رێگای كوردستان
سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له کۆبوونه‌وه‌ی نێوان حزب و لایه‌نه کوردستانییه‌کان بۆ ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به
شێوازی فره بازنه‌یی
کشاونه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ی دژی فره بازنه‌یین و له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردندان به شێوازی یه‌ک بازنه‌یی.
دکتۆر کاوه مه‌حمود، سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی کوردستان، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای راگه‌یاند "ئێمه ئاماده‌بووین له کۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی یه‌کێتی و پارتی له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌کان بۆ ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر شێوازی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام تێگه‌یشتین که پارتی و یه‌کێتی خۆیان پێشوه‌خت ڕێککه‌وتوون و ڕێککه‌وتنه‌که له‌گه‌ڵ بۆچوونی ئێمه ناگونجێت، بۆیه له کۆبوونه‌وه‌که
کشاینه‌وه، تا ناومان له‌سه‌ر به‌لاغی کۆتایی کۆبوونه‌وه‌که نه‌بێت."
وتیشی"ئێمه دژی دابه‌شکردنی کوردستانین بۆ چه‌ند بازنه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردن، چونکه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و په‌رله‌مان جیاوازه، په‌رله‌مانتار نوێنه‌ری هه‌موو کوردستانه و ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی کوردستان ده‌نگی پێبدرێت."
ئه‌و لایه‌نانه‌ی پشتگیری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به شێوازی فره بازنه‌یی ده‌که‌ن پێیانوایه، فره بازنه‌یی واده‌کات هه‌موو ناوچه‌یه‌ک نوێنه‌ری خۆی له په‌رله‌مان هه‌بێت و په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ له نێوان ده‌نگده‌ر و نوێنه‌ردا هه‌بێت، هه‌روه‌ک فره بازنه‌یی ڕێگری ده‌کات له‌وه‌ی کاندیدی پارێزگایه‌ک به ده‌نگی پارێزگایه‌کی تر بڕواته په‌رله‌مان و هیچ پابه‌ندبوونێک له نێوانیاندا نه‌بێت.
سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی ده‌ڵێت "یه‌کێتی و پارتی خۆیان ڕێککه‌وتوون، هاتوون پرسه خه‌سوانه‌یان به‌لایه‌نه‌کان کردووه، له کاتێکدا قه‌یرانی حوکمڕانی هه‌رێم به ڕێککه‌وتنی ئه‌و دوو لایه‌نه چاره‌سه‌ر نابێت، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنیش هیچ له دۆخه‌که ناگۆڕێت، چونکه ڕێککه‌وتنه‌کانی پێشتری پارتی و یه‌کێتی نه‌زۆک بوون، چاره‌سه‌ر به‌دامه‌زراوه‌یی کردنی هه‌رێم و دانانی ده‌ستور و گه‌ڕانه‌وه‌یه به دامه‌زراوه‌کان."
دکتۆر کاوه مه‌حمود سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی ده‌ڵێت"گه‌ر هه‌ڵبژاردن به فره بازنه‌ییش ئه‌نجام بدرێت، ئێمه حزبی سیاسیین، توانای خۆ گونجاندنمان له هه‌ر شه‌ڕێکی سیاسی‌دا هه‌یه به‌شه‌ڕی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه، بۆیه گرفتی ئێمه ئه‌م بابه‌ته نییه، ئێمه ده‌مانه‌وێت کوردستان یه‌ک بازنه بێت، تا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان گوزارشت له یه‌کێتی خاکی کوردستان بکات، ده‌بێت هاوڵاتی نیشتمانی دوور له شوناسی لۆکا‌ڵی دروست بکه‌ین."
هه‌روه‌ها وتیشی"یه‌کێتی و پارتی ره‌هه‌ندی نیشتمانی ده‌به‌ستنه‌وه به ڕێککه‌وتنی نێوان خۆیانه‌وه، خۆ ره‌هه‌ندی نیشتمانی دواخستنی هه‌ڵبژاردن نه‌بوو، ناکرێت به پێی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی یاسای هه‌ڵبژاردن بگۆڕدرێت."
سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی کوردستان ڕه‌خنه‌ی له ( یه‌کێتی ، پارتی، گۆڕان، کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو) گرت، به‌وه‌ی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێمیان له نێو خۆیاندا دابه‌شکردووه، وتی"له سه‌رۆکی کۆمیسیۆنه‌وه تا شۆفێر و چایچییه‌کانی ئه‌و ده‌زگایه، ئه‌و پێنج حزبه له نێو خۆیاندا دابه‌شیانکردوون، بۆیه کۆمیسیۆنه‌که ماوه‌ی به‌سه‌رچووه و ئێمه داوامانکردووه بدرێته دادگا، که‌چی نه‌دراونه‌ته دادگا."