هایکۆکانی شەڕ
تابلۆ : د. ڕێبوار سەعید
1
گوڵاڵەسوورەکانی شێلا
پێچکەی دڵڕەقی؛
هەمەرەکان.
2
نازانم چۆن، لەو پەڕەسێلکەیە بگەیەنم
کەدەستی پێکردەوە؛
- شەڕ
3
گوڵێک بە سەرسینگی چڵێک گیاوە
لافیتەیەکی ڕەشی هەڵواسی؛
-پەپوولە مرد
4
شەڕ،
بووکەشووشەکانی خڕکردەوەو
فڕێیدایە زبڵدانەکەوە
5
تەنیا پێڵاوێکی خوێناوی و
وێنەی بێوەژنێک؛
-سەنگەر.
6
نانەوا فڕنەکەی گەرم نەکرد.
بازار چۆڵ.
لەدوورەوە قرمەقرمی فیشەک
7
کتێبەکانی فرۆشت،
دای بە ڕستێک گوللە؛
-چیڕۆکنووسەکە
8
کۆترەبازەکان٫
گوڵفرۆشەکان٫
بوونەوە بەشیرگەر.
9
لەبەردەم شوێنکاری لافیتەنووسدا،
ڕیزیان بەستووە؛
-ڕیشۆڵە بێوەژنەکان.
10
لەگیرفانیدا
تاهەنووکەش لێدەدا؛
-زەنگی مبایلی شەهید
11
وەک هەموو بەیانییەک
گوڵ پێکەنی، پەپوولە سەمای کرد؛
بێئاگا لە کوشتنی باخەوان.
----------------
سەرچاوە :کتێبی هایکۆکانی قوباد: چاپخانەی تاران/2017