میدیای ئەهلی ..بەربەست و دەستکەوتەکانی

كەمال رەئوف
11-01-2023

 

درێژەكێشانی شەڕی ناوخۆی نێوان یەكیتی و پارتی و لایەنەكانی تر، برەوی زیاتر دا بەئاراستەی بەحزبیكردنی زۆربەی پنتە كۆمەڵایەتی و ئابورییەكانی وڵات، بەتایبەت لەبواری راگەیاندن هاووڵاتیان بەئەستەم دەستیان رادەگەیشت بەزانیاری گرنگ و دروست.
لەو دۆخە ئاڵۆزەدا كەهەرێمی كوردستان دابەشی چەند بلۆكێكی حزبی ببوو، لەهەردوو شاری گەورەی هەرێم، سلێمانی و هەولێر ئاسایی بوو رۆژنامەكانی رژێمی بەعس لەسەر شەقامەكان بفرۆشرێت، بەڵام رێگەنەدەدرا رۆژنامەكانی خۆیان بەئازادانە بفرۆشرێت، لەناوچەكانی بندەستی پەكەكە لەقەندیل و لەناوچەكانی بندەستی هێزە ئیسلامییەكان لەهەڵەبجەو هەورامان بەهەمان شێوە دابڕانێكی گەورەی وا دروست ببوو كەوایدەكرد لەناوچەیەكی بچووكی وەكو هەرێم چوار حوكمەتداری هەبێت.. 
لەوكاتەدا كۆمەڵێك بیرۆكەی میدیای ئەهلی لەلایەن چەند كەسێكەوە دروستبوو، ئامانجی سەرەكی ئەو گفتوگۆیە لەدروستكردنی میدیای ئەهلی چەند تەوەرێكی لەخۆدەگرت كە لەهەموویان گرنگتر، گەڕانەوەی متمانەو دروستكردنی رایگشتی بوو لەسەر پرسی كەموكورتییەكان و هەوڵدان بوو بۆ دابینكردنی گیانی گوێگرتن و دیالۆگ زاڵبكرێت و لێبوردەیی بكرێتە هەوێنی دوركەوتنەوە لەشەڕو یەكلاكردنەوەی كێشەكان بەڕێگای توندوتێژی..
ئەو قۆناغە پرسی مافی مرۆڤ و بەتایبەت ژنان، پەروەردەو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بەهۆی كەشی شەڕەوە بەتەواوەتی لەبیركرابوو، زیندانەكان پڕكرابوون لەگیراوەكانی شەڕی ناوخۆو ئازادی رادەربڕین بەتەواوەتی بەرتەسككرابووەوە، بۆیە ئەم پرسانە كرانە چرای هەڵكردنی دروستكردنی میدیایەكی ئەهلی بەناوی «هاوڵاتی» ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كەئەم رۆژنامەیە سەكۆو مینبەری دەنگی هەر هاووڵاتیەك دەبێت بەجیاوازیەكانیانەوە لەدەرەوەی نەتەوە بوونیشەوە، چونكە بڕوامان وابوو گەڕانەوەی مافی هاوڵاتی بوون دەتوانێت بنەماكانی پێكەوەژیانێكی ئاشتییانە بۆ هەموان دەستبەربكات..

بەربەست و رێگرییەكان
جگە لەنەبوونی ئیمكاناتی پێویستی چاپ و ئیمكاناتی ماددی، گرفتگەلێكی تریش هەبوون كەدەبوونە بارگرانی و بەرەوپێشچوون، لەوانە نەبوونی متمانە كە ئەم رۆژنامەیە پرۆژەیەكی حزبی نییەو دەستی یەكێك لەو دوو حزبە سەرەكییەی كوردستانی لەپشتەوە نییە، پاشان راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئەو چوار بلۆكە حزبییەی دروست ببوون، ئەمەش كارێكی ئاسان نەبوو لەڕووی مادی و كاركردنەوە قورسایی دروست دەكرد، بەڵام خۆشبەختانە تاڕادەیەكی سەركەوتووانە ئەو لەمپەرانە تیپەڕین و هاوڵاتی توانی متمانە لەناو خوێنەرانی دروستبكات..
بەشێك لەو گرفتانەی كەسەرەتای دروستكردنی میدیای ئەهلی بوونیان هەبوو تائێستاش باقین لەبەردەم پرۆژەی میدیایی ئەهلی و سەربەخۆ، چونكە دوای تاقیكردنەوەی سەرنەكەوتنی لۆژیكی ترساندن یان رێگری یاسایی و تەشقەڵە پێكردن و كڕین، دەستبرا بۆ دروستكردنی میدیای سێبەرو پەنابردن بۆ تۆمەتی مەترسیداری ئەخلاقی و ئەمنی و سیاسی..
یەكێك لەدەستكەوتەكانی میدیای ئەهلی دروستكردنی مینبەرێك بوو كەزیاتر لە 35 ساڵ بوو لەمەیدانی كاری راگەیاندن لەعێراق و كوردستان غائیب بوو، میدیای ئەهلی بۆخۆی دروستكردنی دنیابینییەكی نوێ بوو بۆ كاری راگەیاندن و دووركەوتنەوە لەهەژموونی حزبی و ئایدۆلۆژی، دەتوانین بڵێین ئێستاشی لەگەڵ بێت میدیای ئەهلی هەرچەندە كزو لاواز كراوە، بەڵام بەو حاڵەشیەوە متمانە پێكراوترە لەمیدیای حزبی، مەدرەسەیەكیشە بۆ پێگەیاندنی كادری راگەیانی بوێرو راستگۆو دروستكردن و فراوانكردنەوەی ژینگەی ئازادی بیروڕای ئازاد. 
میدیای ئەهلی بەهەموو كەموكورتیەكانیەوە رۆڵی سەرەكی هەیە لەدەستپێشخەری بۆ ئاشتی و دروستكردنی گیانی تەبایی و وەستانەوە لەدژی دیاردەی گەندەڵی و كەموكورتیەكانی تری كۆمەڵگا، بۆیە زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین، میدیای ئەهلی دەتوانێت هاوسەنگی راگەیاندن و پێدانی زانیاری لەناو كۆمەڵگە راگرێت و لەدەرەوەی دیدو تێروانینی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان، بەشێك بێت لەو دامەزاوانەی كە رۆڵی چاودێریكردن و رێكخستنی كۆمەڵگە دەدەن لەسەر ئاراستەی مافی پێدانی زانیاری بەهاووڵاتیان و دروستكردنی گوشارو لەقاودانی شتە ناشیرینەكانی ناو كۆمەڵگەو ئەو پردەبێت كە رای سەربەستانەی هاووڵاتیان و دەنگە كپكراوو پەراوێزخراوەكان بداتەوە بەگۆیی لایەنە پەیوەندیدارەكاندا..

ناو
بۆچوون ...