ئاخر چۆن بێدەنگ بم؟

گۆران هەڵەبجەیی
22-11-2022

 

بەڕێزێکی نزیکم پەیوەندی کرد پێمەوە،داوای کرد کە بەپۆستەکانم چیتر هێرش نەکەمە سەر ئیسلام و مسوڵمانان.

ڕوونم کردوە کەمن نەهێرش نەسوکایەتیم بەئیسلام و مسوڵمانان نەکردوە ،بەڵکو  ڕەخنەم گرتوە یاخود هەندێک لە حەقائیقم خستوەتە ڕوو کە سەرچاوەکان  بەرهەمی ئەقڵ و بۆچوون و ئیجتهادی خودی خۆیانن کە لەبەرگی شەرع و حەڵاڵدا  ڕەواج و ڕەوایەتی پێدەدەن.

گووتم چۆن بڕوابهێنم بەوەی کە ئاینێک بەر لە پتر لە[١٤٠٠]ساڵ پەیدابووە ،هیچ کەلێن وکەمووکووڕی  تێدانەبێت ، هاوکات بۆهەموو زەمان و مەکانێک دەستبدات و وەڵامی بۆ هەموو پرسیارەکان پێبێت؟

چ کایەو بوارێک هەیە بەرهەمی ئەقڵی مرۆڤ بێت و لەڕەخنە بەدەربێت؟ کنەوپشکنین و ڕەخنە بەشێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت.

بەهەرحاڵ بەڵێنم بەو ئازیزەم دا کە ڕەخنەکانم کەم بکەمەوە،گووتم تەنها لە حاڵەتێکدا دێمە دەنگ کە بابەتێک فەتوایەک وێنەیەک ،زۆر بمبزوێنێت  و نەتوانم لەئاستیدا بێدەنگ بم .

 

دوو وێنەی ناخ هەژێن

هەر پاش ئەو گفتووگۆیە بەیەکدووڕۆژ لە فەیسبووک دوو وێنەم بەرچاوکەوت کە بەڕاستی تاساندمی و نەمتوانی بێدەنگی هەڵبژێرم.

وێنەیەکیان  هی دوو منداڵی نەگبەتی هەژار و چڵکنە کە پێدەچێت خەڵکی پاکستان یا ئەفغانستان بن. بەمەبەستی قورئان فێرکردن دوو بەردی گەورە خراوەتە سەرملیان ،ئەمەش وەک سزاو ئەشکەنجە تا وەک فشارێک  قورئانەکە بەباشی بخوێنن.

ئاخر ئەوانە چۆن دەتوانن فکریان لای قورئان بێت دەمێک دووقورسایی لەسەرملیان بێت و بەردەوام ئازاریان بدات؟ئەمە چ ئەخلاق و وێژدانێکە بەوجۆرە نائینسانیە ئەشکەنجەی منداڵ دەدەن.

منداڵێک بەوجۆرە فێربکرێت بەدووری نازانم کە لەئایندەدا ڕقی لەهەمووشتێک ببێتەوە کە پەیوەستن بە ئیسلامەوە.

ئاخر ئەوان لەو تەمەنەدا هیچ لە ئاین ،نوێژ و ڕۆژوو  ،قورئان،مردن و زیندووبوونەوە  بەشت و دۆزەخ نازانن و مێشکیان تەقەی دێت و  تێناگەن بۆ بەجۆرە وەحشیانە سزایان دەدەن.

دەبێ بزانن پرۆسەی فێرکردن ،ئیدی هەرجۆرە فێرکردنێک بێت پێویستی بە کەشێکی ئارام و سکێکی تێرو فێرکەرێکی میهرەبان هەیە ،نەک ئەم جۆرەی نامرۆڤانەی لەوێنەکەدا هەیە.

 

وێنەی دووەم سەبارەت بە منداڵێکی شیرەخۆرە کە دایکی لەگەڵ خۆی هێناویەتی بۆ شوێنێک کە پێدەێت سەرقاڵی تاقیکردنەوەی ئاینی بێت.

