حیکایەتەکانی ژیان {١}

گۆران هەڵەبجەیی
08-01-2023

 

ئاین و خۆشەویستی

لە ناوەڕاستی سیەکانی سەدەی ڕابردوودا گەنجێکی موسوڵمان بە نێوی {تاریق} لە بانکێکی ئەهلیدا لە باژێڕی {قودس} کار دەکات. هاوکات کچێکی جولەکە بە نێوی { ئەستەر} لەهەمان بانکدا کار دەکات.

زۆری پێناچێت ئەم دوو گەنجە دەکەونە داویی خۆشەویستی یەکترەوە، بەمەش هەرچی نەریتی ئاینی و کۆمەڵایەتیە وەلا دەنێنن ،کە بەربەستن لە ڕێگەی ئەم جۆرە خۆشەویستیەدا.

هەردووکیان باش دەرک بەوە دەکەن کە کارێکی مەترسیدار ئەنجام دەدەن، بەوەی ئەم هاوسۆزی و ئەوینە لە هەردوو تەرەفی ئاینیەوە نامەقبول و نادرووستە و پێدەچێت کیشەی مەزنی بەدوودا بێت ، بەڵام وەک دەڵێن خۆشەویستی کەهات گوێ بە هیچ سنوورو بەربەستێک نادات و بازیان بەسەردا دەدات.

نزیکەی {4} ساڵێک ئەم ئەوینداریە بە نهێنی دەمێنێتەوە و هیچکامیان ناوێرن لەکن کەسوکار و ناسیاوانیان بیدرکێنن.

لە ئاکامدا هەردووکیان تێدەگەن کە خۆشەویستی بەنهێنی هیچ مانایەکی نیە ،بەتایبەت گەر مەبەست هاوسەرگیری بێت.بۆیە بڕیار دەدەن کە بیدرکێنن و خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکەن ،هاوکات بڕیار دەدەن بە زووترین کات هاوسەرگیری ئەنجام بدەن.

ئەوەی خۆیان بۆ ئامادەکردبوو ڕوویدا، بەوەی دژایەتیەکی مەزن لە هەردوولاوە دەستی پێکرد، بەڵام ئەوان هەر سووربوون لەسەر هاوسەرگیری و ئەو ئاستەنگیانە پەشیمانی نەکردنەوە.ئامادەبوون لە پێناو خۆشەویستیەکەیاندا دەستبەردانی هەموو پەیوەندیەک ببن و ئاکامەکەشی قەبوڵ بکەن.

زۆری نەبرد هاوسەرگیریان کرد ، بەتەنها بێ پەیوەندی و بێ کەسو کار ژیانیان بە سەختی بەڕێکرد.

پاش ساڵێک یا زیاتر یەکەم منداڵیان هاتە دنیاوە، هەواڵی ئەم منداڵە گەشتە ماڵباتی کچەکە ، زۆری نەبرد ، لە ژێر فشار و خواستی دایکی کچەکەدا جۆرێک لە پەیوەندی بەڵام سارد دروست بوو،. هاوکات لەولاشەوە بەهەمان شێوە نزیکبوونەوەیەک هاتە ئاراوە ، لەویش هەر بەساردی.

. پاش تێپەڕبوونی چەند ساڵێک دوو منداڵی دیکە هاتنەوە دنیاوە

سەبارەت بە ئاینی منداڵەکانیان دوو یاسا هەیە لە هەردوو ئاینی جولەکەو ئیسلامدا ،کە بەم جۆرەیە:

لەکن ئاینی جولەکە منداڵ ئەوکاتە بە جولەکە حساب دەکرێت گەر دایکی جولەکە بێت .واتە هیچ حسابێک بۆ باوک ناکرێت . جا بەم پێیە منداڵەکانیان ئۆتۆماتیکی جولەکەن.

لە ئاینی ئیسلامیشدا دەڵێت منداڵ گەر باوکی موسوڵمان بوو، ئەودەمە دەبێتە موسوڵمان و هچ حسابێک بۆ دایک ناکرێت.

کەواتە بە پێی یاسای هەردوو ئاینەکە منداڵەکان ٪100 جولەکەن و هەم موسوڵمانیشن.

جا وەرەن ئەو کیشە ئاڵۆزە چارەسەر بکەن.کە هەردوو لا مافی تەواویان هەیە ئیدعای ئاینەکەی خۆیان بۆ ئەو منداڵانە بکەن.

