كەناڵی روداو بڵاویكردەوە، لیستێك لە كۆنگرە بەناوی لیستی "سەرۆك بارزانی" دەبێت و هەركەسێك ناوی لە دەرەوەی لیستەكە بێت چانسی دەرچونی كەمە. دەشڵێت، نێچیرڤان بارزانی، پێشنیاری بۆ مەسعود بارزانی كردوە، ئەندامانی سیاسی نەخرێنە نێو كێبڕكێی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی و مەسعود بارزانیش پێشنیارەكەی پەسەندكردوە.
ئاوێنە: كەناڵی روداو، سەربە نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ هەینی، لە هەواڵێكدا رایگەیاندوە"نێچیرڤان بارزانی پێشنیاری بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی کردوە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی نەخرێنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی. سەرۆک بارزانیش پێشنیارەکەی پەسەندکردوە، بڕیار وایە کە سەرۆک بارزانیش پێشنیارەكە بخاتە بەردەم ئەندامانی کۆنگرە. بەمەش بە دەنگدانی راستەوخۆ دەبنەوە ئەندامی سەرکردایەتی."
مەکتەبی سیاسیی ئێستای پارتی لە 17 ئەندام پێکدێن، سێ لە ئەندامەکان (فەرەیدون جوانڕۆیی و رۆژ نوری شاوێس و رەمزی شەعبان) کۆچی دواییان کردوە، هەروەها هەر یەک لە کەریم شنگالی، عومەر عوسمان و یونس رۆژبەیانی بڕیاریان داوە خۆیان هەڵنەبژێرنەوە. بەو پێیەش بێت، بەر لە هەڵبژاردنی نهێنی کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت، 11 ئەندامی سەرکردایەتی دەستنیشان دەکرێن.
هەروەها ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی بڕیاریانداوە خۆیان بۆ سەرکردایەتی هەڵنەبژێرنەوە، لەوانەش قادر قادر، عەبدوڵا ئاگرین و نەزهەت حالی. هەروەها دو ئەندامی سەرکردایەتی کۆچی دواییان کردوە، ئەوانیش فەلەکەدین کاکەیی و محەممەد هەرکی، یەکێکیشیان وازی هێناوە کە ئەدهەم بارزانییە.
روداو ئاماژەی بەوەداوە كە "لیستێک لە کۆنگرە دەبێت بەناوی لیستی سەرۆک بارزانی، کە بەپێی پێویستی قۆناغەکە دەبێت، سەرۆک بارزانی پێشنیازی کردوە کە سەرکردایەتی پارتی لەو کەسانە بن، کە بۆ ئەو قۆناغە پێویستن، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ لیستەکە رابگەیێندرێت، هەر کەسێکیش ناوی لە دەرەوەی لیستەکە بێت چانسی دەرچونی کەمە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت هەندێک لەوانەی ناویان لە لیستەکەدا نییە، لە خۆكاندیدكردن بکشێنەوە."
لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا نەوزاد هادی، ئەندامی کۆنگرەی پارتی رایگەیاند، مەسعود بارزانی لیستێکی 130 کەسی ئامادە کردوە وەکو كاندیدی ئەندامانی سەرکردایەتی و پێشبینی كرد هەمو ئەندامانی کۆنگرە دەنگیان پێبدەن.