قولو الحق و لو علی انفسکم
{ڕاستیەکان بڵێن، ئەگەر لەسەر خۆشتان بێت. یان حەقبێژ بن، ئەگەر لەسەرخۆشتان بکەوێت} ئەمە یەکێ لە وتە جوانەکانی ئیمام عەلی یە.
لە پەراوێزی بروسکەی پیرۆزبایی لایەنە ئیسلامیەکان و پ.د.عەلی قەرەداخی و نامەی پشتگیری بۆ ئەردۆغان، هەروەها بەراوردێک لە نێوان کەسایەتیەکانی خۆمان و جیهاندا دەربارەی حەقبێژی بەڕوی زاڵمان و بەرگریکردن لە گەلی کوردی زوڵملێکراودا
١- نیلسۆن ماندێلا: - ئەگەر دەتەوێ فاشیزمی تورکیا بناسی، ڕۆژک ببە بەکورد
- هەرکات ماف و خاک و ئاو و ئازادیتان بۆ کوردەکان گەڕاندەوە، ئەودەم تەواوی چەکی دەستی پێشمەرگە و گەریلاکانی کورد خۆیان بێدەنگ دەبن.
- ساڵی ١٩٩٢ خەڵاتی ئەتاتورکیان پێبەخشی بۆئاشتی، بەڵام وەرینەگرت و ڕەفزی کرد، وتی تورکیا مافی مرۆڤ و گەلی کوردی پێشێل دەکا و نیزامێکی ئاپارتایدی هەیە.
٢- معەمەر قەزافی: نەجمەدین ئەربەکان ساڵی ١٩٩٦( بابە گەورەی ڕوحی ئەردۆگان وسەرۆکی پارتی ریفاه) کاتێ کرایە سەرۆکوەزیرانی تورکیا ساڵی ١٩٩٦ سەردانێکی بۆ لیبیا کرد، هەرچەند زۆرێک لە تورکەکان هاوڕای نەبوون بۆ ئەم سەردانە چونکە دەیانزانی معەمەر قەزافی قسە لەڕویەو شەرم ناکات لییان، هەرواش دەرچوو. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کراوەدا، معەمەر قەزافی سێ ڕەخنەی توندی ئاراستەی نەجمەدین ئەربەکان و حکومەتی تورکیا کرد کەوەک بۆمب لەهەواڵەکانی تورکیادا دەنگی دایەوە ١/ داوای قەرەبوی دەیان ساڵەی لیبیای کرد کە بەهۆی داگیرکاری دەوڵەتی عوسمانی زەرەوزیان لە وڵاتەکەیان کەوتووە، ٢/ تورکیای بەوڵاتێکی داگیرکار و ستەمکار ناوبرد کەمافی کوردەکان پێشێل دەکاو نادات، پێی وت بۆچی مافی کوردەکان نادەن؟ ناڵێن ئێمەی موسڵمان هەموو برای یەکین؟ ئەی بۆ حەقی برا موسڵمانەکانتان نادەن؟ کوردیش نەتەوەیەکەو وەک ئێوە ئەو حەقەی هەیە.٣/ هەروەها وتی ئێوە گوێڕایەڵی ئەمریکا و ئیسرائیلن و خزمەت بە ئەجێندای ئەوان دەکەن.حەیای ئەربەکان و حکومەتەکەی برد، کاتێ گەڕاوە مەجلیسی ئەمنی قەومی تورکی بریاریدا لەسەرۆکوەزیرانی لابدەن بەهۆی ئەم حەیاچونەوە.
٣- دکتۆرە شەبنم. ساڵی پار دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانی بۆ سەر چیای گارە و مەتین و ئاڤاشین چەکی ژەهراوی و کیمیاوی بەکارهێنا، هەندێ لە ڤیدیۆکانی توشبوانی گەریلا بە چەکە کیمیاویانە لە تٶرە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بونەوە کەچۆن لەگیانەڵادا بوون، ناخی مرۆڤی دەهەژاند ، سەرۆکی سەندیکای پزێشکانی تورکیا دکتۆرە (شەبنم کورور فنجانجە) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی زۆر بوێرانە و بێ ترس وتی ئەو ڤیدیۆیانەی بینیومن نیشانەکانی هی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیاویە، لەسەر ئەو قسەیە دەوڵەتی تورکیا گرتی و زیندانی کرد بە ٧ساڵ و شەش مانگ، بەڵی مرۆڤی خاوەن ویژدان ئەبێ ڕاستیەکان بڵێ و سڵ نەکاتەوە.
