ملياردێرێک لە نێو هەژاراندا
چەند ساڵێک لەمەوبەر چەند ملياردێرێکی ئەمەريکی لەسەر ئەوە ڕێکدەکەون کەوا هەرکەسەیان بۆماوەيەک لەنێو هەژاراندا بژی ، تا هەست بەژيانی هەژاران بکەن و گەر دەرفەت هەبوو هاوکاريان بکەن .
يەکێک لەوانە (Richard Branson) دەبێت ، تەمەنی لەنێوان چل بۆ پەنجا ساڵانە . ئەم کەسە سامانێکی زۆری لەباوکيەوە بۆ ماوەتەوە ،لە نێوانیاندا چەند کۆمپانیایەک ، خودی خۆی جگە لە ژەنينی گيتار لە يەکێک لە تيپە موزیکیەکانی باژێڕەکەیدا هيچ کارێکی نەکردووە .
دووای ئەوەی ئەم دەوڵەمەندانە لەسەر بیرۆکەکە ڕێک دەکەون،ئیدی هەريەکەو بەلايەکدا سەفەردەکەن. ڕیچارد وڵاتێکی ئەفریقا و لەوێش گوندێکی دیاریکراو هەڵدەبژێرێت. جێگەی ئاماژەیە ڕیچارد خاوەنی کۆمپانیای هەوایی (ڤەرجيني)یە، هەر بە فڕۆکەیەکی گچکەی هەمان کۆمپانیا سەفەری پایتەختی ( تانزانيا) دەکات، لەوێشەوە بە ئۆتۆمۆبيل دەچێتە گوندێکی دورەدەستی هەژارنشین .جگە لە هەندێک کەلوپەلی پێویست لەنێویاندا لاپتۆپێک ،گيتارێکیشی پێيە .لەوێ وەها خۆی نيشان دەەدات کەلەلايەن يونسکۆوە هاتووە منداڵان فێری مۆزیک بکات .لەدەمی ئێوارەدا درەنگانێک ئەگاتە ئەوێ ،سەرەتا خۆی بە موختاری گوندەکە ئەناساێنی و ئەویش لە گوندەکە لە کن ئافرەتێک ژوورێکی بۆ ئامادە دەکات .
ئەم ژوورە هيچ پێداويستی سەرەتایی ژيانی تێدانيە ، ئەو شەوە هيچ خوادنێک شک نابات کەبيخوات جگە لە چەند غرامێک ماکەرۆنەی وشک نەبێت ،هەرچۆنبێت لە قاپێکدا ماکەرۆنەکان
دەکوڵێنێت و دەيخوات .دەمێک ڕۆژ دەبێتەوە ، هەست دەکات زۆری برسیە ،هیچ نیە بیخوات،بۆیە مريشکێک دەکڕێت ، هەر چەندە لەژيانيدا خواردنی ئامادە نەکردوە ، دەستدەکات بەئامادەکردنی و دەيکوڵێنێت و خۆی تێردرکات .پاشان دەستدەکات بە ڕێک وپێککردی ژوورەکەی خۆی و چاککردنی بۆئەوەی کە بتوانێت بە ئیسراحەت تێیدا بژی.
ڕۆژانە دەچێتە قوتابخانەو هەندێ وانەی مۆزيک بەمنداڵان دەڵێتەوە ، هاوکات دەبێتە برادەری مامۆستای قوتابخانەی گوندەکە .
لەوەتی هاتوە خۆی نەشتوە ،بۆیە دەگەڕێ بەدووای ئاودا تا گەرمی بکات و خۆی پێ بشوات،بۆیە سۆراغی ئاو دەکات و دەپرسی ئاو لەکوێ پەیدا بکەم ؟
پێی دەڵێن ئاو هەیە بەڵام بڕێک دوورە ،دەمێک ئەو منداڵەکان چوون بۆ ئاو هێنان تۆش لەتەکیاندا بڕۆ ئاو بۆ خۆت بهێنە .
لەگەڵ منداڵاندا دەڕوات نزيکەی دووری دووسێ کيلۆمەترێک ڕێ دەکەن ، کاتێک ئاوەکە دەبینێت تووشی شۆک دەبێت ، گۆماوێکی زۆر پيس ، پڕە لە پيسی وەک تاکەنەعل ، جلەکۆن ،ئاژەڵی مردارەوە بوو و شتی تر،دەمێک ئەو دیمەنە دەبینێت خەریکە بڕشێتەوە .دەپرسێ ئێوە ئەم ئاوە بەکار دەهێنن ؟ دەڵێن بەڵێ ، بۆ خواردنەوە و چێشتلێنانبێت هەر ئەم ئاوە بەکاردەهێنین بەڵام دەيکوڵێنين .
