مەلای دەسەڵات "فەقیهی سوڵتان" کێشەی نیە دەسەڵات کێیە،

سەروەر پێنجوێنی
16-01-2023

 

گرنگ ئەوەیە لە پەنایدا خەریکی ژیان و کاری خۆی بێت

ئەم جۆرە مەلایانە لە هەموو سەردەمێکدا کاریان دەڕوات، هەر دەسەڵاتێک لەسەر کار بێت؛ بە خۆنزیک‌کردنەوە و ستایش و سەناخوانی خۆیان لەلای خاترجەم دەکەن و لە پەنایدا خەریکی ژیانی ئاسان و مووچەی بێ‌ئەرک و خەریکی هێرش و گۆبەند و "داشە هارەیی"ی خۆیان لە کۆمەڵگا و لەناو خەڵکدا دەبن.

ئەم مەلایانە لە سەردەمی بەعس و لەلای صەددام (ی سەردەمی "حەملەی ئیمانی") باشتر کاریان دەڕۆشت. لەو کاتەوە پەیوەندیی مەلا بە دەزگای ئەمنیەوە دەستی‌پێ‌کرد. ڕژێمی بەعس زۆر جار لە ڕێگەی فەتوا و خۆپێشاندانی ئایینیەوە سوودی لێ دەبینین.

بە پلەی دووەمیش؛ ئەم مەلایانە لەلای پارتی تا ئێستە کاریان ڕۆشتووە و پەنادراون. بە جۆرێک مۆدێلی مەلای سەر بە دەزگای ئەمنی بەردەوام بوو. کە ئەم "مەلا ئەمنی"ـانە، وەکوو "مەلا ئیتلاعاتی"ـەکانی خۆرهەڵات؛ عادەتەن منەتیان بە کەس نیە و سڵ لە هیچ کارێک و لە هیچ کەسێک و هیچ قسەیەک ناکەنەوە، چونکە هەست بە پشت‌وپەنا دەکەن. ئەمەیە نهێنیی قسەکردنی نامۆ و کەڵەگایی و بێ‌منەتانەی مەلای وەکوو مەلامەزهەر و هەروەها مەلا مەسعوود کانی‌کوردەیی. جاران پێمان وا بوو مەلا مەزهەر لە ڕێگەی مەلا مەسعوودەوە پەیوەندی و هاوپشتیی لەگەڵ دەزگای پاراستن هەیە، ئێستە دەرکەوتووە کە مەلا مەزهەریش ـ وەکوو مەلا مەسعوود ـ برایەکی لە پاراستن پلەدارە. کردنەوەی کەناڵێکی ناوخۆیی لەلایەن مەلا مەزهەرەوە، لە هەولێر؛ هەر بە هەمان پشتگیری بووە، نەک ـ وەکوو خۆی دیعایەی دەکرد ـ بە پارەی پڕوپیرەژنی موسوڵمان!

ئێستەش لەسەر جوێنەکانی و قسە ناقۆڵا و بەرزونزمەکانی بە دەست سکاڵا یاساییەکان زۆری بۆ هاتووە، بەتایبەتی ئەمانەی ناوچەی سلێمانی، و دیارە لە پارتییش نائومێد بووە، و ئیتر دەیەوێت لەژێر دەسەڵاتێکی تردا بتوانێت ئەو ئابڵووقە یاساییە لەسەر خۆی هەڵگرێت، و بگەڕێتەوە بۆ وتاردان. بۆیە ئینجا نۆرەی هاتنە ژێر سایە و باڵی"سوڵتان"ـێکی ترە، دەسەڵاتێک کە لە ناوچەی خۆیدا حیساب بۆ هیچ شتێک و هیچ کەسێک و هیچ یاسایەک نەکات.

بۆیە بە پلەی سێیەم ئەم جۆرە مەلایە لەلای یەکێتی ئومێدی هەیە کاری بڕوات. دەریش‌کەوت ئەو هەموو مەدح و ستایشەی بافڵ لەلایەن مەلامەزهەرەوە بۆ ئەوە بوو پەنای بدات (کاتەکەیشی گونجاوە، چونکە لەم کاتەدا کە گرژیی نێوان یەکێتی و پارتی لە ئەوپەڕیدایەتی؛ کاتی سەنگەر گواستنەوەیە، و کەسانێکی سەربازی و ئەمنی و سەرۆک خێڵ و مەلا و جۆری تر لە هەر لایەک سەنگەر دەگوازنەوە بۆ لاکەی تر، چونکە دەزانن پارە و هێزیان پێ دەدرێت)، و مەلا مەزهەر دەیەوێت وەکوو چۆن بۆ مەلا فاتیح شارەستێنی مزگەوتێکی گەورە لە هەولێر کرایەوە؛ بۆ ئەمیش لە سلێمانی مزگەوتێک تەرخان بکرێت، تا خەریکی "داشە هارەیی" و لێدوانە بێ‌جێیەکانی خۆی بێت و ـ بە پشتگیریی برا گەورەی ئەملا ـ خۆی لە سەروو یاسایشەوە ببینێتەوە.

خراپترین ڕێکەوتن و دەست‌تێکەڵ‌کردن؛ ئەوەیە لەنێوان دەزگای ئەمنی و دەسەڵاتی حیزبیی ناوچەیی و نێوان ئەو مەلایانە دەکرێت.

May be an image of 2 people

 

ناو
بۆچوون ...