٤- پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداخی (٧٠ساڵ)، سەرۆکی ڕێکخراوی رابیتەی ئیسلامی کوردە لە باشوری کوردستان، ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی موسڵمانانی هەموو جیهانە. هەمومان کەم تا زۆر ئاگاداری مێژووی زوڵم و زۆرو خوێناوی و داگیرکاری تورکیاین لە کۆنەوە تا دەگات بە ئەردۆگان، ئەوەی کەمتر مێژوشی خوێندبێتەوە لانیکەم ئاگاداری حوکمڕانی ٢٠ساڵەی ئەردۆگانە کە چۆن بەئاگروئاسن بەربۆتە گیانی میللەتی کورد، شارو گوند نەما خاپوری نەکا، نەک هەر لەباکور بەڵکو لە ڕۆژئاواو باشوریش بە تۆپ بە تەیارە بە درۆن، بە چەکی قەدەغەکراوی جیهانی، زیندانەکان پڕکراون لە ئینسانی ئازادیخواز، خۆی بەدینەوە هەڵدەکێشی و خەڵکی پێفریودەدات بەڵام ئامادەیە لەگەڵ شەیتانیش پەیمان ببەستێ بۆ بەرژەوەندی خۆی و دژ بەگەلی کورد لەهەرکوێیەک بێ، ئەمە ڕاستییەکە هەموو جیهان دەیزانێ و ڕۆژانەش سەرکۆنە دەکرێ لەسەر ئەم مەسەلەیە، ئەو چەند نمونەیەی کەسایەتیەکانی سەرەوە مشتێک لە خەروارێکە، لێ مخابن لەناو کەسایەتیەکانی گەلی کوردا ئەوەی پێگەیەکی فەڕمی و جیهانی و ئیسلامی هەبێ( پ.د.عەلی قەرەداخی)یە کە لە زۆر بۆنەو بواردا چاوی بەم بەچکە سوڵتانە دیکتاتۆرە دەکەوێ و قسەیەکی حەقمان لێنەبیست بۆ گەلی داماوی کورد بکات و وەک ئەو کەسایەتییە ناسراوانەی سەرەوە لەمێژوودا بۆ بنوسرێ، قسەیەکی حەقمان لێنەبیست بەڕوی تاغوتا بڵێ ئەم گەلەش دروستکراوی خوایە و برای دینیتە وپاڵپشتت بووە لە مێژوودا، بۆ مافە سەرەتاییەکانی خۆی پێڕەوا نابینی؟ قسەیەکی حەقمان لێنەبیست، نەوەک ماندێللای مەسیحی و نەوەک معەمەر قەزافی عەرەب و نەوەک د.شەبنم خانی ژن کە تورکە ؟! ئێ خۆ بەڕیزتان هەم موسڵمان و هەم کورد و هەم هاونیشتمانی، نەک هەر نەمانبیست بەڵکو هاتوی پێگەی بەرزی دینیت بەکاردێنی بۆ پشتگیری ومانەوەی ئەو زاڵمە، سواڵی دەنگ و ئیمزای بۆ کۆدەکەیتەوە، بروسکەی پیرۆزبایی بۆ دەنێری، دڵنیابە ئەو هەڵوێستانە وەک مێژووی ڕەشی مەلای خەتێ لەمێژوودا بۆتان یاداشت دەکرێ.
حەقبێژبن لەبەر خاتری دینەکەتان، لەبەر خاتری نیشتمانە داگیرکراوەکەتان، لەبەر خاتری گەلی بندەست و مافخوراوتان... قولو الحق ولو علی انفسکم !!!