قاچاخچێتی بەئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەکرێت

شارپرێس
17-01-2023



ئەندامێكی پەرلەمانی کوردستان باس لەقاچاخچێتی بەئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات لەیەکێک لەخاڵە سنوریەکانی هەرێم، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سەرۆکی حکومەت ئاگاداری ئەم قاچاخچێتیەیە، بەڵام بێدەنگە"، ده‌شڵێت:"ئەو ئۆتۆمبێلە مادەیەک دەهێنێت بۆ هه‌ولێر کەس نازانێت چیەو کەسیش ناتوانێت بیکاتەوە".

کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان (فراكسیۆنى یه‌كێتى) لەدیدارێكدا له‌گه‌ڵ میدیاى نزیک لەحزبەکەی ڕایگەیاند، "لەدوای هەموو ئەم دۆخە خراپەی بەرۆکی هەرێمی گرتوە، بەداخەوە چاوەڕێبوین سەرۆکی حکومەت لەئاستی بەرپرسیارێتی بێت‌و دوو بەیاننامە دەربکات، یەكێکیان بۆ داوای لێبوردن لەخەڵک‌و دوه‌میش بۆ دەستپێشخەری لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت بۆ یەکێتی‌و گۆڕان، چونکە هاوبەشێکی سەرەکی پێکهێنانی ئەم حکومەتە بون، بۆ ئەوەی داوایان لێبکات چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كێتى وتیشى:"بەداخەوە کەم ئەزمونی کاک مەسرور وایکرد بەیاننامەیەکی بەدوای خۆیدا هێنا کە بەئاستێکی نزمی زمانەوانی‌و زبر نوسراوەو بەجۆرێکە گەیشتۆتە ئاستی تۆمەت بەخشینەوە، بەڵام ئەم تۆمەتانە ناتوانن پرسی ئەساسی لەهەرێمی کوردستان بەلاڕێدا ببات".

ئاشكراشیكرد، "یەکەمجارە ببینم سەرۆکی حکومەتی ناوچەیەک بەبەرنامە خۆیی‌و تیمەکەی کار لەسەرئەوە بكه‌ن چۆن دەروازەكانى باشماخ‌و پەروێزخان لاوازبکەن‌و لەبەرامبەردا حاجی ئۆمەران‌و ئیبراهیم خەلیل بەهێز بکەن، لەکاتێکدا ئەمانە دەروازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن‌و ڕێگە ڕاستەکە ئەوەیه‌ داهاتەکانیان بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم بێت، بۆیە پێمباشە واز لەم جۆرە بیرکردنەوانە بێنێت، چونکە بەدڵنیاییەوە سەرکەوتونابێت".

پرسێكى هه‌ستیارى ئاشكراكردو وتى:"سەرۆکی حکومەت ئاگادارە، بەڵام بێدەنگن، کە بەئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگە لەناو دەروازەی حاجی ئۆمەران قاچاخچێتی دەکرێت، پێشتر چەندینجار ئاماژەمان پێکردوەو ئاگادارمان کردونەتەوە کە ئەم ئۆتۆمبێلە مادەیەک دەهێنێت کەس نازانێت چییەو کەسیش ناتوانێت بیکاتەوە".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، "ئه‌و ماده‌یه‌ لەبەندەر عەباسەوە داخڵ بەحاجی ئۆمەران دەکرێت‌و لەوێوە کەس بۆی نییە پشکنینی بۆ بکات‌و داخڵ بەهەولێر دەکرێت".

کاروان گەزنەیی باسى له‌وه‌شكرد، "بۆ زانینی داهاتی نانەوتی سنوری پارێزگای سلێمانی نەک سەرۆکی حکومەت، بەڵکو هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لەڕێگەی ماڵپەڕی شەفافیەتەوە داهاتی سنوری ئەم پارێزگایە بزانن، بەڵام ئەی داهاتی خاڵە سنوریەکانی حاجی ئۆمەران‌و ئیبراهیم خەلیل‌و داهاتی فرۆشتنی نەوت چەندەو چى لێدێت‌و بۆ کوێ دەچێت؟ کە لەسەرۆکی حکومەت‌و تیمەکەی زیاتر کەسی تر نایزانێت".

چ.م

 

ناو
بۆچوون ...