لە گوگوش تا تۆماج یەک ڕووداو دووئامانج

ریبوار عارف
18-11-2022

 

شانۆی ڕووداوەکانی ئێران ھەر ڕۆژەی داستان و داھێنانێکمان نیشان دەدات، دۆخەکە تەنیا لە فڕێدانی حیجاب و بە ئاسمانا بردنی مەندیلی مەلاکانا نەماوەتەوە، بەڵکو ھەر لە مشت خڕەوەکردنی منداڵانی قوتابخانە تا سەرپۆش فڕێدانی ئەو داپیرانەی کە لەبەر بالاچونی تەمەنیان توانای چونە دەرەوەیان نیە، بۆیە هەر لەشوێنی خۆیانەوە بە لابردنی سەرپۆشەکانیان و بڕینی دوو تاڵی قژیان ھاودڵی خۆیان بۆ خرۆشانەکانی شەقام دەردەبڕن. ھەربۆیە پشتگیری کردن و ھاتنەمەیدانی سەدان ھونەرمەندو وەرزشکارو نووسەرو مامۆستای زانکۆ و سینەماکارو گۆرانی بێژیش لە گۆڕەپانەکەدا دەبینینەوە کە چۆن پشتگری خۆیان بۆ ڕاپەڕین نیشان دەدەن. لەمبارەوە لیستی ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسایەتیانە دەبینین کە ھەندێکیان لە پاڵ شەپۆلەکانی ئەم خرۆشانەدا وێنە دەگرن و ھەندێکیشان خۆیان بەشێکن لە ئاگرو بڵێسەی ئەو شۆڕشەی کە بەڕێوەیە. ئێمە لەم ڕۆژانەدا بینەری ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسایەتیانەین، کە لێرەدا تەنیا چەند کەسێکیان ئاماژە پێدەکەین. سەرەتا بۆ خۆجیاکردنەوە لەو تێڕوانینەی کە پێوایە ھونەرمەەندی باشو سەرکەوتوو تەنیا کەسانێکن کە لەگەڵ شۆڕشدا ھەنگاو دەنێن دەبێت تۆی ھونەرمەند لە قۆناغ بە قۆناغی ڕووداو پێشڕەویەکاندا جێگەوڕێگەت دیارو دەرکەوتووبێت، من ھیچ بەھایەک بۆ ئەم تێڕوانین و چاوەڕوانیانە قایل نیم؛ چونکە دەکرێت ھونەرمەندی سەرکەوتوش بیتو ھیچ بەشداریو پشتگریەکیشت لەو شۆڕشە نەکردبێت، دواجار دەکرێ تۆی ھونەرمەند وەک دیوێکی کارە ھونەریەکەت چێژو شادیو دڵخۆشیەک بدەیت بە دەوروبەرەکەت کە ئیلزامەن بە فیلتەری ھیچ شۆڕش شۆرشگێریەتیەکدا تێپەڕنەبێت. بەڵام کاتێک کە ھونەرمەندێک جوڵەیەک دەکات و ئەوە نیشان دەدات کە پشتگری لەو خرۆشان و ڕاپەینە دەکات ئیتر باسەکە دێتەسەر ئامانجێک کە تۆی ھونەرمەند لەو پشتگیری کردنەدا نیشانی دەدەیت. باشترە لەمبارەوە سەرنجی یەک دوو نموونە بدەین. گوگوش یەکێک لەو گۆرانی بێژانەی حەفتاو ھەشتاکانە کە بە دەنگی خۆش و جوڵەی جوان و توانای ھونەری لە یادگەی زۆرێکماندا بەھێزو پڕە لە چێژوەرگرتنو ئێستەشی لەگەڵدابێت زۆرێکمان کە گوێبیستی گۆرانیەکانی دەبین باڵ دەگرینەوە بۆ ئەو رۆژانەی کە بەو بەرهەمە ئاشنابووین. بەڵام با