ئەو ڕۆژەی چەپڵەی کچ و کوڕی کورد خەریک بوو شۆڕشێکم پێ ئیعلاکەن. مانگی پێنجی 2014 ئەوکاتە تازە بەشی سۆرانیی ئاژانسی ئەنادۆڵ کەوتبووە ئیش لەوێ کارم دەکرد. ڕۆژێک ئاگادار کرام کە دەبێ سەفەرکەین بۆ ئەنقەرە بۆ (کۆنفرانسی چاککردنی زمانی کوردی) منیش وەک هەڵسوڕێنەرێکی بەشی سۆرانیی ئەنادۆڵ بەشداری بکەم.
دوو شەو و تا عەسرێکی ئەو حەفتەیە لەئەنكەرەبووین، لەوێ هەموو ئەوانەی بینیمان کوردبوون، بەس یەک دانەشیان بە کوردی قسەیان نەدەکرد تەنیا ئەوە نەبێ کە دەیانزانی من لە باشوورەوە هاتووم، بەخێرهاتنێکیان دەکرد.. کەکە توو بخێر هاتی . ئیتر دەبوونەوە بە تورکی شاخاوی!!
لەو هۆڵەی کە کۆنفرانسەکەی تیاگیرابوو، تەنیشتی باڵەخانە نۆ نهۆمییەکەی بارەگای سەرەکی ئاژانسی ئەنادۆڵ بوو. لەریزی پێشەوە کورسییەک بۆ من تەرخانکرابوو، جێگری ئەردۆغان کە ئەوکاتە سەرۆکوەزیران بوو بەناوی (بوڵەند ئارنج) سێ کورسی لەولای منەوەبوو دانیشتبوو.
ئارنج چووە سەر سەکۆکە و وتی: من تەلەفزیۆنی تەرەتەی کوردیم کردەوە، چونکە ئەوکاتەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بووم جارێک چووم بۆ قەتەر، شەو لە ئوتێل تەماشای کەناڵی جەزیرەم دەکرد سەبارەت بەسەردانەکەی من هەر هەواڵ و ڕاپۆرتی نیشاندەداو خۆیشم هیچ تێنەدەگەیشتم. بۆیە یەکسەر هاوڵاتییە کوردییەکانم بیرکەوتەوە کە زمانی تورکیی نازانن و ئێمەیش بەکوردی هیچیان پێشکەشناکەین. بۆیە کە گەڕامەوە بۆ تورکیا یەکسەر پێشنیازەکەم خستە بەردەم بەڕێز تەیب ئەردۆغان و ئەوەبوو ئێستا بێجگە لە تەرەتەی کوردی، ئاژانسی ئەنادۆڵیشمان هەیە بەدوو زاراوای کوردی.
دوای قسەکانی جێگرەکەی ئەردۆغان، لەسەر سەکۆ باسی من کرا کە لەکوردستانی عێراقەوە هاتووم و یەکێکە لە کادرە سەرەکییەکانی ئەنادۆڵی سۆرانیی با قسەمان بۆ بکات.
ئەوە یەکەمجارمبوو لەبەردەم سەدان کەس لە هۆڵێکدا قسە بکەم، هۆڵی چی پڕبوو لە وەزیر و بەرپرس و مامۆستا و خوێندکاری زانکۆی ماردین و دیاربەکر و ئیستانبوڵ و ئەنقەرە.
هەرکە مایکم وەرگرت حەماسەتی کوردایەتیی تای بەرزکردمەوەو کەوتمە خوتبەدان: من دوو ڕۆژە لەپایتەختی تورکیام، تەنیا دوو "سڵاڤ و سێ و چوار تە باشبی ئەزیش باشم"م گوێ لێبووە. ئێ خۆ جاران لە تورکیا کوردی ئاخاوتن لەتلیاک قاچاختربوو، ئەوەتا ئێستا جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا خۆی دەڵێ من کەناڵە کوردییەکانی دەوڵەتم کردووەتەوە. خۆ دە ساڵ لەمەوبەر جێگری سەرۆکوەزیران بەخەیاڵیش ئەمەی بوتایە هەر لێرەدا ملی دەکرا بە پەتا.
