ئەم هەڵبژاردنەی توركیا بۆچی چرەنوسسازە؟

نەوزادی موهەندیس  
09-05-2023

 

•    وەك دەوترێت ڕۆژی یەكشەممە 14/5/2023 ڕۆژی  حەشر و حسابە بۆ هەریەكە لە هاوپەیمانی كۆماری ((ئاكاپە و مەهەپە بەسەركردایەتی ئەردۆگان ی 69 ساڵ و دەوڵەت باخچەلی)) لەلایەك و لەولاتریشەوە بۆ هاوپەیمانی میللەت (( 6 پارتەكەی چواردەوری مێزە خڕە 6 كەسیەكە و كاندیدەكەیان كمال كلیچدار ئۆغڵۆ 74 ساڵ ))،چونكە لەم هەڵبژاردنەدا هەر لایەكیان سەركەوتوو بێت ئەوا بۆ ماوەی 5ساڵی ئایندە باڵادەستی تەواو دەبێت  و دەتوانێت بەرنامە و بیروباوەڕەكانی خۆی لە سیاسەت و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و هەموو بوارەكانی تردا جێبەجێبكات.
•    گەر هاوپەیمانی كۆمار سەركەوتوو بێت واتە درێژەدان بەهەمان بەرنامەی 5 ساڵی ڕابووردوو كە بەهاوبەشی ئاكاپە و مەهەپەی نەتەوەیی و بە ڕابەرایەتی ئەردۆگان پیادەیان كردووە.ئاشكرایە ئەردۆگان و حیزبەكەی ئاكاپە بۆماوەی زیاد لە 20سالێ‌ تەواوە بەتەنها لەدەسەلاتدان .
 توانیویانە تاڕادەیەك لەم 20 ساڵەدا لەڕووی سیاسی و پێكهێنانی چوار كابینەی حكومەتێكی یەكگرتوو وبەهێزی ناوخۆییەوە دابمەزرێنن دوور لە حكومەتە ئیئتیلافیە لاواز و لەرزۆكەكانی ڕابووردووتر لەنێوان حیزبە سیاسیە عیلمانیەكاندا.ئەمە بۆ ئەردۆگان و ئاكاپە خاڵێكی ئەرێنیە.بەڵام لە ڕووی سیاسەتی دەرەكی و پەیوەندیە سیاسیەكانی توركیا بە دەوروجیران و گەلانی ناوچەكە و وڵاتانی زلهێزیش و یەكێتی ئەوروپاوە توركیا زۆرینەی سیاسەتەكانی تاكتیكی و هەڵبەز و دابەز و شڵەژاوی پێوەدیاربوە و لەماوەی 5 ساڵی ڕابووردوودا توركیا پەیوەندیەكانی لەگەڵ عێراق و سوریا و ئێران و سعودیە و ئیمارات و میسر و ئیسڕائیل و ...هتد.زۆر خراپ بوە لەناوچەكەدا و لەگەڵ هەریەكە لە ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا و تەنانەت ڕوسیاشدا زۆر باش نەبووە و گەیشتۆتە ئاستی دابڕان و گەمارۆ سەپاندنە سەر توركیاش ،هەربۆیە ئەردۆگان خۆشی و توركیاشی ڕووبەڕووی قەتیسبوون و گۆشەگیری و كەنارخستن كردبۆوە,بەڵام بەسیاسەتە دووفاقی و دووڕوویی و ڕاراییەكانی توانیبووی لەگەڵ هەموانیشدا پەیوەندیەكانیان بەناچاری ئاسایی بكاتەوە گەرچی بە تەنازولكردنیش بێت.
لەڕووی ئابوریشەوە ئابوری توركیا  ڕووی لە هەڵاوسان وچوونەوەیەك و خاوبونەوە و سستبوون چوە و نرخی دراوەكەی لیرەی توركیا بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە و خەرجیەكانی ئەو جەنگ و ململانێیانەی زۆر لەسەر توركیا كەوتوە و ئاستی داهات و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی توركیا زۆر خراپ بووە.
لەڕووی ئەمنی و سەربازیشەوە،بەهۆی سیاسەتە هەڵە و دەستێوەردان و سنووربەزاندنەكانی سوریا و عێراق و هەرێمی كوردستان و یۆنان و قوبرس و ...هتد.توركیا هەمیشە لەدۆخێكی نا ئەمین و نائارامدا بوە و ڕووبەڕووی ڕەخنە و گازندەی دۆست و نەیارانی بۆتەوە لە زلهێزەكانی ئەمریكا و ڕووسیا و یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ كە بەنیازن تەنانەت بڕیاری دەركردنی توركیا بدەن لە ڕیزەكانیشی بەهۆی لایەنگیری و نزیكبونەوەی لە ڕووسیا و پۆتینی سەرۆكی.
