لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە.

سوبحی مەهدی
16-09-2022

 

یەکێک لە پایەکانی سیستمی دیموکراسی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتە، بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگات، پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ لای گەل وەک سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵات و ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنە.

بۆ ئەم مەبەستەش لەنمونە سەرکەوتووەکانی سیستمی دیموکراسیدا ، کاتێکی دیاریکراوی ساڵ و مانگ وڕۆژ هەیە، بۆ هەر خولێکی هەڵبژاردن جابۆ (سەرۆک بێت یان پەرلەمان یان ئەنجومەنە خۆجێییەکان)، ولەپێش تەواو کردنی خولی یاسایی بڕیاردراو ئامادەکاری بۆ دەکرێت و پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت.

پەرلەمانی کوردستان ، لە ٦ ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی ٢٠٢٢، چوارساڵی خولی ئاسایی تەواو دەکات وئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەوەی خولی نوێ نەکراوە، هەرچەندە سەرۆکایەتی هەرێم وادەی ١ی تشرینی یەکەمی دیاری کردبوو، بەڵام ڕوونە هیچ لایەک پابەند نەبوون بەو بەروارەوە، ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە هەڵبژاردن لەو کاتەدا ئەنجام نادرێت، ولەکۆتایی تەمەنی ئەم خولەدا هەرێم دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە، کە ئاماژەکان بۆ ئەوەن بۆ دەربازبوون لەو بۆشاییە ، هەردوو حزب لەڕێککەوتنی ژوورە تاریکەکاندا کاربۆ ئەوە دەکەن کە پەرلەمان بەئاراستەی درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی بەرن و بۆماوەی نێوان ٦ مانگ بۆ ساڵێک تا ناکۆکیەکان یەکلا دەکەنەوەو و دەگەنە رێککەوتن.

گرفتەکان چین؟

~~~~~~~~

گرفتی سەرەکی بیرکردنەوە نییە بۆ دۆزینەوەی یاسایەکی باشتر لە یاسای کارپێکراو، کە شکۆی هەرێم و هاوڵاتیانی بەرزبکاتەوە وژیان و گوزەران و ئارامیان بباتە ئاستێکی باش، بەڵکو کێشە لە بیرکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانە لەسەر دۆزینەوەی ڕێگاکانی گەیشتن بە کورسی و داهاتی حزبی زیاتر، وفراوانکردنی ناوچەی قەڵەمڕەوی و دەسکەوتی باشتر.کە ئەوەش گرێدراوە بە ناکۆکی دووبەرە لەسەر سیستمی (یەک بازنەیی) و (فرە بازنەیی کە لانی کەمی بە چوار بازنەیی) ئاماژەی بۆکراوە.کە هەر بەرەیەک بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی لەو شێوازەدا دەبینێتەوە کە داکۆکی لێدەکات، کە قوڵبوونەوەی کێشەکانیان گەیاندە ڕۆژانی کۆتایی ئەم خولە، لەکاتێکدا لە چوار ساڵی ڕابردوودا ماوەیەکی زۆری زەمەنی لەبەردەستدا بوو بۆ گفتوگۆو یەکلا کردنەوەی یاساکە.

جگە لەوە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەبری ئەوەی کۆمسیۆنێکی بێلایەن و پیشەیی بێت، بەپێی پشک پشکێنەی حزبایەتی دیاریکراوەو ماوەیاساییەکەی بەسەرچووەو ناکۆکی گەورەیان لەسەر نییە کە وەک خۆی بمێنێتەوە، لەکاتێکدا مەرجی پاکی و تەندروستی هەر هەڵبژاردنێکی دیموکراسی هەبوونی کۆمسیۆنیکی سەربەخۆ و پیشەییە.

لایەنێکی تری گرفتەکە پاکنەکردنەوەی لیستی دەنگدەرانە لە کۆچکردوان و ژمارەیەکی زۆری کوردانی پارچەکانی ترو ناوی دووبارەیە کە دڵنییایی ناداتە قەوارە بەشدار بووەکانی دەرەوەی دەسەڵات و مانەوەی بەو شێوەیەی ئێستا بواری ساختەکاری فراوانتر دەکات.

بابەتیکی تری گفتوگۆکان ،کۆتای پێکهاتەکانی (تورکمان) و (کلدان ئاشوری سریان) و (ئەرمەن)ە، کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە لە بەرژەوەندی پارتەکانی دەسەڵات شکاوەتەوە و بەهۆی نەبوونی سەرژمێری تەواو و جیانەکردنەوەی سندوق و بنکەی تایبەت، کاندیدای دڵخوازی پارتە دەسەڵاتدارەکان بەدەنگی تایبەتی (سەربازی و ناوچەو کۆمیتەکان )سەرخراون بۆ پەرلەمان ، و زۆربەی جاریش هاوسەنگی یاساو بریاریان بۆ بەرژەوەندی لایەنی پشتیوانیکەریان تێکداوە.

هەڵوێستی حزبی شیوعیی کوردستان:

~~~~~~~~~~~

+دواخستنی هەڵبژاردن، هیچ پاساوێکی یاسایی نەبوو، جگە لە ململانێی حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و بەدوایدا حوکمڕانییان و پاوانکردنی دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر کات و یاساو کۆمسیۆن بۆ دەستی مەکتەبی سیاسی وسەرکردەی حزبەکان، کەبەداخەوە بەوەش ڕۆڵی پەرلەمان لاواز و پەراوێز خراوکرا.

لەبەر ئەوە لایەنگری دیاریکردنی کاتێکی گونجاوین ، هاوشانی ئامادەکارییەکان بێت.

+ پێکهینانەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەسانی بێلایەن وشارەزا، وبەپێی پێشکەشکردنی داواکاری تاکەکەسی و لەسەر بنەمای (سی، ڤی) وخاڵ، و هەڵبژاردنیان لەلایەن لیژنەیەکی پەرلەمانی کەلە ئەندامی هەموو فراکسیۆنەکان پێک بێت.

+بە بیرورای ئێمە و لەئێستادا (یاسای هەڵبژاردنی یەک بازنەیی ڕێژەیی نیمچە کراوە)کە لە هەمواری(یاسای یەک بازنەیی رێژەیی داخراو) هاتۆتە بوون بۆ هەرێم لەبارە و بوار بۆ هەموو قەوارەکان دەرەخسێنێ، کە نوێنەرایەتیان لەهەموو هەرێم و بەدەنگی دەنگدەرانییان بۆ بێتەبوون، و گرفت لەم یاسایەدا نییە ئەگەر کۆسپەکانی بەردەم جێبەجێکردنی چارەسەر بکرێن. و ئەگەر یاسایەکی دیموکراسی ترو شیاوتر هەبێت ، کەزامنی دەنگی قەوارەکان بکات دژی نابین.

+بەو پێیەی کۆتا، بۆ مسۆگەرکردنی هەبوونی نوێنەرانی پێکهاتەکان بڕیاردراوە، پێویستە میکانیزمێک پێڕەو بکرێت کە زامنی نوێنەرایەتی هەڵبژێرراوی ئەو پێکهاتانە بکات، کە بریتیە (سەرژمێری وورد و تۆماری پوختی تایبەت بە دەنگدەرانی ئەو پێکهاتانە ،ودیاریکردنی ناوەندی تایبەت بۆ دەنگدان). ئەوکات ئەندامانی ئەو پێکهاتانە لەهەر حزبێکی سیاسی کوردستانی بن، مافیانە لە ململانێی نوێنەرایەتی بەشداربن.

ناو
بۆچوون ...