بزانین کە گوگوش لەمدوایانەدا چۆن بۆ "پشتیری کردن" لەم ڕاپەینە دەرکەوت. یەکەم جار چەند ھەفتەیەک لەمەوبەربوو لە کاتێکدا لە بەرنامەیەکی تەلفزیۆنیدا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەکرێت لەپڕ گرتەیەکی مەھسا ئەمینی پیشان دەدەن کە گۆرانیەکی ئەو دەڵێتەوە، ئەویش وەک پەرچەکردارێک بە سەرسامیەوە دەڵێ من ئەمەم نەزایوە کە ئەم کچە جوانە مەھسا گۆرانیەکی من دەڵیتەوە، وای کەدڵم تەنگ بوو، هاوکات پەنجەکانی درێژدەکات بۆ سڕینەوەی فرمێسکەکانی. با لێرەدا لەوەیانگەڕێین کە ئایا گوگوش بۆ گیان لەدەستدانی مەھسا دەگری یان بۆ غوربەت و ئاوارەیی و دەورانی ڕەونەقی ھونەری خۆی. دواتر لەم ڕۆژانەدا کە ھێشتا شەقام جمەی دێتو لیستی ژمارەی قوربانیەکان لە ھەڵکشاندایە، گوگوش کۆنسێرتێک ڕێکدەخات و چەند گۆرانیەکی شادی خۆی دەڵێتەوە، کە سەرباری وتنەوەی یەک دوو شیعار، بەڵام دواتر خەڵکانێکی بەشداربوو بە دەنگی بەرز ھاوار دەکەن (بێشەرەف بێشەرەف(. لێرەدا ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە کە ئایا بەڕاستی ئەو دەنگ و تووڕەیە نەشازبوو یان گۆرانی کۆنسێرتەکەی گوگوش؟! ئەوەی جێگەی چاوەروانی هەر ئینسانێکە لەم دۆخە شۆڕشگێڕانەی کە کۆمەڵگای ئێران دەکوڵێت ھەموو وێنەکانی ژیانی ڕۆژانە لەوەدا دەبینرێتەوە کە چۆن ھەر جوڵەیەک بەدوای بەھێزکردنی شەقامەوەیە لەم قۆناغە ناجێگیرو پرتاوەدا. بۆیە دەبێت لەخۆمان بپرسین کە ئایا چ شتێک ئەوەندە ئاسایی بووتەوە لە ئێراندا کە تۆ قایشی لێبکەیتەوەو پاش ساڵەھا بێدەنگی لە ئەنجامدانی کۆنسێرت، ئایا لەئێستەدا چۆنە بەوشیوە دەردەکەویتەوە بەبێ ئەوەی ھیچ تێکستێکی گۆرانیەکانت یان تەنیا یەک بەرھەمیشیان پەیوەندیەکی ھەبێت بەم قۆناغە شۆڕشگێرانەی ئێستەی ئیرانەوە. کەتیدا تۆ گۆرانی ئاسای بۆ ئەم دۆخە نائاساییە دەڵیتەوە؟! ئایا ھەر بەڕاستی ئەمە بانگەوازی ئاسایی بونەوەی دۆخەکەو چونەماڵەوەو پشتسەرنانی ئەم قۆناغە شۆڕشگێرانەیە یان بەجۆرێکی تر بڵین بازاڕگەرمی و نمایشکردن و سوئیستفادە کردنە لەو دۆخەی کە ھەموو چاوەکان غەرقو ئاوێزانی ڕووداوەکانی ئێران بوون کە تۆ تیدا بە دوو جار وتنەوەی شیعارێک کەھێچ پەیوەندیەکی بە کۆنسێرتەکەی تۆوە نەبووە دەتەوێت ماسی لە ئاوی لیغندا بگرێت و لەم دنیا جەنجال و پڕ چاوەروانی قوربانیدانەدا بە گۆرانیەکانت سەرمەستمان بکەیت؟! بەڵێ هەندێک لەو هونەرمەندانەی