بانگخواز یان نووسەر؟

دلێر محەمەد نوری
24-01-2023

 

بانگخواز

بانگخواز کەسایەتیەکی جێگیری نەگۆڕی متمانەبەخۆی، ڕەشباوەڕی ئایینییە. ئەوهاتووە، پەیامێکی ئایینی ڕووتی ئامادەکراوی نەسەلمێنراو لە ڕووی زانست و لۆجیکەوە، بگەیێنێت.  هەر بۆ ئەوەی کە ئەرکەکەشی، زوو کۆتایی نەیەت، لووتی خۆی، لە زۆر مەسەلەی زانستی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی و مرۆڤاتیشەوە، وەردەدات. سەرچاوەی زانیارییەکانی بانگخواز لە یەک کتێبی ئایینی و هەزاران فەرموودەی زارەکی دەماودەمەوە، هاتووە. هەرچی بانگخواز ئەیڵێت، ئەیلکێنێت بە خودا و پەیامبەرێکەوە و ڕەتکردنەوەی یان گوومانکردن لێی، ئەکەوێتە خانەی خیانەت و دژایەتیی کردنی خالیقەوە. هەر بۆیە پەیوەندی مرۆڤەکان بە بانگخوازەوە، لە پەیوەندی نێوان بانگدەر و گوێگر تێناپەڕێت. واتا ئەو زانیاری ئەدات و تۆش وەریدەگریت. هەر گفت و گۆیەکیش ڕوو بدات، دەبێت لە خزمەت زانیارییە جێگیرە بنچینەییەکەدا بێت، نەک گۆڕینی. کەواتا وتەکانی بانگخواز، هەمیشە حەقیقەتە و هەموو زانیارییەکی دیکە دەبێت، بە بەری ئەم ببڕدرێن و بپێورێن. پەیامی بانگخواز گریان و بێهیوایی و غەمناکی ئەمڕۆی ژیانە، لە پێناو گەیشتن بە  خۆشی و ئامانجێکی نەمر، کە دەکەوێتە دوای مەرگەوە. واتا ئەمڕۆی حەقیقەت لای بانگخواز خەوێکی ناخۆش و بەتاڵ و تێپەڕە. سبەینێی دوای مردن وکۆتایی دونیای نادیار،  ڕاستەقینەو ئامانجە. بانگخواز کاری بە شیکاری و تیوری و تاقیگە و ئامار و لێکۆڵینەوە نیە، چونکە پەیامەکەی ئەو، ئامادەیە و خودا وەکو هێلکەی پاککراو گەیاندوویەتی، هیچ پرسیار و گوومانێک هەڵناگرێ. بانگخواز گەیێنەرێکی بێ کاریگەرە، نەک لێکۆڵەر، لە بەرکەر و کۆپیکەرە، نەک بگۆڕ و فەلسەفەلێدەر. کاری بانگخوازی ئاسان و بێ تێچووە. ئەو لە بەردەمی کامێرایەک و بە مایکێکەوە، لە ژوورێکدا و لە شاشەی تەلەفزیۆن و مۆبایلەکانمانەوە و لە ڕێی تەکنەلۆژیای گەیاندن و ئینتەرنێتەوە، ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەکی زارەکی، بە بێ ئەوەی تەکلیفێکمان لێ بکات، دێتە بەردەممان. هەق وایە بانگخواز لە دوای خودا سوپاسی بەرهەمی نووسینی نەیارەکانی خۆی بێت، کە ئەم خزمەتە بەخۆڕاییەیان پێی گەیاندووە. بە کورتی جەماوەری بانگخواز دەبێت گوومان و پرسیار لە خۆیان داماڵن و دانیشن و ڕووەو زەوی سەرداخەن و وەرگرن و لەبەر بکەن و وتەکانی بانگخواز بڵێنەوە. چونکە تا بیرنەکەیتەوە و نەخوێنیتەوە و گوومان نەکەیت تۆ وەرگرێکی باش و بە ئەمەکیت.