کاتێ من قسەم دەکرد، مامۆستایەکی زانکۆی ماردین لەسەر ستەیج دانیشتوو ڕاستەوخۆ قسەکانی دەکردم بە تورکی، ئاگام لێبوو ئارنج لایکردەوەو تا تەواوبووم هەر سەیری منی دەکرد و دەستی نابووە ژێر چەناگەی.
من بەردەوام بووم لە خوتبەی خۆم: دەوڵەتی تورکیا ئێستا نەک ناتانکوژێ لەسەر زمانی کوردی بەڵکو بە پارەی خۆیشی کەناڵی بۆ کردوونەتەوە، دەشزانم کەناڵەکان تا چاکەی خۆیان وەستابێ ناهێڵێ باسی کورد بەچاکە بکەن، بەڵام گرنگە لەپەنای وەسفی دەوڵەتدا زمانە قەدەغەکراوەکەی کورد ببووژێننەوە. بیکەنە زمانی ڕەسمیی دەوڵەت. قسەی پێ بکەن و چیرۆکی پێ بگێڕنەوە. زمان وەکو پاسکیل وایە، ئەگەر پاسکیل لێنەخوڕی دەبێ پاڵی بدەی بەدیوارێکەوە یان لە عەرزەکەدا ڕایبکێشی، بەڵام ئەگەر کەسێک هەبێ پاسکیلەکە لێبخوڕێ ئەو باش دەروات و بە تۆکمەیی دەمێنێتەوە.
بەردەوام بووم و بیرمچووبوو چەندێ کاتم هەیە: تکایە زۆر باش ئەمە بزانن کەس بۆ کورد باش نییە و باش نابێ. قەرەبووی ئەو هەموو زوڵمە بکەنەوە کە دەوڵەتەکانی تورکیا لە کورد و زمانەکەیان کردەوە. کابرای دەوڵەت ئێستا کە لەسەر کوردییەکەت ناتکوژێ، تۆیش کات مەکوژە و زمانەکەت زیندوو بکەرەوەو پەرەی پێ بدە هەر بە پارەو کەناڵی ئەو دەوڵەتەی دەیکوشتی و دەیچەوساندیتەوە.
من گەیشتمە قسەی کۆتایی و وتم: چاکەی دەوڵەتی تورکیا گرەنتی نییە تاسەربێ، بەڵام جارێ سەردەستەیی ئەوان وادیارە تاسەرە؛ بۆیە دەرفەت بێنن و بەکوردی قسە بکەن.. بە کوردی بنووسن و کوردانە بیربکەنەوە تا ئەوان بزانن کە ئێوە شاخاوی نین بەڵکو شارستانین ئەگەر دڕندەیی لێگەڕێ....
کاتێمزانی هۆڵ پڕبوو لە چەپڵەڕێزان، لامکردەوە بەلای ئەو هەموو کچ و کوڕە گەنجەدا کە خوێندکاری زانکۆبوون و بۆ ئەوکۆنفرانسە هاتبوون وتم: ئێوە دەتوانن ئیسپاتی بکەن کە کێویی نین بۆیە تا تەڕایی لە قوڕگتانا هەیە بە کوردی قسە بکەن... ئیتر هاڕەی چەپڵەلێدان درێژتر بوویەوە.
بڕوابکەن بەهۆی زۆری چەپڵەهەستبزوێنەکانەوە زۆری نەمابوو ئیعلانی شۆڕشێک بکەم لەهۆڵەکەدا، دوای تەواوبوونی دانیشتنی یەکەمی کۆنفرانس، کچ و کوڕ.. ژن و پیاو هاتن بۆ لامو زۆر بەحەماسەتەوە دەستخۆشییان دەکردو داوای ڕەسمگرتنیان دەکرد. وتیان ئیتر ڕۆژڕۆژا مەیە ژ بۆ بلندکرنا زمانێ مەیە بندەست.
چەپڵەلێدان زۆر خەتەرە، بۆیە بەڕێزان گرنگە ئاگاداری چەپڵەکانتان بن و بە هەدەری نەدەن، تەنیا ئەو کاتانە لێی بدەن کە کەسێک بیەوێ کوردایەتیی و زمانەکەتان بە خاوێنیی و بێگەردێ بمێنێتەوە نەک شتی تر وەک من چۆن لە ئەنقەرە بۆ زمانی کوردی هاوارم دەکرد و خەریک بوو بخرێمە لیستی کۆچکرووانی کوردەوە!