کە لەم بارودۆخەدا کە کۆنسێرت دەگێرن، ئەگەر فەرزەکەمان ئەوەش نەبێت کە داھاتی ئەو کۆنسێرتەکە بۆ خێزانی قوبانیانی نێو خرۆشانەکان دەڕوات، ئەوا جێگەی خۆیەتی ئەو چاوەڕوانیە ھەبێت کە گۆڕانیەکان ئاوێزانی لێدانی ترپەی دڵی ئەو ڕاپەڕینە بن کە دنیای بەدوای خۆیدا پەلکیش کردوە. بۆیە کاتێک بەھیچ شێوەیەک ڕەنگوبۆیەکی ئەو بارودۆخە نابینینەوە ھاواری بێشەرەف بێشەرەف دەکەنە میداڵی گەردنی ئەم گۆرانی بێژەی کەبریا هەر بێدەنگ بوایە. رەنگە خراپ نەبێت نموونەیەکی تر نیشان بدەین، کە ئەویش سەبارەت بە دەرکەوتنەکەی ئەم دوایانەی (عەدنان کریم)ی ھونەرمەندە کە بەداخەوە بە ھەمان تونێلدا تێپەڕی؛ دیسان دەیڵێمەوە ھەموو توانا ھونەریەکانی عەدنان کریم لە شوێنی خۆی، بەڵام کاتێک کە بۆ پشتگیری کردن لەو ڕاپەینە بە خۆی و عودەکەیەوە لە ھۆڵێ ماڵەکەی خۆیدا بەپەلە بەرهەمێک هەڵدەپروسکێنت و تێکستکی٥٠ ساڵ لەمەوبەری ھێمنی شاعیر دێنێت و دەیکات بەبەری ئەم ڕووداوانەدا بە ھەمان شێوە جێگەی خۆیەتی کەبڵین شەڵا بێدەنگ بویتایە! ئاخەر تۆیەک کە لە زەمەنی کاری ھونەریدا لە ھیچ ڕووداوێکی شۆڕشگێرانەو نازەزایەتیەکی شەقام و کوشتاری خۆپیشاندەران و زیندان کردنیان سوکایەتی پێکردن بە مامۆستایان و ژنان و خۆپیشاندەران ڕاینەچڵەکاندبی و لە کونە دەرزیەکیشەوە پشتگیریەکت لەو خەڵکە نەکردبێت، دەتەوەوێت بەم بەرھەمە کار بەرێکەرەت چی بڵیت زیاتر لەوەی کە بتەوێت لە " کاروان جێنەمێنیت"، کە بەبڕوای من بەبێ ئەم کارەش ڕەنگە کەسێک گلەیەکی نەبوایە لەو گۆرانی بێژەی کە سی ساڵە ھیچی نەوتووە، بۆیە بریا هەر بێدەنگ بوویتایە. توماجی هونەرمەندی شۆرشگێر لە کوێ ئەم هاوکشیەدا وەستاوە! تۆماج سالحی گەنجێکی نارازی وشیار لەم سالانەی دوایدا بووەتە ئەو دەنگە دلێرو چاونەترسەی کە لەراستيدا تەنیا وەک هونەرمەندێکی دیاری دەرنەکەوتووە، بەڵکو بەکردەوە بووە یەکێک لە رابەرانی خرۆشانەکانی کۆمەڵگای ئێران کە لە دواین چاوپێکەوتنیدا دەڵێ ... بەڕۆشنی دەتوانین سەرکەوتنی خەڵک ببینین، ھەمیشە ھەروابووە، بەدرێژای مێژوو دکتاتۆر ھەرگیز نەیتوانیوە بۆ ھەمیشە بەردەوام بن، بەتایبەت لە وەھا بارودۆخێکدا ئەم گرتن و لێدانان و کوشتارانە فایدەی نیە، بارۆدۆخەکە لە بەرژەوەندی خەڵکدایە، ئازادی گرانە، بەڵێ باشە گرانە بەڵام ڕۆژی خۆی دەگات یەک بەیەکی تاوانباران دادگای بکرێن... سبەینێ خوێنکاران لەھەموو