لەڕووی كۆمەڵایەتی و بوارەكانی تریشەوە توركیا لە پاشەكشەدایە و بەتایبەتیش لە بوارەكانی دیموكراتی و ئازادیەكان و ڕاگەیاندن و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤەوە.
لەڕووی گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی وڵاتیشەوە ئاكماپە و ئەردۆگان ڕووبەڕووی توندترین ڕەخنەی ناوخۆیی و دەرەكی بونەتەوە.
لەڕووی تاكڕەوی و حوكمڕانی بنەماڵە  لە حیزب و حكومەتدا و بەتایبەتی دوای هەمواركردنەوەی سیستەمی حوكمڕانی لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی بەهەمان شێوە ئەردۆگان ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بۆتەوە.
بەم شێوەیە ئەردۆگان و ئاكاپە لەبەردەم دوو ڕیانێكی چارەنووساز و سەرنوشتسازدان و گەر سەركەوتووبن ئەوا گرەنتی مانەوەیان دەكەن بۆ 5ساڵی ئایندە و دۆخەكانی ناوخۆ و دەرەكی باشتر نابن و ڕوولە خراپی و پیاداكێشان دەبنەوە لەناوچەكە و دونیاشدا.بۆیە لەناوخۆ و دەوروجیران و دونیاشدا ئاواتەخوازی نەمانی ئاكاپە و ئەردۆگانن لەدەسەڵاتدا وكاریش دەكەن بۆ شكستپێهێنانی.
•    لەبەرامبەریشدا،گەر هاوپەیمانی میللەت سەركەوتووبن،ئەوا كۆتایی قۆناغی ئەردۆگانیزم و ئاكاپە دەبێت و قۆناغێكی نوێی جیاواز لە 20 ساڵی ڕابووردوو دێتەوە كایە و توركیا خۆی لە تەوقی ئەردۆگانیزم ڕزگار دەكات و ئەوەی ئاكاپە و ئەردۆگان بەتاكڕەوانە و ملهوڕانە كردویانە هەڵیاندەوەشێنەوە و ڕەنگە دەرگای جەهەنەمیشی بەڕوودا بكەنەوە لە ڕێگەی كردنەوەی دەیان و سەدان دۆسیەی گەندەڵی و مافەكانی مرۆڤ و كوشتن و گرتن و دوورخستنەوە و سزادانی چالاكوانان لەهەموو نەتەوەكان و ...هتد.بەمەش ڕەنگە ئاكپاپە وەكو حیزبیش ڕووبەڕووی داخستن و هەڵوەشان و بچووكبونەوە ببێتەوە.
•    بەڵام لەلایەكی ترەوە ڕەنگە ئەم هاوپەیمانێتیە تاسەر بڕنەكات و حكومەتێك و پەڕلەمانێكی لاواز و لەرزۆكی ئیئتیلافی لێ بەرهەمبێت و جارێكی تریش قۆناغ و سەردەمی نەوەدەكانی سەدەی ڕابووردوو  وەبیری توركەكان بخەنەوە.كە لەهەموو ڕووەكانەوە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و ...هتد.كە هیچ توركێك ئاواتی بۆ ناخوازێت و دووریش نیە لە ئەنجامی حكومەتێكی ئاوها لاوازدا پەنا نەبرێتەوە بەر كودەتای سەربازی چونكەی سەربازەكان ماوەی 20 ساڵە بێ‌ دەست و چەنجە كراون و نینۆك و پەڕوباڵیان كراوە لەلایەن ئاكاپە و ئەردۆگانەوە.
بۆیە بەهەق ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە بۆ هەردوولا و بۆ تەواوی گەلانی توركیا و توركیاش وەكو وڵات.بۆیە هەمووان ئەو پەڕی توانا و هێز بەكاردێنن و هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیان لەوپەڕی گەرموگوڕیدایە و وەك دەڵێن شەڕی مان و نەمان دەكەن.