نووسەر

نووسەر کەسایەتییەکی ناجێگیری گۆڕاوی نادڵنیایە و باوەڕی تەنها بە سەلمێنراوەکانە.  نووسەران کەسانێکی زانستی و لۆجیکی و بە بنەمان. نووسەر پەیامێکی زانستی و فەلسەفی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و ئەدەبی و هونەری سەلمێنراوی پێیە. ئەرکی نووسەر گۆڕاو و ناجێگیر و بەردەوامە. هەتا ژیان بەردەوام بێ، پڕۆسەری نووسین و لێکۆڵینەوە قورستر و خێراتر ئەبێت بەڵام هەرگیز ناوەستێت. سەرچاوەی نووسەر، ملیارەها ساڵ مێژوو و کتێب و ملیۆنان لێکۆڵینەوە و تاقیگە و سەلمێنراو و پێدراو و تیۆرییەکان و دەیان هەزار ئەدیب و نووسەر و فەیلەسوفە و هەزاران ئایین و باوەڕی ئاسمانی و مرۆییە. هەرچی نووسەر ئەیڵێت، بەڵگەدار و حەقیقەتی سەلمێنراوی نێو تاقیگەیە یان لێکۆڵینەوە و شیکارییەکانی نێو گۆڕەپانی ژیان و ئامارەکانە یاخود ئەو تیۆرییانەن کە پێویستیان بە بەڵگە و لێکۆڵینەوە و کاری زیاترە. نووسەر کەسێکی دوودڵە، گوومانکەرە، پرسیارکەرە، تا نەگاتە حەقیقەتی ڕەها، نایسەپێنێ بە سەر مرۆڤایەتیدا. هەر بۆیەش پەیوەندی مرۆڤەکان بە نووسەرانەوە، پەیوەندی نێوان نووسین و خوێنەری گوومانکەر و پرسیارکەرە. هەر بۆیە پرسیار و گوومانەکانی خوێنەر، نەک ڕەوا و ڕێگە پێدراوە، بگرە پێویستییە و دڵی نووسەر خۆش ئەکەن و ڕووناکی زیاتر ئەخەنە سەر حەقیقەتەکان. خوێنەر لێرە هەمیشە ڕازی نیە، بەڵکو کاری ئەو ڕەخنەگرتن و هەڵوێستەکردن و دەربڕینی بیروڕایە. پەیام و بەرهەمی نووسەر بۆ ئەمڕۆیە، بۆ ژیانە، بۆ گۆڕینە، بۆ بەردەوامبوونە. نووسین لە مردن و لە دوای مردنیش ئەکۆڵێتەوە، بەڵام ژیان بۆ ئەو حەقیقەت و ئامانجە. کاری نووسەر ئاسان نیە و تێچووی زۆرە. ئەوەی نووسەر لە لێکۆڵینەوە و شیکاری و کتێبێکدا ئەمڕۆ پێشکەشی ئەکات، گەلێ پێشتر لە پرسیاری و گوومانێکەوە یان لە خەمێک لە خەمەکانی ژیانەوە دەستی پێکردووە. وەڵامدانەوە و ڕەواندنەوەی ئەو گوومانە، بووە بە پێویستی. ئامار و بیرکردنەوە و شیکاری و تاقیگەی بۆ ئامادەکراوە، تا لە دەرگای حەقیقەتەوە چوونەتە ژوورەوە و بە وەڵامێک یان ئەنجامێک، خۆشبەختییەکیان بۆ مرۆڤایەتی، بۆ ژیان، بۆ ئەمڕۆ هێناوە. یان هەر نەبێ هەوڵیان داوە گرێی کوێرەوەرییەک بۆ مرۆڤ بکەنەوە. بەرهەمی نووسەر تا ئەبێت بە نووسین کات و تێچووی ئەوێ. بە بیرکردنەوە دەست پێ دەکات و بە کتێب کۆتایی دێت. کتێب ئەگاتە سەر ڕەفەکان و لە چاوەڕوانیدا ئەمێننەوە. ئەگەر خوێنەر هەوەسی گەڕان و خوێندنەوەی لا دروست نەبێت و تەکلیف لە خۆی نەکات و کتێب نەکڕێت، ئەوا کتێب و نووسین بە ئاسانی نایەنە لای کەس.

