دوای شەش مانگ لە شەڕی نێوان یەكێتی و پارتی و ھێرشی ھەمەلایەن بۆ سەر یەكترێ بە ناشرین شێواز کە خۆشبەختانە تاکە فیشەكێکی تێدا نەتەقێنرا و لە چوارچێوەی [شەڕی میدیایدا] مایەوە ،کۆتایی پێهات .بەڵام ئەمە کۆتایی چیرۆکەکە نیە لەوەناچێت ناکۆکیەکانیان هەرگیز کۆتایی بێت.
پارتی لە سەرەتای دروستبوونییەوە بەو ئاراستەیە كار دەكات كە دەبێ خۆی حیزبی یەكەم و سەرۆك سەرداربێت.
یەكێتییش ھەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە وەكو بەدیلی پارتی خۆی ڕاگەیاند، ئەگەر چی لە چەندین قۆناغدا ھاوپیمان بوون و پێكەوە كاریان کردوە ،کە ھۆكارەكەی زۆرجار بۆ بەرژەوەندی هاوبەش گەڕاوەتەوە.
دوای شەش مانگ لە بایكۆتكردن و بەشدارنەبوون لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی گەڕانەوە بۆ كۆبونەوەكان.
سەرەڕای ئەوەی خەڵكی كوردستان ئەمن و ئاسایشی و ئازادی دەوێ ، دژی ئاڵۆزی و كێشەو گرفتی لایەنەكانە ،بەڵام خەڵك بەردەوام بڕوای بە نووسینی سەر كاغەز نییە ، بەڵكو جێبەجێكردنی دەوێ ، بۆیە ھەقیانە بپرسن و ئێمەیش لەگەلیان دەپرسین بۆچی ئەو ھەڵایەتان دروستكرد؟ بۆچی بۆ ماوەی شەش مانگ خەڵكتان تووشی دڵەڕاوكێ كرد؟
گەركێشەكەتان لەسەر بابەتی ئەوەی كە مووچە بكرێتە سیادی و بنەمای چل و حەوت لەسەد و پەنجاو سێ لە سەد نەمێنێ ؟دەپرسین بۆچی ئەو ڕێككەوتنەتان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران مانگی حەوتی ٢٠٢١ نوێ كردەوە ؟ ئەی ئێمە دەیانجار لە میدیاكان باسی ئەم ھەڵەیەمان نەكرد
و داوای چارەسەرامان نەكرد ؟
ئەی باشە بۆچی ھەرخۆتان لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران چارەسەرتان نەكرد، بەتایبەتیش کێشەی كورتھێنانی مووچە وخەرجی لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین.
گەر یەكێكی تر لەكێشەكان كەیسی كوژرانی ھاوكار جاف بوو ، بەپێی چارەسەری كۆبونەوە ھاوبەشی یەكێتی و پارتی ، بۆچی ئەو شەڕەتان شەش مانگی خایاندو ئەو بریارەتان نەدا؟
بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تیمی بزوتنەوەی گۆڕان ناڕەزایەتی بوونە لە ئەنجامی ئەوڕێككەوتنەو دیدو بۆچوونەكانیان خستووەتە ڕوو،
من لێرەدا دەمەوێ بە بیری برادەرانی ئێستای گۆڕان بھێنمەوە كە ڕابوردو بەھەند وەرگرن ،هێندە بزانن گەر پارتی و یەكێتی لە كاتێكدا ڕێكبكەون و یەكگرتووبن پێویستییان بە ھیچ لایەنێك نەبوەو نییە و خۆگەر گەر كێشەو ناكۆكیشیان ھەبێت ئەوا ڕێزیان لەچەند لایەنێك گرتوە و بەمەبەستی پاراستنی تەرازووی ھێزو خێریان ڕژاندوەتە سەریان ، دڵنیابن ھاوبەشی و شەریك لەگەل ئەو دوو لایەنە لەوە زیاتر خێر ناداتەوە .
لە كۆتایدا دەمەوێ بڵێم سروشتی پارتی و یەكێتی وایە دەبێ جار جار شەڕ بكەن و بە پێی بەرژەوەندییەكانیان، جار جاریش ئاشتبوونەوە. بەهۆی درووستکردنی ئەم دۆخە نائارامە و ئازاردانی مووچە خۆرانی سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین پێویستە ئەم دوو لایەنە سزا بدرێن.