هەر بۆ یە خێزانی هەردوولا واتە هەردوو دایەگەورەو باوەگەورە هەوڵیان دەدا ئەو منداڵانە لەسەر بنەمای ئاینەکەیان پەروەردە بکەن، لایەک دەیوست عەقیدەی جولەکە بەهیزبێت لە ناخیاندا ،لایەنەکەی تریش هەوڵی دەدا بیانکەن بە موسوڵمانێکی مولتەزیم. لەم بەینەدا دایک و باوک گیریان خواردبوو ،چونکە ئەوان هیچیان ئیلتزامیان بە ئاینەوە نەبوو یاخود زۆر بە جددی وەریان نەگرتبوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرێ کوێرە دوو هەنگاویان نا ،یەکەم دوور کەوتنەوە لەو ژینگە پڕکێشەیە . دووەم سەرپشک کردنی منداڵەکانیان لە هەڵبژاردنی ئایندا.

لەو گوندەی پەنایان بۆ برد ، دانیشتوانەکەی مسوڵمان بوون ، ئەوان بەو ئومێدە پەنیان بۆ ئەوێ برد کەدووربکەونەوە لە کێشە ،بەڵام بەداخەوە کێشەکان بەردەوامیان وەرگرت و لەهەموو لایەکەوە دژایەتی ژنەکەی دەکرا کە جوو بوو. بەڕادەیەک ژیانی ناخۆش بوو ، تا پەنای بۆ برایەکی خۆی برد هاوکاری بکات ،چونکە هاوسەرەکەشی وەک خۆی بێدەسەڵات بوو ،کەس حسابی بۆ نەدەکردو بگرە دژی دەوەستانەوە بەوەی کە هاوسەرگیریی لەگەل ئافەرتێکی جوودا کردوە.

براکەی ،واتە برای ژنەکە بەدەمانچەیەکەوە دەگاتە گوندەکەو خەریکە فەرتەنیەک درووست بکات و ئەوانە بکوژێت کە دژایەتی و سوکایەتی بە خوشکەکەی دەکەن . براکەی پێداگری دەکا کە خوشکەکەی بباتەوە بۆ لای خۆی ،بەڵام خۆشەویستی ڕێگردەبێتت و ناخوازێت هاوسەرە مسوڵمانەکەی جێبهێلێت چونکە باش دەزانێت بێیەک ژیان مەحاڵە،

بەم جۆرە لە نێو ژیانی شەڕو ئاشتی و ناکۆکی و تەبایدا ژیان بەسەر دەبەن.

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا چارەسەری دووەم ئەوە بوو کە منداڵەکانیان سەرپشک کرد لە هەڵبژاردنی هەر ئاینێکدا.ئەوەی گرنگ بوو دایک و باوک بەهیچ جۆریک باسی ئاینیان لە کن منداڵەکانیان نەدەکرد ،بەڵکو بە گیانی مرۆڤدۆستی پەروەدەیان کردن. هەر بۆیە کە گەورە بوون هەرسێکیان سێ مرۆڤی سیکۆلارو ڕەوشت بەرزیان لێ دەرچوو.

کوڕە گەورەکەی لەگەڵ کچێکی جوودا هاوسەرگیری کرد کە وەک خۆی بێ باوەڕ بوو، کچێکیشی هاوسەر گیری لەگەڵ کوڕێکی مسوڵمانی سەربە ڕەوتە پێشکەوتنخوازە فەلەستینیەکان کرد، بەڵام منداڵی سێیەم کە کچە گەورەکەیان بوو، هەرگیز ژیانی هاوسەرگیری پێک نەهێنا ،پێدەچێت نەیخواستبێت بچێتە نێو کێشمەکێشی ئاینیەوە.

ئەم کچە پەیوەست نەبوو بە هیچ کام لە دوو ئاینەکەی باوک و دایکی ،بەڵکو ڕێگەی سێیەمی هەڵبژارد ، ئەویش ئاینی کریستیان بوو ،خۆی کردە کەسێکی کریستیان.

ئیستا ئەو کچە کە گەورەترین منداڵی خێزانەکەیە ، بووەتە کریستیان و لەگەل دایکە بەتەمەنەکەیدا دەژی کە لە ئێستادا تەمەنی پتر لە [90] ساڵە ، سەبارەت بە باوکیشی ،چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆچی دوایی کردوە.

لەکۆتایدا گەرەکمە بێژم ، نەفرەت لەوانەی کۆسپ و تەگەرە دەخەنە ڕێگەی خۆشەویستی و بەیەک گەشتنی دوو دڵدار ، ئیدی بە هەر بەهانە و لە ژێر هەر ناونیشانێکدا بێت ،نەتەوەیی ، ئاینی ،مەزهەبی، خێل، ڕەنگ و ئەتنیک بێت.

سەرنج/ ئەم چیرۆکە بەدەستکاریەوە لە ماڵپەڕی { هەنگاریەکانی نیشتەجێی ئیسرائیل} وەرگیراوە

 

ناو
بۆچوون ...