•    بەلای كوردیشەوە ئەوە گرنگە لە ئێستادا كە دەسەڵاتی ئەرۆدگان و ئاكاپە كۆتایی پێبهێنرێت چونكە لەو ماوەی 20ساڵەدا ئەردۆگان ئەوەی بەكوردی كردوە لە هەر چوار پارچەكەی كوردستاندا هیچ حكومەتێكی توركیا پێینەكردوە.لانی كەم ئەو دەسەڵاتانە تەنها دژ بەكوردی توركیا و لەم دواییانەشدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان دژایەتیان دەكرد.بەڵام ئەردۆگان و ئاكاپە لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان بەوپەڕی توندوتیژی و نامرۆڤانەوە مامەڵەی دەكرد و هەموو هێز و هەڕەشە و هۆكارەكانی بەكاردەهێنا بەتایبەتی لە باكور و ڕۆژئاوا و لەهەرێمی كوردستاندا بەناوی دژایەتیكردنی تیرۆر و تیرۆریستانەوە كە تەنها مەبەست لێی پەكەكە و پەیەدە و هەموو كورد بووە و بەلای ئاكاپە و ئەردۆگان و مەهەپەشەوە هەموو كورد تیرۆریستن و لەهەركوێی دونیابن دوژمنایەتیان دەكەن.
هەربۆیە هەدەپە و هێزە چەپەكانی تری توركیا و كوردەكان دەنگی خۆیان یەكلاكردۆتەوە بۆ كمال كلیچدار ئۆغڵۆی ڕكابەری ئەردۆگان ((هەرچەندە لەڕابووردوودا هەموو پارت و سەركردە عیلمانیەكانیش هەڵوێست و كردار و گوتاری دوژمنكارانەیان بەرامبەر كورد و مەسەلەكەی تاقیكراونەتەوە)) ،بەوهیوایە كە كرانەوەیەكی زیاتر لەهەموو بوارەكان و بەتایبەتیش بەرامبەر مەسەلەی كورد لە توركیا و ناوچەكەدا چێ ببێت.كوردیش بتوانێت بە نەفەس و نیەت و بەرنامە و تێڕوانینێكی نوێوە بۆ ئایندە كاربكات و هاوبەشیش بكات لەدەسەڵاتی توركیادا و مافەكانی بە ئاشتی و لەڕێگەی یاسا و دەستور و پەڕلەمانەوە وەدەستبێنێت و تەنانەت بەڵێنیش دراوە كە كار بكرێت بۆ كۆتایهاتنی شۆڕشی چەكداری پەكەكەش.
بەم شێوەیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ كوردیش سەرنوشتسازە و گرنگی و كاریگەری یەكجار گەورەی هەیە.بەوهیوایەی كە كوردیش لەوبەشەی توركیادا ببنە خاوەنی جۆرە دەسەڵاتێكی فیدڕاڵی هاوشێوەی ڕۆژئاوا و باشوور و بەمەش كورد و مەسەلەكەی پێدەنێننە قۆناغ و سەردەمێكی گەشەكردوو و باڵاترەوە و نزیكدەبنەوە لەخەونە مێژینەكەیان لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی.
•    مایەی دڵخۆشیشە كە زۆرێك لە ئامار و ڕاپرسیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیە سەربەخۆكان ئەوە پیشاندەدەن كە ڕێژەی دەنگ و لایەنگیری بۆ ئاكاپە و ئەردۆگان لەبەرامبەر نەیارەكانیدا ڕوو لەدابەزینە كەئەمەش هێندەی تر خواست و خۆزگەكانی زۆرینەی توركیا پشتئەستووردەكەن بەسەركەوتن و یەكلاكردنەوەی ئەم گەڕەی گەمە سیاسیەكە بەلای زۆرینەدا دەیشكێننەوە و ئیدی قۆناغی پۆست ئەرۆگانیزم دەستپێدەكات و بۆ هەتاهەتاییە بەرەو زبڵدانی مێژوو توڕی هەڵدەدەن و هەربۆیە پێویستە پارتەكانی ڕكابەری ئەردۆگان پەند و عیبرەت لەم 20ساڵەی تاكڕەوی و فاشیزمی و ملهوڕی ئەرۆدگان وەربگرن و هەڵە و سەركێشی و غرور و لوتبەرزیەكەی ئەردۆگان بەرامبەر پێكهاتەكانی توركیا و بەتایبەتیش كورد دووبارەنەكەنەوە.
هەموان تا 14 ئایار لەچاوەڕوانیەكی تاقەتپڕۆكێن و دەماخ سوتاندندا و لەسەر ئاگرێكی هێواش پشوودرێژ دەبین بەهیوای ئەوەی خواست و خۆزگەكان بەنەمان و شكستی ئەردۆگان و ئاكاپە بێننەدی و چاوەڕوانیە بێزاركەرەكە بگۆڕیت بە ئاهەنگی سەركەوتن و شادی و خۆشی و جەژنی سەرتاسەری بۆ هەموان لەناوخۆی توركیا و ناوچەكە و دونیاشدا بەنەمانی دیكتاتۆرێكی تر لەبەرگێكی ئیسلامی توندڕەودا.

ناو
بۆچوون ...