هیچ قسەم لەسەر دایکی نیە چۆن خۆی دەپێچێتەوە  پلەی ئیلتیزامی ئاینی چەندە ،ئەوە خۆی ئازادە تا ئەو ڕادەی نەبێتە مەترسی و ئاستەنگی بۆکەسانی تر،قسەی من لەسەر ئەو شیرەخۆرەیە کە لەبەردمی دایکیدا دانیشتوەو مەمکەمژەی لەدەمدایە.

دایکە بێ ویژدانەکە کۆپیەکی خۆی بەبچوکی داوە بەمنداڵەکەی بەوەی ئەویشی هەڵکێشاوە لە ڕەنگی ڕەش.

هێندەی بزانم شاردنەوەی قژی مێینە بۆئەوەیە تا نێرینە تووشی [نەزەر] نەبێت،کەواتە  بەو پێیەبێت قژی دەرکەوتوو هەوەسی جنسی پیاو هەڵدەستێنێت،هەربۆیەش ئەوەی پێویستە [بەپێی شەرع] خۆی بپێچێتەوە ئەو کیژانەن کە جێگەی سەرنجی پیاوانن و بەلای کەمەوە لەسەرووی {١٤} ساڵیەوەن. بۆیە دەپرسم مەبەستی ئەودایکە لە پێچانەوەی ئەو منداڵە چیە؟گەر دەیەوێت لەچاوی شەهوەتبازان بیپارێزێت و تووشی [گوناه] نەبێت ،ئەوە جارێ لەوتەمەنەدانیەو هێشتا مەمکەمژەی لەدەمدایە،خۆگەر دەخوازێت بەوە نیشانی بدات کە ئیماندارێکی ملتەزمی زۆر جددیە و دەیەوێت لەئێستاوە ئەو شیرەخۆرەش بە خۆپێچانەوە ڕابهێنێت ،ئەوە زۆر زۆر بەهەڵەدا چووە.

تەفکیرو مەبەستی ئەم ژنە لەوکارەیدا هەرچی بێت بەدڵنیاییەوە کارێکی ناڕەوا و نائینسانی و بێ ویژدانیە بەرامبەر بەو منداڵە کردویەتی،زیادەڕۆییەکی بێ مانایە لەئیمانداریدا،غەدرێکی گەورەیە لەو منداڵەدەکات و ژیانی منداڵی دەشێوێنێت.

منداڵێک کەهێشتا زمانی نەگرتوە ،پێی نەگرتوە،ئاوەزی سفرە ،هیچ لە ژیان و دەورووبەر تێناگات ،ئیدی بەچ ویژدانێک ئەو دایکە نابەرپرسە دەتەوێت هەرلەئێستاوە بیخاتە نێو  [جیهانێکەوە ] کە هیچ  بڕیار و ئارەزو ویستی خۆی تێدا نیە .

واز لەمنداڵەکان بهێنن با ممارەسەی ژیانی منداڵی خۆیان بکەن و قۆناغی منداڵیان مەشێوێنن ،کە گەورەبوون با خۆیان بڕیاربدەن چ جۆرە ئاین و مەزهەب و ئایدۆلۆژیایەک هەڵدەبژێرن.

سەیرە زۆریش سەیرە ،زۆربەی هەرە زۆری مەلاو بانگخواز و کەسەدیارە ئیماندارەکان قسەیان لەهەمووشتێکدا هەیە کە پەیوەندی بەوانەوە نیە،کەچی لەئاستی ئەم کارە ناڕەوایەدا دەرهەق بەمنداڵ بێدەنگن،بەمەرجێک خۆیان باش دەزانن کە ئەوکارانە بەپێی شەرع لەگەڵ یاسای تەمەنی سەرپۆشکردندا یەک ناگرێتەوە.

 

 

 

 

ناو
بۆچوون ...