بەو دیمەنە زۆر نيگەران دەبێت و دەروونی دەهەژێت ، بەتایبەت کاتێک بير لەو منداڵانە دەکاتەوە کە ڕۆژانە ئەو هەموو ڕێگە دەبڕن ،بۆ هێنانی ئاو، بەڵام ئاوێک کە نەک بۆ خواردنەوە ناشێت بەڵکو هێندە پیسە بۆ خواردنەوەی ئاژەڵیش دەست نادات ،ئاوێک پڕە لە بەکترياو میکرۆبات و سەرچاوەی نەخۆشی هەمەچەشنەیە.
هەر لەوێدا يەکەم بیرۆکە کە بەهزریدادێت ئەوەيە دەبێت ئاويان بۆ دابينبکات ،ئەويش ئاوی پاکژە . سەرەتا بیرۆکەکە لەگەڵ مامۆستای هاوڕێيدا باس دەکات ، دەڵی حەزدەکەم هاوکاري گوندەکە بکەم ئەوەش بە دابین کردنی ئاوي پاکژ ، مامۆستاکە پێی دەڵێت ،خۆ ئاوڕاکێشان هێندە ئاسان نيە ، پلان و پرۆژە و پارەی دەوێت ، دەڵێ گرنگ نيە من دەتوانم پارە لە بانکەکانی ئەمەريکا قەرزبکەم و هاوسەرەکەم ئەو کارەم بۆ جێبەجێدەکات. داوای لێدەکات ئەم کارە بەنهێنی نێوان هەردوو لا بێت و لەلای کەس باسی نەکات،چونکە دەیەوێت بیکاتە [سوپرایس] و دياريەک بۆ خەڵکی گوندەکە . بۆ کڕینی کەرەستەکان و پەیداکردنی وەستاو کرێکار ،لە گەڵ مامۆستاکە هەفتەی یەک دووجار سەردانی شارۆچکەیەکی نزیک بەگوندەکە دەکەن ، کەرەستە سەرەکيەکان دەکڕن کە بریتین لە تەنکی ئاو ،بە ئەندازەیەک کە ئاوی پێداویستی گوندەکە لەخۆ بگرێت ، ماتۆڕی سەرخستنی ئاو لەبیرەکەوە بۆ نێو تەنکیەکە ،چوارپایەی ئاسنین بەبەرزی دەمەترێ بۆ ڕاگرتنی تەنکیەکە ،بۆری پلاستيکی گەورە لەگەڵ بۆری جياجای بچوکترو چەندین بەلوعە.
پرۆژەکە بڕێک دوور لەئاوایی و لە شوێنێکی تاڕادەیەک شاراوە ئەنجام درابوو ،ئەمەش بەمەبەستی هەست پێنەکردن لەلایەن گوندنشینانەوە .دوا قۆناغ دامەزراندنی بەلوعەکان بوو لە نێو گونددا،بۆ ئەمەش شەویان هەڵبژارد ،دوای خەوتنی خەڵکەکە ،بە چەند کاتژمێرێک هەموویان دانا. بۆريەکان بە بەلوعەکانەوە لە شێوەی پيتی( u )ئنگليزیدا جێگیرکران،بەجۆرێک لەنێوان هەر پێنج بۆ شەش مەترێ لە بەردەم ماڵەکاندا بەلوعەيەک دانرا ،بەجۆرێک هەر سێ چوارماڵ بەلوعەیەکیان بەردەکەوت.
بۆڕۆژی دووایی خەڵکی گوند بەسەرسووڕمانەوە سەیری بەلوعەکانیان دەکرد ،بەڵام بێ ئەوەی دەستکاری بکەن. هەمان ڕۆژ لەسەر داوای ملیاردێرەکە ،موختارەکە خەڵکی گوند لە بەردەم خوێندنگاکە کۆدەکاتەوە ،پێیان ڕادەگەیەنێت کە مامۆستای مۆزيک دەيەوێت قسەتان بۆبکات .
دەست بە قسان دەکات و پيان دەڵێت ،کاتێک کە بينیم ئێوە ئەو ئاوە پيسەتان بەکاردەهێنا ، هەستم کرد ویژدانم ئازارم دەدات ،بۆیە بڕیارمدا پرۆژەیەکی ئاو بۆ گوندەکەتان جێبەجێ بکەم، ئێستا پرۆژەکە کۆتایی هاتوە کە پپرۆژەيەکی خێرخوازيە ،ئیتر منداڵەکانتان لە ئاوکێشان ڕزگاریان دەبێت و ئێوەش چیتر ئاوی پیس بەکارناهێنن.دوای کۆتایی وتارەکەی خەڵکەکە بە چەپڵە ڕێزان بەرەو بەلوعەکان چوون ،داوی لە منداڵە ئاوکێشەکان کرد هەر یەکەیان لەلای بەلوعەيەک ڕابوەستێ ،پاشان پيان دەڵی فەرموو بەریبدەنەوە ،لەوکاتەدا بەهاژە ئاو لەبەلوعەکان دێتەدەرێ ، ئیدی هەموو گوندنشینان دەيکەنە چەپڵەو هەڵپەڕکێ ،منداڵان لەخۆشي ئەوەی ڕزگاريان بووە لە ئاوهێنان و ئاوکێشان خۆيان تەڕدەکەن و ئاوەپرژێن دەکەن. لێرەدا موختار دەيەوێت کێشەيەک درووستبکات بەهۆی ئەوەی کە بەلوعەکان دوورن لە ماڵەکەیەوە چونکە ماڵەکەی کەوتوەتە بەشی دواوەی گوندەکە، بەڵام ئەم ژیرانە بۆی ڕووندەکاتەوە کە ئەمە کارێکی خێرخوازيە و خزمەت بە گوندەکە دەکات ،هەرچۆنێک بێت قەناعەتی پێدەکات ، پێم وابێ بە پارە کەمێک دەمی چەوردەکات.کارەکە هەربەوە ڕاناوەستێ بەڵکو لەسوچيکی چەپی گوندەکەدا بە خشت و قوڕ و بەرمیل حەمامێکيان بۆدروستدەکات ، پێیان ڕاياندەگەينێت کە ئيدی خۆتان خشتەی خۆشۆردن بەنۆرە ڕێکبخەن بۆخۆتان .
