من هەمیشە نامەوێ بزانم، هەرگیز نامەوێ
لەو ژانە بزانم کە لە جەستەمدا دەژیێ
نەخێر، نا، خود لەم زمانەدا، زارە،
نا، نەخێر خۆت بۆ ئەو ژانە بێبەهایانە مەچەمێنەوە
لێرە هاوین گەرمی لە زەوییەوە لێ هەڵدەقووڵێ ئاسمانیش لەناو غووبار غلۆر دەبێتەوە و ڕووباری ئەم دۆڵە لەشکری خاشاک بەدوای خۆیەوە بەرەو بازاڕ دەگوازێتەوە.
زەبروزەنگ مژدەی ڕۆژانەی ئێرەیە.
تاڵانکردنێکی بێدەنگ، بێدەنگییەکی تاڵانکار زمانم تاڵ دەکا.
زارەکان پڕن لە پێکەنین، دزەکان لە تەنیشت پاکەتفرۆش و کارتفرۆشەکان
لەسەر شۆستەکان درۆ دەفرۆشن
دز دەبێتە بەها، درۆ بەها دەسازێنێ.
هەروا ڕشانەوە بە جەستەمەوە دەچۆڕێتەوە،
کەس ئاوڕی بێزاری ناداتەوە، لە بێزراوی ئەوان بزر بە.
هیچ نەما نەڵێ، من. هیچ نەما نەیەتە ناو هەناومەوە.
کۆیلەییی کۆیلەکان کول بوو.
کۆیلەی پارە، کۆیلەی زێڕ، کۆیلەی بازاڕی هەرزانی سەرمایەدارەکان.
هەمڕۆ لە هەموو مێژوو زیاتر کۆیلەدارەکان کرداری زمانن.
هاروەک ئەوەی لە عەدەم هاتن بخوازیی. وەک ئەوەی لە دۆڵی خۆت جێنشین بیت.
نازانم نا، سزادانم بە سزا لەدایکبوون..../