ئەمڕۆ یادی ژیانئاوایی گۆران ی شاعیرە

نەوزاد فەهد
18-11-2022

 

عەبدوڵڵا سلێمان ناسراو بە گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢) شاعیر و ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی کورد بوو. لە ھەڵەبجە لەدایکبووە و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگە سەرەتاییەکانی ئەو ناوچەیەدا مامۆستا بووە. پاشان چالاکیی سیاسی و ڕۆژنامەوانی دەست پێ دەکات و چەند جارێک دەخرێتە بەندیخانە. گرنگی گۆران لەوەدایە کە یەکەم ھۆزانڤانی نوێی کوردە کە شێوازی عەرووزی عەرەبی لە ھۆنراوەی کوردیدا لابردووە و بە شێوازی فولکلۆری کوردی ھۆنراوەی نووسیوە و کێشی پەنجەی خۆماڵی بەکارهێناوە.

لە سەرەتای ١٩٦٢دا دەردەکەوێ کە گەدەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە. نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی لە بەغدا بۆ دەکرێ بەڵام پاش ئەو نەشتەرگەرییە لە نیساندا ئەچێ بۆ مۆسکۆ و سێ مانگێک لە نەخۆشخانەی کرێملین و سەنەتۆری بەرڤیخە بەسەر دەبا و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ ئێراق. پاش گەڕانەوەی بە ماوەیەکی کەم نەخۆشییەکەی سەرھەڵدەداتەوە. لەبەر ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لەوێ لە جێدا ئەکەوێ. لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٢ ژیانی کۆتایی پێدێت.

بەرهەمەکانی:

بەھەشت و یادگار، بەغدا، ١٩٥٠

فرمێسک و ھونەر، بەغدا، ١٩٦٨

سروشت و دەروون، سلێمانی، ١٩٦٩

لاوک و پەیام، سلێمانی، ١٩٦٩

دیوانی گۆران، بەغدا، ١٩٨٠

نمونەیەک لەبەرهەمی شیعری گۆران کە هونەرمەند مەرزیەی فەریقی کردویە بەگۆرانی

لە دەریاوە قەتاری هەوری باڕشت کەوتە دووی پێشەنگ،

بەسەر سنگی چیادا چۆکی داداوە، کش و بێدەنگ

بە سەر پاییزی زەردا با بە خوڕ بگری، بە کوڵ بگری،

لەسەر ئاخر گەڵا، ئاخر چڵی تەنیایی گوڵ بگری!

بە خوڕ بگری، بە کوڵ بگری: بەسەر دەشت و دەری وشکا،

بەسەر داری گەڵازەردا، بەسەر پووشا، بەسەر دڕکا

بەسەر سەرچاوەیی کزرا، بەسەر زیخی چەمی دێما،

بەسەر هەر وشکییێکا وا لە هاوینی گەرم جێ ما...

بەڵێ بگری، بە کوڵ بگری، هەتا ئاخر دڵۆپ بگری،

بە گریەی هەوری پاییز با نوقوم بێ سینەیی کزری!

بەفر ئاسۆی بڵند بگرێتە چوارچێوەی بلوورینی،

لە چەم هەڵسێ خوڕە و هاژەی شەپۆلی ئاوی خوێنینی!

دڵۆپی سارد و فێنک با لەسەر دار و دەوەن بڕژێ،

پەپوولەی زەردی ئاڵتوونی لەسەر لق هەڵوەرێ، بپژێ

بەڵێ! بگری هەور، بارانی پاییز، بێ وچان بگری،

لەسەر باغچەی گوڵێ وا سیس ئەبێ ئاخر چڵی عومری!

بگرمێنێ، تەپ و نم دابکا، بیکاتە شەست، هەرگیز،

نەوەستێ قوڵپی گریانی، نەوەستێ هەورەکەی پاییز؛

تەبیعەت زەرد و ژاکاوە، لە حاڵی گیان کەنشتایە،

نیشانەی ماتەمی پاییز لە فرمێسکی درشتایە!

سەرچاوە : ویکیپیدیا

Kan være et billede af 1 person

 

ناو
بۆچوون ...