵ نییە، مەرجەع نییە لە مۆدێلە سیاسیی و دینییەکەیدا، حوکمڕانییەکیش نییە بە نەسیحەت کاربکات، بەڵکو دەوڵەتێکی مۆدێرنە کە تیایدا سێ مەسەلەی سەرەکیی کاردەكەن: یەکەمیان دەستەبەرکردنی ماف، دووھەمیان پاراستنی کەرامەت، سێھەمیان بوونی بەرپرسیاریەت.

ناو
بۆچوون ...