دوو پڕۆسە

١/ پڕۆسەی مردوو: وەرگر و گوێگرێکی ئایینی تەنها گویچکەی هەیە بۆ بانگخوازی هەڵخا و ڕازی و قایلە لە غەفڵەتی بیرکردنەوەدا، ئەوەی بانگخواز ئەیڵێت بە ئامادەکراوی وەریبگرێ و پیادەی بکات. گوێکر بە بێ هیچ کاردانەوەیەک پەیامەکان وەرئەگرێت و کاریان پێئەکات. ئەوە بانگخوازە لە جیاتی ئەو بیرئەکاتەوە و دڵنیایی خودایی ئەداتێ لە ڕاستی و دروستی ئەوەی کە لە ژیاندا پیادەی ئەکات. بۆیە پەیوەندی نێوان بانگخواز و بانگ وەرگر پەیوەندییەکی مردووە و هەر لە پێناو مەرگیشە.

٢/پڕۆسەی زیندوو: خوێنەر دەبێت ئارەزووی گەڕان و گوومان و خوێندنەوەی لا درووست بێت. ئامادەبێت کتێب بکڕێ و بیخوێنێتەوە. ئەو مەرج نیە ڕازی ببێت. ئەو بۆی هەیە بگەڕێت، بپشکنێت، پرسیار بکات، گوومان بکات. نووسەر هەوڵ  ئەدات دڵنیایی بداتە کەسەکان. لە کوا وەڵامێکی پێ نەبێت، بەلەخۆبووردەوە ئەڵێت نازانم. ئەو حەقیقەتی ئەمڕۆ ئەڵێت بە پێی ئەو پێدراوەی ئەمڕۆ لە بەردەستدایە. نووسەر دەرگای بیرکردنەوە بە کراوەیی ئەهێڵێتەوە. بۆیە پەیوەندی نێوان نووسەر و خوێنەر پەیوەندییەکی زیندووی پڕ لە ژیانە و لە پێناو ژیانیشە.

دەرگایەکی داخراو و یەکێکی کراوە

ڕۆژێک لە چاوپێکەوتنێکدا، لە شێخ شەعراوی زانکۆی ئەزهەر ئەپرسن کە ئاخۆ فڵانە ڕۆمانی نووسەری میسری نەجیب مەحفوزی خوێندۆتەوە؟ لە وەڵامدا شێخ ئەڵێت: من پەنجا ساڵیشە تەنها قورئانم خوێندۆتەوە. پرسیارکەر بە دیوێکی دیکەدا، ویستوویەتی بڵێت، پەسەند نیە کەسێکی وەکو شەعراوی بێ ئاگا بێت لە خوێندنەوەی ڕۆمانی کەسێکی ناوداری و پڕ مشت و مڕی وەکو نەجیب مەحفوز. هەر وەها شەعراویش بەم وەڵامە، مەبەستی بووە بە جەماوەرەکەی بڵێت، هیچ کتێب و هیچ نووسینێك شایەنی خوێندنەوە نیە و چاو لە شێخی خۆتان بکەن و تەنها ئەم تاکە کتێبەکەی دڵخوازی خۆمان بخوێننەوە. شەعراوی جگە لە وەعز و وانە ئایینییەکانی نەبێت، خاوەنی هیچ کتێب و تەنانەت لێکۆڵینەوەیەکی ئایینیش نیە. ئەوەشی بە ناوی شەعراوییەوە لە کتێبدا کۆکراوەتەوە، لە زمانە سادەکەی خۆیەوە و لە بەر ڤیدیۆ و ئەو تۆمارانە نووسراونەتەوە و کراون بە کتێب، کە بڵاوبوونەتەوە. بە کورتی شەعراوی سەربوردەی دەرگا داخراوەکەی هزر و بیرکردنەوەیە. بەڵام ئەگەر لە دەرگا کراوەکەی نەجیب مەحفوز بدەین، ئەوا ٢٢٣ چیرۆک ٥٥ کتێب و ٣٥ ڕۆمان و ٢٦ دەقی سینەمایی و ٧ دەقی شانۆیی و چەندانی دیکەش، دەرگامان لێ ئەکەنەوە. نەجیب مەحفوز تاکە میسری وڵاتەکەی شەعراوی و بگرە تاکە عەرەبی مێژوووە کە خەڵاتی نۆبڵی، لە ئەدەبدا وەرگرتووە. نەجیب مەحفوز دەرگا کراوەکەی ڕووی ژیانە بە سەر کۆمەڵگای میسری و عەرەبیدا.

بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ، لە کۆمەڵگای میسرییدا، ڕاپرسییەک لە نێوان ئەو دوو کەسایەتییەدا بکەین، بەدڵنییاییەوە دەبینیین، دەیان جار هێندەی نەجیب مەحفوز، ئەو جەماوەرە، بێ هودە لە دەرگا داخراوەکە دەدەن، تا لێوەی بچنە ژوورەوە.  دەرگاکەی نەجیب مەحفوزیش، کەمینەیەک نەبێت، زۆرینەیەک چوونەژوورەوە لەو دەروازەیەوە، هەر بە حەرامیش ئەزانن.

لە فیس بووکدا، سێرچێکی بەراوردکاریم، بۆ دوو کەسایەتی کوردی باشور کرد. یەکیان بانگخواز و ئەوی تریان نووسەربوو. گەیشتمە چەند ئەنجامێکی تۆقێنەر. ئەوەش بەوەی کە:

١/بانگخواز حاجی کاروان، لە پەیجەکەی خۆی،  خاوەنی یەک ملیۆن دواکەوتووە(فۆڵەوەر) و لە کورتترین  پۆستیدا کە نزایەکی چەند وشەییە، نزیک بە یانزە هەزار لایکی بۆ هاتووە. لە کاتێکدا حاجی کاروان خاوەنی هیچ بەرهەم و پاشخانێکی مەعریفی و ڕۆشنبیری نیە. ئەوجگە لەوەی کەسایەتییەکی ئیسلامی سیاسییە و کاری بانگخوازی ئەکات.

٢/دکتۆر مەرێوان وریا قانیعیش، خاوەن چەندین بڕوانامەیە و مامۆستای زانکۆیەکی هۆڵەندییە. خاوەن هەزاران وتار و لێکۆڵینەوە و سەددان کۆڕ و سیمینار و دەیان کتێب و نامیلکەیە. کەسێکی دیاری کایەی سیاسی و ڕۆشنبیری و مەعریفی کوردستانە. قسەیەکی ڕەخنەگری جدی و ئامادەیە، خاوەن تێز و تێڕوانینی نوێی تایبەت بە خۆیەتی. بەڵام تەنها ٤٧هەزار کەس لایکی پەیجەکەیان کردووە. لە باشترین پۆستیدا لە فیس بووکدا، کە باس لەخەمێکی قووڵی گشتی ئەکات، بە هەزار حاڵ ٤٥٠٠ لایکی بۆ چووە. لەمانەی سەرەوە ئەگەینە ئەنجامێکی تۆقێنەر کە ئەویش ئەوەیە کە:

لە کۆمەڵگای کوردی لە باشوری کوردستاندا، دەسەڵاتی سیاسی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی ڕووەوەو جەهل و نەخوێندەوارییە. ڕووە و مرۆڤی نامۆ بە کتێب و بێ پرسیار و بێ گوومان. ئەمڕۆ لێرە پڕۆسەی بەگێلکردن و بە مەڕکردن ئامادەیە. ئەمڕۆ لەوێ تەنانەت ئەگەر بانگخوازێک چەند ساڵێک لە سودان یان میسر خۆی بە شەریعەت و ئایینەوە خەریک بکات، زۆر بە ئاسانی هەر لە پشتی مۆبایلەکەیەوە ئەتوانێ هەزاران دکتۆر و پارێزەر و کرێکار و جوتیار و خوێندکار و نەوێندەوار کۆبکاتەوە و ئاراستەیان بکات. هەر بۆیە کتێبەکان لە سەر ڕەفەی کتێبخانەکان تۆزی لێ ئەنیشێت و پەیج و مینبەری بانگخوازەکان، ڕەواج پەیدا دەکات.

ناو
بۆچوون ...