زانکۆکاندا بانگەواز دەکەن دێنە مەیدان، خوێنکاران رابەری ئەم جوڵانەوەن... دواجار دەڵێ ئێمە بۆئەوە نەھاتووینەتە دنیاوە کەبخۆێن و بخەوین تا ڕۆژی دواتر، ئێمە ھاتووینەتە دنیاوە بۆ ئەوەی لە ھەر فرسەتێک لەزەت ببەین دنیایەکی جوان بنیادبنێین ئارەزوی من ئەوەیە کە دنیایەکی چوان و شایستە بنێادبنێین... تۆماج لەکاتیکدا ئەم قسانە دەکات کە پێشتر سێ جار لەسەر بەرهەمەکانی گیراوە کە بەگشتی گۆرانیەکانی باس لە ھەژاری، بێکاری، لە ئازادی، لە ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێش، لەسەرکوتی سیاسی و لەستەم و نابەرابەری و چەوسانەوە دەکات... تۆماج جارێکی تر هێزە سەرکوتگەرەکانی حکومەتی جمهوری ئیسلامی دەستگیری دەکەنەوە کە تائیستە لە زیندانایە بەبێ ئەوەی هیچ زانیاریەک هەبێت لەسەر ژیانوچارەنووسی. هەڵبەتە تۆماج تەنیا راپەری دیارو شۆرشگیری ئەم رۆژانەی ئیران نیە، بەلکو لە راستیدا لە ئاستێکی تر( سامان یاسینی) کرماشانیش گەنجێکی تر لەو گۆرانی بێژانەیە کە لەسەر هونەرەکەی لەم رۆژانەدا دەستگیرکراو خرایە زیندانەوە. رۆژگارێک کە ئەم حکومەتە سەرکوتگەرە لەگۆڕنرا ئەوکاتە تواناو جێگەو ڕێگەی تۆماج و سامانەکان دەبینینەوەو لە حیکمەتی ئەو ڕاستیە حالی دەبین کە لە قۆناغی شۆرشگیرانەدا و لە هەناوی شۆرشدا چۆن یەک رۆژی ژیانی کۆمەلگا بە ئەندازەی یەک سالی لێوە فێردەبین و ئالوگۆر بەرهەم دێنێت... ئەگەر حکومەنی جمهوری ئیسلامی ئیران بەگۆر سپێردرا ئەوکانە ئەو ڕینێسانسە گەورەی کە لەناوچەکەدا دێتە مەیدان لە بواری هونەریشدا دەبینین کە چ ئالوگۆرێک ئەنجام دەدرێت و چۆن عەدنان کریم و گوگوشەکانیش خەلاقیەتیان شکۆفا دەکات، بۆیە جێگەی خۆیەتی هەموو ئەو هونەرمەندانەی کە لەبەرەی سکیۆریزمدا خۆیان دەبیننەوە بە تەواوی توانایانەوە پشگیری لەم خرۆشانانەی ئەمرۆ بکەن بێ هیچ چاوەروانی و پاداشتێک. بەلام دەبێت ئەوەش بڵێن کە تۆماجەکان تەنیا گۆرانی بێژو راپەرنین، ئەوان رابەرانی شۆڕشێکیشن کە ئێسقانیان لە نێو سەختەیەکانی ئەم رۆژانەدا هاراوە بۆیە پێویست دەکات یەک بەیەکمان لە نارەزایەتیەکاندا داکوکیان لێبکەین و وێنەکانیان بەرز راگرین، بەلی ئەلهەق ئەوان سەرمەشقی ئەو جیلەی کە ئەمرۆ بەدەستی خالیەوە سنگی خۆیان بە گولەوە دەنین، وەک ئەو گەنجە شکست نەخوادوانەی کە ژیان بە خەبات دەزانیت بۆ رزگاری و سەرفرازی کۆمەلگا !

 

ناو
بۆچوون ...