تورکیا ئێران وەک دوو کەڵەگا و بەڵا بە نۆرە کورد رەشەکوژ دەکەن،

هەندرێن
21-11-2022

 

ئاسانە بزانین کە هەردوو دوژمن پاساویان هەبوونی هێزەکانی رۆژهەڵات و باکوورە لە کوردستاندا، لێ هۆکاری سەرەکی بەردەوام قڕکردنی کوردە بە گشتیی، چونکە هەردوو رژێم بوونی کورد بە بەڵا و شووم دەزانن، بۆیە بڕوایان وایە تا کورد نەسڕنەوە خۆیان ئازاد نابن.

لە ئاستی کورد خۆیدا تا ئەوها لە هەوڵی خۆ بە ئاشتیخواز و بێ وەی و نەرمی نواندن چاوەڕوانی بەزەیی پێداهاتنەوە و سەودای بەرژەوەندیی تایبەتی هێزەکانی خۆی بێت، بوونی بە قەدەری ئەو تاڵانکاریی و نیگەرانیی و قڕکرندن ئالوودە دەبێت.

ئەگەرچی خەڵک لە رۆژهەڵات جەربەزانە خەو و خەونی ئێرانی زڕاندووە، لێ پێویستە کۆی هێزە کوردییەکانی هەرسێ بەشی کوردستان و دەستەڵاتداران و خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئیرادەی نیشتمانیی هەبێت، چیتر بەو سەرکزییە رەفتار لەگەل ئەو دوو دوژمنە نەکەن، بەڵکە بوێرانە بەرتەکی ئەو کەڵەگاییانە بدەنەوە.

هەرچەندە ئەو کەڵەگاییانەی تورکیا و ئیرانیش بە ئاگاداریی یان گەمەی بەرژەوەندی ئەمەریکا و ئەوروپا ئەنجامدەدرێن، لێ ئەگەر ئیرادەی سیاسیی و ئاکاریی نیشتمانیمان هەبێت، دەبێ واز لەو چەقینە لە کوردبوونە پاشکۆیی و پەرێشان وتێهەڵدراو بهێنین.

ئێران لەوێ لە داخی خەوزڕانی خۆیەوە لێرە وێڕای پاڕانەوە، خەوی زڕاندووین. تورکیایش بە دەست گرێی بوونی دەستەڵاداربوونی کورد لە رۆژئاڤا و بزاڤی باکوور، هاربووە و رۆژانە بە فڕۆکە و هەڕەشە بەردەوامەکانی ژیانی ئێرەی تاڵ کردووە .

بۆیە بە لای کەمییەوە ئەگەر کورد لێرە زیندوو بێت، دەتوانێت بە رێگەی قانوونی و بە ناچارکردنی ئەو هەموو کۆنوسولانەی وڵاتان کە لە هەولێر هەن، هەڵوێست بە دژی ئەو کەڵەگاییانەی ئێران و تورکیا بنوێنن.

ئەو دۆخە لە حەژمەتەی کە ئەو دوو دوژمنە بێشەرمانە تووشی کوردییان کردووە، پێویستی بە کردەی بەرەنگارییە نەک و تیۆریی، تیۆری دوای کردە بۆ داهاتووی ئامانجی ئەو کردەیە پێویستە.

لە کۆتادا، سەرباری ئەو هەموو ژانە، ژانی بەناو مێدیا و سایتە سەیرەکانی کوردییە، بێ شەرمانە سەرمەستن بە نیشاندان و گواستنەوە نەزانانەی دیمەنی ئازار و وێرانکاریی بۆردومان و زیانەکان.

 

ناو
بۆچوون ...