لەڕوانگەی چینایەتیەوە / دەستی شاراوە و یاسایەکی دزراو

عوسمان زیندانی .
11-01-2023

 

۱۰ ساڵەحکومەتی هەرێمی کوردستان بێ رەچاو کردنی گرنگترین یاسا پیادەی حوکمڕانی و سیاسەتی ئابووری دەکات کە لە ئاراستەکردنی کۆی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وکلتوریدا کاریگەری ڕاستەو خۆی هەیە ، بەتایبەتی ژیان وگوزەرانی جەماوەر بەگشتی و چینی کرێکار و ڕەنجدەرانی بیر وبازوو بەتایەتی .

ئەویش یاسای بودجەیە لەهەرێمی کوردستان کەلەسەر بنەمای ئەم یاسایە( بودجەی بەکار بردن و وەبەرهێنان) دیاری دەکرێت و لێرەوە و لەسەر بنەمای ئەم یاسایە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان کار و پرۆژەکانیان بڕیاری لێدەدەن و دەیخەنە گەڕ.

بۆ نموونە چەند پێوویستە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە و فێر کردن و ڕۆشنبیری و چەندی تریان دەوێ بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی وەچەندیش تەرخان دەکەن بۆ مووچە و نسریە و ئیمتیازاتی حزبی دەسەڵاتدار و هێزە تایبەتەکانیان.

لەساڵی ڕابردووی( ۲۰۲) وە تابۆ دواوە بگە‌ڕێینەوە دەبینین ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەسەڵات بەردەوام مووچەی دواخستووە یان بەناوی پاشکەوتەوە مووچەی چەند مانگێکی لەساڵێکدا نەداوە بەمووچە خۆران و خانەنشینان ،هیچ بەرنامەیەکی دانەناوە بۆ کەمکردنەوەی بێکاری بە دامەزراندن بێت لەحکومەتدا یان ڕەخساندنی هەلی کار لەکەرتی تایبەت ، وە بەپێی بەرژەوەندی خۆی مامەڵەی کردووە لەگەڵ یاسا و بازاڕ و دەرهێنان و فرۆشتنی سامانی سروشتی هەرێمەوە کە موڵکی گشتی هاونیشتمانیانە .

واتا دەسەڵات بە ئارەزووی خۆی ئابووری وبازرگانی و کار و کاسبی و ژیانی کارگێڕ و دابین کردنی خزمەتگوزاری و ڕێکخستنی ژیانی هاووڵاتیانی ئاراستە کردووە ، هەر بەم هۆیەشەوەیە ژیانی کرێکاران و مووچە خۆران و بێکارانی خستۆتە بە ڕەحمەتی بێ ڕەحمانەی بازاڕەوە ،ئەمە پیادەکردنی( بێ قەید وشەرتی ئەو فەلسەفییە کەدەڵێ ڕێگەبدەن بازاڕ خۆی خوی ‌ڕێکدەخات )

لەسەر ئەو بنچینەیەی گوایە دەستێکی شاراوە هەیە بازاڕ رێک دەخات .

بوونی بێکاری لەڕادەبەدەر بەتایبەت لەناو گەنجان ودەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان ، خراپی دۆخی ئابووری وژیاریی خانەنشینانی مەدەنی بەهۆی کەمی مووچەکانیانەوە کە پارەی کەڵکە بووی خۆیان و نایەندەنێ ، لەگەڵ دزینی مووچەی فەرمانبەران بەناوی پاشەکەوتەوە ، کەمکردنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکانی وەک تەندروستی و خوێندن وئاو کارەبا و گران کردنی نرخەکانیان و زۆر گرفتی تری گشتی و تایبەت بە چین و توێژێکی دیارکراو ، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە بۆیە یاسای بودجە ناهێنن بۆ پەرلەمان و زۆربەی پەرلەمانتارەکانیش لێی بێدەنگن تاکو ئەو (دەستە شاراوەیە بە دڵی خۆی کەڵکەی سامان وداهات بکات بۆ خۆیان و گروپی دەستڕۆیشتووی ناو دەسەڵات وحزب و بنەماڵەکانیان).

