کاکەیی (یارسان)پێکھاتەیەکی خواناس و خاوەن ھەڵوێست.

مەریوان نەقشبەندی
12-01-2023

 

کاکەیی(یارسان) ئایینێکی کۆنی کوردییە،یارسان بەمانای خۆشەویستی خوا یان خواناس دێت، بەپێی ھەندێ سەرچاوە پێش هەزاران ساڵ لە حەوزی چیاکانی زاگرۆس سەریھەڵداوە و درێژەی بە مانەوەی خۆی داوە، لە عێراق و کوردستان پێیان دەڵین "کاکەیی"، بەڵام ھەندێ سەرچاوەی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مێژووی کاکەییەکان لەکوردستاندا بۆ نزیکەی 800ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە،واتە لەدوای گەیشتنی ئیسلام بەکوردستان بەڵگەشیان بۆ ئەمە نەبونی دیکۆمێنتێکی باوەڕپێکراوی کاکەییە لەپێش ھاتنی ئیسلامەوە ،ئەم سەرچاوانە ھەروەھا رەتی دەکەنەوە کەوا کاکەیی ئاینێکی جیاواز بێت و بەراشکاوی دەڵێن ئێمە موسڵمان و شیعەمەزھەبین بەڵام پارێزگاریمان لەتایبەتمەندی کلتوری و کۆمەڵایەتی و شێوازی دینداری خۆمان کردوە،لە باشووری کوردستان بەناوچە دابڕێنراوەکانیشەوە بەپێی هەندی خەمڵاندن لە 100ھەزار کەس زیاترن.

باوەڕدارانی کاکەیی (یارسان) لە شوێنەکانی ناوەندی پارێزگای کەرکووک و دیالە و نەینەوا و پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای هەولێر و بەغدا و پارێزگای سەلاحددینن.

شوێنە پیرۆزەکانیشان بریتین لە: چەند ئارامگای پیاوچاکان و زیارتگایەک لە گوندەکانی ''هاوار و هاوارە کۆن و دەرەتوێ''ی هەڵەبجەی شەهید و ئارامگای ''ئیمام ئەحمەد'' لە کەرکووک و ئارامگای ''باوە شاسوار'' لە شاری کفری و ئارامگای باوەمەحمی ناسراو بە ''باوە پڵاوی'' له قەزای خانەقین و ئارامگای ''شاە برایم'' لە بەغدا و پێنج مەزارگە لە دەشتی نەینەوا.

کاکەییەکان یەکێکن لەپێکھاتە مەزڵومەکانی کوردستان چونکە لەشۆڕشەکانی ڕزگاریخوازی گەلی کورد ھەمیشە پشتیوان بوون و یەک خیانەتکار و ناپاک کەدەستی لەگەڵ دوژمنانی کورد تێکەڵکردبێ دژی شۆڕشەکانی گەلی کورد لەناو کاکەییەکاندا نابینیتەوە،ھەموو خەڵکی دڵسۆز و دەستپاک و راستگۆن،لەسەرەتای ھەشتاکانی سەدەی رابردو کاتێ قوتابی بووم لەھەڵەبجە ژمارەیەکی بەرچاو لەکاکەییەکان(کوڕ و کچ) کە ئەوکات بە ھاواریەکان ناودەبران ھاوڕێی پۆل و قوتابخانەم بوون،لەبیرم دێت مامۆستایەکی کاکەیشمان ھەبوو بەناوی(مامۆستا کەڵانتەر)کەئێجگار سوودم لەپەروەردە و وانەوتنەوەی وەرگرتوە،باوک و دایکم و برا و خوشکە گەورەکانم بەردەوام ھەڵوێستی مەردانەی کاکەییەکانی خەڵکی ھاوار و پەیوەندیان لەگەڵ شێخانی نەقشبەندی ناوچەی ھەورامان دەگێڕنەوە،گوندەکەیان بەردەوام لانکە و قەڵای شۆڕشەکانی گەلی کورد بوە،

لەسەردەمی ڕژێمی بەعس و دواتریش لەشەڕی داعشدا کاکەییەکان و ناوچە و گوندەکانی کاکەییەکان لەناوچە دابڕێنراوەکانی ھەرێمی کوردستان،روبەڕوی شاڵاوی تەعریب و داگیرکردنی زەوی و ئەنفال و رەشەکوژی بونەتەوە کە ئێستاشی لەگەڵدابێت ھەڕەشەی تیرۆر و ئاسەواری تەعریب لەسەر کاکەییەکان کۆتایی نەھاتوە و لەشۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی گەلی کورد و دواتریش بەدەستی داعش بەسەدان شەھید و قوربانیان داوە،لەرۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانیش یارسانەکان ژمارەیان ئێجگار زۆرە و ھەندێ خەمڵاندن ئاماژە بۆ بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن(یارسان)دەکرێت کە لەوێش دەیان ساڵە لەژێر زوڵم و سەرکوتکاری ڕژێمی ئێراندان،کاکەییەکان ڕۆژویان ٣ ڕۆژە و دوای ئەو ٣ رۆژە جەژنیانە،ئافرەت و پیاو لەلای کاکەییەکان ھەمان مافیان ھەیە و کچ و کوڕ لەمیراتدا یەکسانن و فرەژنیش لەناو یارسانەکان نیە تەنھا لەحاڵەتی زۆر تایبەتدا نەبێت،کاکەییەکان بڕوایان بەخوا ھەیە و بەیانیان و ئێواران بەتەنھا و بێدەنگی نزا و موناجاتی خۆیان ھەیە،ئەوانەشی کەدەڵێن موسڵمانین زیاتر گرنگی بەبۆنە ئاینیەکانی شیعەمەزھەبەکانی عیراق و ئێران دەدەن،سمێڵ لای کاکەییەکان پیرۆزی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە بەڵام گەنجەکانیان ئێستا زۆر وابەستەی ھێشتنەوەی سمێڵی گەورە نین ،گوند و ناوچەکانی کاکەییەکان بەشێکی گەورەی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نین بۆیە لەروی ئەمنی و خزمەتگوزاریەوە بەتەواوی فەرامۆش کراون و ناچار بوون خۆیان بەرگری لەخۆیان بکەن لەھەرێمی کوردستانیش ئەگەرچی لەیاسای ژمارە ٥ ی ساڵی ٢٠١٥ ناوی کاکەیی وەک ئاین و پێکھاتەیەکی سەربەخۆ ھاتوە و لەچەند بۆنەیەکی وەک(قەوڵتاس)گەورە بەرپرسانی ھەرێم بروسکەی پیرۆزباییان بۆ بڵاو دەکەنەوە و بەشێکیشیان راستەوخۆ ئامادەی بۆنە و ئاھەنگەکانیان دەبن بەڵام ھێشتا ھەست دەکەن لەناو حکومەت و پەرلەماندا ئەو بەشداریەیان نیە کەشایستەی ھەڵوێست و قوربانیدانیان بێت.

تێبینی:بەشێک لەزانیاریەکانم لەھاوڕێ کاکەییەکانم وەرگرتوە.

ناو
بۆچوون ...