ئەم ساڵ، ٢٠٢٢ فەڕەنسا ئاهەنگی ٤٠٠ ساڵ بەسەر له‌دایكبوونی مۆلییردا دەگێڕن؛ ئه‌و شانۆنامه‌نووسه‌ی تا ئێستایش دەقەکانی ڕەنگدانەوەی دەسەڵات و کێشمەکێشی دەسەڵاتدارانە. مۆلییر بە زمانێکی توانجئامێز، وێنای واقیعی سیاسی دوێنێ و ئەمڕۆی دەسەڵات دەکات. کە مۆلییر لە ساڵی ١٦٥٨دا گرینگ‌ترین دەقە شانۆییەکانی دەنووسێت، پێگەی شانۆ لە پاریس لە ئاستێکی بەرزدا دەبێت. پادشای فەڕەنسا "لودڤیکی سیانزە" و وەزیرەکانی بایەخێکی زۆر بە شانۆ دەدەن، هەر ئەم دەسەڵاتە لە ساڵی ١٦٣٠دا ڕێگا بە دروستکردنی یەکەم گروپی شانۆیی تایبەت بە پاریس دەدەن، ئەمە جگە لەوەی کۆشکی پادشا گروپی شانۆیی تایبەت بەخۆی هەبووە. هەر ئەم نه‌ریته کوولتورییە گەشەکردووەی فەڕەنسا، ڕێگا بۆ بە نووسەرە گەورەکانی تر، بە تایبەتیش کۆرنی و راسین، کە بە ڕێبەری کلاسیکی نوێ لە مێژووی درامای جیهانیدا هەژمار ده‌کرێن، خۆش کردووە و ده‌قه شانۆییه‌کانیان بێ سانسۆر ده‌نووسن. لەم کاتانەدا کۆمیدیا له ئاستێکی به‌رزدا نه‌بووه تا مۆلییر، که له‌ژێر کاریگه‌رێتی کۆمیدیای یۆنانی و دیلارتیدا بووە، دێت و کۆمیدیا ده‌گه‌ینێته ئاستێکی به‌رز. مۆلییر دەقەکانی بە زمانێک دەنووسێت؛ لەنێوان زمانی شیعریی و زمانی ئاسایی و زمانێکی ئەدەبی بەرزدا، کە تەواو زمانی فەرەنسی دەوڵەمەند دەکات، بە چەشنێک دەگوترێت "زمانی مۆلییر". یەکێک لە ئاماژە گرینگەکانی ئەم زمانە مۆلییرییە، ئەوەیە، کە مۆلییر له ڕێگه‌ی زمانی کاره‌کته‌ره‌کاینه‌وه، پێگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان ده‌ستنیشان ده‌کات. زمان کەرەستەیەکی دەوڵەمەند و گرینگی مۆلییرە، هەندێك جار دەستەواژەی هەڵە، بە کارهێنانی زمانێکی کۆن و گران، یان تێنەگەیشتن لەو زمانەی کارەکتەرەکە بەکاری دەهێنێت، ڕەوشە کۆمیدیاکەی خوڵقاندوە. لەم ڕووەوە کارەکتەرەکە دەیەوێت بە شێوەیەک خۆی دەربخات، کە دوورونزیك له که‌سایه‌تییه ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆی ناچێت. ئەمەیش دەبێتە ڕەوشێکی کۆمیدی و پێکەنیناوی. کاره‌کته‌ری کاڵفام و چاوله‌ده‌سه‌ڵات دوو جۆره کاره‌کتەری ترن لای مۆلییر، کە لە ڕێگای بەکارهێنانێکی تایبەتی زمانەوە بەرجەستەی کردوون. زمانی ئه‌و جۆره که‌سانه ئه‌و زمانه نییه، که له ژیانی ڕاسته‌قینه‌دا به‌کاری دێنن، به‌ڵکوو زمانێکه خۆشیان لێی تێناگه‌ن و دواجار په‌رده له‌سه‌ر پێگه و که‌سایه‌تییه ڕاسته‌قینه‌که‌شیان هه‌ڵده‌ماڵێت. یەکێك لەو کارەکتەرانەی تر مۆلییر کاری لەسەر کردووە، (باوك)ە، ئەو باوکەی دەیەوێت وا خۆی پیشان بدات دەسەڵاتی خێزانەکەیەتی و هەمیشە تووشی نووشوستی دەبێت. کارەکتەری باوك بۆ مۆلییر هه‌مان وێنه‌ی ئه‌و پاشایه‌یه، که، گووایه، ده‌سه‌ڵاتی له خواوه وه‌رگرتووه، واته، نوێنه‌ری خوان له‌سه‌ر زەوی. لێره‌دا، باوکیش، که هه‌مان وێنه‌ی پاشای پێ ده‌درێت لای مۆلییر، وه‌کوو پاشا، ده‌بێته نوێنه‌ری خوا.
پێگه‌ی مۆلییر به‌رده‌وام لەنێو شانۆ و ئەدەبی فەڕەنسیدا، لە ئاستێکی بەرزدایە و تا ئێستایش بەشێکە لەو ڕەخنە بەهێزەی دژی دەسەڵات و کلێساکان بووە، یان بۆ دەسەڵات کاری کردووە. مۆلییر چەندە هێرشی کردبێتە سەر دەسەڵات، بەڵام هەمیشەیش ستایشی دەسەڵاتی پادشای کردووە. مۆلییر ئێستایش ئامڕازیکی بەهیزی دەسەڵاتە و زۆرجار دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا مۆلییر بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکار دەهێنن، بۆ نموونە هەر لەم ساڵدا، ئمانۆیل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە یەکێك لە دەیالۆگەکانی مۆلییر لە شانۆنامەی (دوژمنی گەل)دا دەکاتەوە. ئەمەیش دەبێتە جێگای سەرنجی ڕۆژنامەنووسەکان.