کەیاسای بودجە لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا هەیە ئینجا لەچوارچێوەی ئەو سیستەمەدا ئەو دەستە ڕەشە هەر کاری خۆی دەکات ، بەڵام بهێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر سیستەمەکە سەرمایەداری بێت و بازاڕ بەڕەڵا کرا بێت و یاسای بودجەش لەهەرێمێکی پڕ نەوت وسامان وداهات دا نەبێت ، دەبێت چ بێدادیەکی کۆمەڵایەتی هەبێت چ نایەکسانیەک لەنێوان ژیانی خەڵک و پیاوانی دەسەڵات و نەوەکانیاندا دروست بوو بێت ، یان چ دزیەکی بێ وێنە کرا بێت لە داهاتی ئەم ووڵاتە بێ خاوەن و بێ یاسا و دەستوورەدا .

ئاخر بۆیە چەند ساڵە بڕە نەوتی ساڵانە کەبەشی تەواوی خێزانەکان ناکات تائێستا دابەش نەکراوە ، چونکە ئەو نەوتە بەدەست دەستە شاراوەکەوەیە ، بۆیە تائێستا مووچەی مانگی ۱۲ نەدراوە ، چونکە ئابووری وابەدەستی دەستە ڕەشەکەی بازاڕی ئازادەوە ،بۆیە هەلی کار نەماوە و کار و کاسبی ڕووی لەکزی کردووە ، لەبەرئەوەی هەرێم لەژێر چەپۆکی ڕەش و شاراوەی ئابووری بازاڕی سەرمایەداریدایە.

ئەمە ئەو مودێلەیە لە حوکمڕانی کەچەند سەدەیەک زیاترە بیرمەندانی سۆسیالیتی و قوتابخانە یەکسایخوازکەی مارکس و هاوڕێکانی باسیان لێوەکردووە و بەتەجروبەش دەرکەوتووە کە چ شەڕ و ماڵوێرانی و نەهامەتی و بێکاری و برسێتیەکی هێناوە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و گەلانی چەوساوەو بۆ ڕەنجدەرانی بیر وبازو بەتایبەتی .

بۆیە پێوویستە جەماوەر بەووردی و هۆشیارانە لەنەهامەتەکانیان بڕوانن کەهۆکارەکەی نەبوونی سەروەت وسامان و داهات نیە بەڵکو یاساکان و جۆری سیبتەمی حوکمڕانی وبەرنامەی ئابووری زاڵمانەیە ئەوانە لە چاوڕوانی مووچە و لەسەرەی غزی ماڵان و لەڕێزی بەرمیلە نەتی کۆڵاناندا ڕاگرتووە وگەنجەکانیش بەرەو کافتریای شەوانە و مەیدانی ماتۆڕ سواری و دیوەخانەی کۆنەپەرستی و توندڕەوەی ئایینی بردووەو وێڕای زەحمەتیەکانی ژیانیان کلتور و دیدی کۆمەڵایەتیانی گۆڕیوە لە هەست وبیری مرۆڤ دۆستیەوە بۆ ڕق و کینە و دەست وشەق وەشاندن .

ئەم جۆرە سیستەم وحوکمڕانیە هیچ بەرژەوەندیەکی نیشتمانی و ئینسانی ڕەچاو ناکات بۆیە تەنها چارەسەر هەوڵ وکۆششی هۆشیارانەی بەبەرنامەکراوە بۆ گۆڕانکاری سیاسی وکۆمەڵایەتی بەئاراستەی پاراستنی مافی هەمووان و ڕێز گرتن لەشکۆی مرۆڤ ئەگینا ئەم نەهامەتیانە درێژە دەکێشێت .

 

ناو
بۆچوون ...