من لە جوملەی ئەو عاشقانە بووم
کە خوێنم سەد ڕەنگی ئەگرت
ھەناسەم بۆ سەد کێو ئەنارد
دڵم بۆ یەک ملیۆن شیعر لێی ئەدا
لەوانە بووم نوقڵی خۆشەویستیان وەک شەوی بەرات ئەبەخشیەوە
لە جوملەی ئەوانە بووم کە ڕەنگی مرواریان ئەبەخشییە جۆگەلەکان
ژوانی شەویان لەسەر حەسیری پوش بوو ڕەیحانەیان ئەبەخشییە
گەردنی پیریی نەرگزیان ئەدایە دەستی کرێکارە ماندووەکان
خەمیان خەمی پایزانە بوو زەرد بونی دڵی خۆشیان وەک تابلۆ وێنا ئەکرد
بەڵێ من لە جوملەی ئەو عاشقانە بووم کە مەیلیان بە بەفر ھەبوو
ماچیان ئەدا بە ھەتاو دڵداریان لەگەڵ ئەستێرە ئەکرد
عەجەب ئێستا ئەم دڵەم بۆتە ڕەفیقی پەژارەیی و سینەم تەنراوە بە خەم
ئێستا مانم لە ھەنگاوەکانم گرتووە و سێبەری ھیچ پەپولەیەک نادا بەلاما.