مەراسیمێک بۆ ساڵیادی قاسملوو ڕێکخرا

کارزان حمید /ریگای کوردستان
25-02-2020

 

کارزان حەمید – پاریس

بە بەشداری سەدان کەسایەتى کورد و کەسایەتییە باڵاکانى فەرەنسا و وڵاتانى بیانی، ئەنستیتوتی کورد لە پاریس لەنێو هۆڵی ئەنجوومەنى پیرانى فەرەنسا (سینات)، مەراسێمکی فراوانى بۆ یادکردنەوەى عەبدولڕەحمان قاسملوو ڕێبەرى پێشووترى حزبی دیموکراتى کوردستان کە ساڵى ١٩٨٨ لەلایەن ڕژێمى ئێرانەوە لە ڤەیینا تیرۆر کرا، سازکرد.

لەو مەراسیمە کە بەشێوەی سێ چوار پانێڵی جیاواز بەڕێوەچوو، زۆربەى بەشداربووان باسیان لە پەیوەندییە تایبەتییەکان و کارە سیاسییەکانى ئەو سەرکردەیەی کوردە کرد.

ئیبراهیم سۆفی ناسراو بە (هاوڕێ ئەبو تارا)، ئەندامى کۆمیتەى ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانى ئەو مەراسیمە و بەشێک لە پانێلەکانیش بەشداربوو ڕای گەیاند؛ "ئەو کارە گرنگەی کە لەو کۆبوونەوەیە ئەنجامدراوە، فرە کەسایەتی و فرە حزبیی لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و، خەڵکانى دیکەى بەخۆیەوە بینیوە".

ئەبو تارا بە (ڕێگاى کوردستان)ى گوت؛ "ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر ئەوە بانگەواز کرابوو، قسە لەسەر کەسایەتى و ڕۆڵى دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری حزبی دیموکراتى کوردستانی شەهیدکراو بکەین، لەهەمان کاتیشدا گفتوگۆ لەسەر ڕۆڵى لەنێو بزووتنەوەى ڕزگاریخوازی لەنێو میللەتەکەى".

باسى لەوەش کرد؛ "ئەو گفتوگۆییانەى لەنێو ئەنجوومەنى سینات کراون، لەسەر زمانى حزبی دیموکراتى نا، بەڵکو لەسەر هەڵسەنگاندنى هەموو حزب و لایەنەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بووە".

ئەندامەکەى کۆمیتەى ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، هاوکات یەکێک بووە لەکەسە نزیکەکانى قاسملوو و، لەساڵانى حەفتایەکانیش ڕۆڵێکى بەرچاوی هەبووە لەپێشخستنى کارى ڕێکخراوەیی حزبی دیموکراتى کوردستان لەسەردەمى سەرکردە تیرۆرکراوەکەى.

هاوکات کەنداڵ نەزان سەرۆکى ئەنستیتوتی کورد لەپاریس و ڕێکخەرى ئەو مەراسیمە لەیەکێک لەپانێلەکاندا جەختى لەوە کردۆتەوە "ئەوان لەدواى ئەم مەراسیمە کار لەسەر کۆکردنەوەى سەرجەم بەڵگەنامە و دیکۆمێنتەکانى دەربارەى قاسملوو دەکەن و، لەدوایینشدا لەچوارچێوەى کتێبێکى دیکۆمێنتاری بەزمانەکانى فەرەنسى و ئینگلیزی چاپ دەکرێن".

ئەبو تارا کە ئەو سەردەمەى چالاکییەکانى لەنێو حزبی دیموکراتى کوردستان لەژێر ناوی (مەلا محەمەدى جوانڕۆیی) بووە، دەڵێت "ئەوەى گرنگ بوو بەلای منەوە کۆى دەنگی ئەو حزب و کەسایەتییانەش کە لە هەندێک قۆناغیشدا دژی بۆچوون و سیاسەتەکانى قاسملوو بوون لە ڕۆژهەڵاتدا، جۆرە کۆدەنگییەک لەوێ هەبوون کە کەسایەتی عەبدولڕەحمان قاسملوو، بەپێی چالاکیی گەنجێتى و هەڵکەوتەى بنەماڵەیی، کادیرێکى لێهاتوو و زیرەک و سەرکەوتووە و چەندین نووسینى لەسەر مێژووى کوردیش هەبووە".

عەبدولڕەحمان قاسملوو (١٩٣٠ لەورمێ) لەدایک بووە و لە ساڵانى حەفتایەکان سەرۆکایەتى حزبی دیموکرات وەردەگرێت و، بەگوتەى یەکێک لەسەرکردەکانى ئەو حزبە "ئەگەر قازی محەمەد دامەزرێنەرى حزبی دیموکرات بێت، ئەوا قاسملوو زیندووکەرەوەى حزبی دیموکرات بووە"، بەهۆى چالاکییە فراوان و کاریگەرییەکانى، ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی ئێران بە بیانووى دانووستاندن لە ڤەیینای پایتەختى نەمسا لە ڕۆژى ١٣ی تەمموزی ١٩٨٩ تیرۆری دەکات و، کاردانەوەیەکى نێودەوڵەتى فراوان بەدواى خۆیدا دروست دەکات و، حکوومەتى فەرەنسا ڕەخنەیەکى تووند لەهاوتا نەمساوییەکەى دەگرێت.

لەدواى تیرۆرکردنى قاسملوو بە مەراسیمێکى شایستە و گەورە بەرەو پاریس دەگەڕێنرێتەوە و، لە گۆڕستانى پیر لاشیز، بەخاک دەسپێدرێت.

 

 

ناو
بۆچوون ...