بەپێی دوایین ڕاپرسی: پاڵپشتی کوردانی باکور لەهەدەپە زیادیکردوە

هەواڵ
22-09-2022

 

شارپرێس

بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکی نوێ کە لەلایەن دامەزراوەی میترۆپۆل لەنێوان مانگی ئازار تاوەکو مانگی ئابی ئەمساڵ ئەنجامدراوە، پشتیوانی دەنگدەرانی کورد لەتورکیا لەهەردوو پارتی گەلی کۆماری بەرهەڵستکارو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار کەمیکردوە، لەبەرامبەردا دەنگی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە.


لەڕاپرسییەکەدا پرسیاری ئەوە لەبەشداربوان کراوە کە ئایا ئەگەرهات‌و هەڵبژاردن لەتورکیا بەڕێوەبچێت، ئەوە دەنگەکانیان بەکام لەپارتە سیاسییەکانی تورکیا دەدەن.

ئەنجامەکان دەریانخستوە کە لەسەدا 51.7ی دەنگدەرانی کورد دەنگیان بەپارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)داوە، لەکاتێکدا ئەم ڕێژەیە لەمانگی ئازاردا 35% بووە، هەروەک لەماوەی ئەو شەش مانگەدا ڕێژەی پاڵپشتی دەنگدەرانی کورد لەپارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لەلەسەدا 20.3وە بۆ لەسەدا 10.2 کەمیکردوە.

هەرچی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)یە لەنێو ئەو پارتە سیاسیانەدا بوە كە ڕێژەی پشتگیریی دەنگدەرانی كورد  بۆی كەمیكردوە، بەوپێیەی لەمانگی ئابدا ڕێژەی پشتیوانیی دەنگدەرانی كورد لەپارتەكە  بۆ 12.8% دابەزیوە، لەکاتێکدا لەمانگی ئازاردا 15.4% بووە.

هەروەک چۆن لەو ماوەیەدا پشتیوانی دەنگدەرانی کورد لە پارتی چاکەی تورکیا بەسەرۆکایەتیی میراڵ ئەکشناریش کەمیکردووە و لە لەسەدا 3.6 وە بۆ لەلەسەدا 2.6 کەمیکردووە.

ئەو ئەنجامانە دوای ئەوە هات کە هاوپەیمانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کە لەشەش پارتی ئۆپۆزیسیۆن پێکدێن، ڕێگەیان نەدا پارتی دیموکراتی گەلان بێتە ڕیزی هاوپەیمانێتییەکەیان و دووریانخستەوە، ئەمەش گومانی لای دەنگدەرانی کورد درووستکردووە بەوەی ئەو پارتانەش پشتیوانی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا ناکەن.

ناو
بۆچوون ...