نۆستالگیا
ڕەوڕەوەی تەمەن،
بە دڕوەلانی دۆڵی زەمەندا،
لێرەی داناوم...
پشت: نیمچەچەماو،
ڕەوت: چەوت و شێواو،
"ئەمسەر ئەوسەرەن دووربینەکەی چاو"،
تۆ لە یادگەمدا هەر وەکوو جاران،
هەر شۆخوشەنگ و
شاجوانی دڵ و
شازادەی شار و
چلچرای دیوان!
تۆ هێشتا لەسەر سەکۆی بەردەرگا و
شۆستەکەی کۆڵان،
سینییەک نازت لە کۆشت ناوە و
پیاڵەی خەندەیە کێشانە و پێوان!
درزی کراس و سینەی بێسوخمە،
چەخماخەن بۆ دڵ،
سۆمان بۆ چاوان!
تەمەن هێشتاکو بە دڕکی زەمەن،
دەرزیاژنی نەکردووە یادگە،
هێشتا یادگاریم تیشک دەهاوێ،
بۆ دەستلەملانی ژێر داری ژوانگە!
نازانم لەکوێیت،
ئێستاکە تەمەن بەکوێی گەیاندوویت؟
من لەنێوانی پەڕەی یادگەمدا،
تەمەن و زەمەن سفر دەبنەوە و
هەمیشە باسکم لە مل ئاڵاندوویت!
ئەی جانی جانان،
تۆش لێم ببوورە،
بۆ ئەوەی تابلۆی خەیاڵ نەشێوێ،
زەنگێک لێ نادەم،
نایێم،
دەزانم ناتبینم لەوێ!
پشکۆ نەجمەدین