پێش ئەوەی ماڵئاواييان لێبکات ،خەڵکی گوند کۆدەکاتەوە و پێيان دەڵێت [لەڕاستيدا من مامۆستانيم و کەسێکی دەوڵەمەندم تەنها هاتم بۆئەوەی بۆ ماوەیەک لەتەکتاندا بژیم ، تا لەنزيکەوە شارەزای ژيانی هەژاران بم ، بەڕاستی ژيانێکی سەخت دەگوزەرێنن ، لەکاتێکدا هەرگيز من هەژاريم نەچەشتووە ،بەڵام ئەم ماوەی کەلەگەڵ ئێوەدا ژيانم بەسەربرد کەنزيک مانگێک دەبێت هەستم بە سەختی و دژواری ژیانتان کرد ،بینم کە ئاو پێویستیەکی سادەی سەرەتاییەو دەبێ لە ژیانی هەمووکەسدا هەبێت ،بەڵام ئێوە لێی بێبەشن،دەمێکیش دەستان کەوت ژیانتانی گۆڕی و زۆر دڵخۆش بوون پێی ،وەک ئەوەی شتێکی مەزنتان دەست کەوتبێت].
پاشان بەڵێن دەدات کە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆلایان و قيرتاوکردنی ڕێگە خۆڵ و قوڕ و پڕ چاڵوچۆڵەکەی نێو گوند بگرێتە ئەستۆ، جگە لەوە گفتی کردنەوەی نۆرينگەيەکی بچوکیش دەدات.
لەو دەمەی لەوێ بوو شەوانە جاروبار لەگەڵ منداڵ وهاوسەرەکەيدا لەڕێگەی سکایپەوە قسەی دەکرد و وێنەکانی پرۆژە سەرکەوتوەکەی نيشان ئەدان .
بەر لەوەی سواری ماشێنەکە ببێت و گوندەکە بەجێبهێڵێت ،زۆربەی دانیشتوانی گوندەکە يەک يەک باوەشیان پێداکردوو سوپاسگوزاری خۆیان دەربڕی .
شایانی ئاماژەیە سەرجەم تێچووی ئەو پرۆژە ئەنجام دراوە تەها چل هەزار دۆلار بوو، کە بەنسبەت ملیارددێرێکەوە ،پارەيەکی زۆر کەمە.
سەرنج/ دەشێ ئەو کارەی وەک پڕوپاگەندەو ڕاکلامێک بۆخۆی کردبێت ،بەڵام گەر بەدیوێکی تردا پێناسەی بکەین ، کارێکی مرۆڤانەی ئەنجامداوە ، بەوەی ژیانی سەخت و دژواری دانیشتوانی گوندێکی بڕێک سووک کرد،بۆیە جێگەی دەستخۆشیە.
بەپرۆژەیەک لەم گوند یا لەو دەڤەری جیهان هەژاری و نەهامەتی و خراپی باری ژیانی هەژاران چارەسەر ناکرێت،بەڵکو پێویستی بە پلانێکی تۆکمەو درێژ خایەن هەیە کە زۆربەی پارەدارەکانی جیهان و وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەشداری تێدا بکەن.
وەک داتاکان بەیانیان کردوە، ٥٪ ی دانیشتوانی جیهان کە بە ملیاردێرەکان پۆلێن دەکرێن،دەستیان بەسەر نزیکەی ٨٠ ٪ ی سامان و داهاتی جیهاندا گرتووە،جاگەر ئەمانە بیانەوێت هەژاری قەڵاچۆ بکەن، ئەوە بەدڵنیاییەوە بە بەخشینی بڕێک لەسامانەکانیان ئەوکارە ئەنجام دەدرێت.
پرسیار ئەوەیە بۆ نایکەن؟ پێموابێت زۆربەمان وەڵامەکەمان لەکنە.