ده‌بێت په‌که‌که‌ له‌ لیستى تیرۆر ده‌ربهێندرێت دۆسیه‌ى ئاشکرا بوونى کوشتى سه‌رۆکێکى سوید یه‌کلاکرایه‌وه‌

‌په‌رله‌مانتارانى سوید
12-06-2020

 

هاوڵاتى
په‌رله‌مانتارانى سوید، ڕایده‌گه‌یه‌نن، ده‌بێت سوید داواى لێبورن له‌ کورد بکات و سوید و یه‌کێتیى ئه‌وروپا په‌که‌که‌ له‌ لیستى تیرۆر ده‌ربهێنن  ‌ئه‌مه‌ش دواى ئاشکرا بوونى بکوژى سه‌رۆکێکى سوید که‌ 34 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تیرۆر کراوه‌
ئاژانسى فورات نیوز راپۆرتێکى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ که‌ دۆسییه‌ى کوشتنى ئۆلوف پاڵمه‌، دواى 34 ساڵ له‌ شارى ستۆکهۆڵم پایته‌ختى سوید داخرا و ئه‌وکات کورو په‌که‌که‌ توۆمه‌تبار کرابوو.

هاکان سڤه‌نه‌لیگ، په‌رله‌مانتارى پارتى چه‌پ و وته‌بێژى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، پۆلیسى سوید سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیان له‌ به‌رده‌ستدا نه‌بوو زۆر هه‌وڵیاندا په‌که‌که‌ وه‌ک به‌رپرسى کوشتنى پاڵمی به‌ گه‌ل بناسێنن.

هاکان سڤه‌نه‌لیگ وتی:"ده‌بێت سوید و یه‌کێتیى ئه‌وروپا په‌که‌که‌ له‌ لیستى گروپه‌ تیرۆریستییه‌کان ده‌ربهێنن، ئه‌و تاوانه‌ى که‌ ئه‌ردۆغان به‌ به‌کارهێنانى تیرۆر به‌رامبه‌ر به‌ په‌که‌که‌ ده‌یکات، بۆ سه‌رکوتکردنى کورد و ئۆپۆزسیۆن به‌کارده‌هێنرێت. ده‌بێت ئه‌وه‌ کۆتایى پێ بهێنرێت، ده‌بێت سوید داواى لێبوردن له‌ گه‌لى کورد بکات".

هه‌روه‌ها، دانیه‌ل ریازه‌ت په‌رله‌مانتارى پارتى چه‌پ رایگه‌یاند، دۆخێکى ئابڕوبه‌رانه‌ بوو، که‌ کورد کرا به‌ به‌رپرسى کوشتنى پاڵمێ و راشیگه‌یاند:"ئه‌وه‌ کاریگه‌رییه‌کى زۆر خراپى له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ى ئازادیى کورد و گه‌لى کورد دروستکرد. ده‌بێت ئه‌وه‌ راستبکرێته‌وه‌ و مافى کورد راده‌ستى کورد بکرێته‌وه‌".

ریازه‌ت باسى ئه‌وه‌یکرد، هه‌ندێک له‌ دادگاکانى وڵاتانى ئه‌وروپا به‌هۆى بوونى ناوى په‌که‌که‌ له‌ لیستى گروپه‌ تیرۆریستییه‌کاندا ناڕه‌زایه‌تییان نیشانداوه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ وتى "ده‌بێت سوید و یه‌کێتیى ئه‌وروپا ئیدى په‌که‌که‌ به‌ تیرۆر تاوانبار نه‌که‌ن، کوردان له‌ ئه‌وروپاش ده‌بێت ئه‌و داوایه‌یان له‌ وڵاتانى ئه‌وروپى هه‌بێت".

هه‌روه‌ها ئامینه‌ کاکه‌باوه‌، په‌رله‌مانتارى پارتى سۆسیالیست رایگه‌یاند، ده‌بێت مۆرى "تیرۆریست" له‌سه‌ر په‌که‌که‌ له‌ هه‌موو وڵاتانى ئه‌وروپادا لاببرێت.

ئامینه‌، وتی:"ئه‌و کێشه‌یه‌ ته‌نها به‌ لێدوانى رۆژنامه‌وانى چاره‌سه‌ر نابێت، ده‌بێت کورد بتوانێت له‌ گه‌وره‌ترین رێکخراوه‌ میدیاییه‌کانى وڵاتانى ئه‌وروپاوه‌ راستییه‌کان بنووسن و بڵاویبکه‌نه‌وه‌. ده‌بێت هه‌موو که‌س ببینێت و ببیستێت، که‌ کورد و په‌که‌که‌ 34 ساڵه‌ به‌ ناهه‌قى تاوانبار ده‌کرێن..... کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ مۆرى 'گروپى تیرۆر' به‌کار نه‌هێنرێت. ده‌بێت ده‌وڵه‌تى تورک و ئه‌ردۆغان ئیدى نه‌توانن تاوانى 'رێکخستنى تیرۆر'  له‌ دژى کوردان به‌کار بهێنن".

نووسه‌رى کورد شۆڕش ڕه‌شی، که‌ چه‌ندین ساڵه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و ڕووداوه‌ ده‌کات و له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ش کتێبێکى به‌ ناوى "پاڵمه‌، په‌که‌که‌ و گلادیۆ" نووسیوه‌ رایگه‌یاندووه‌"بیرگسترۆم ساڵى 2000 گیانى له‌ ده‌ستداوه‌، بۆیه‌ ناتوانرێت سکاڵا له‌دژى تۆمار بکرێت و به‌وشێوه‌یه‌ ڕووداوى کوشتنى پاڵمێ له‌ تاریکییدا داده‌خرێت. ئه‌وه‌ ئاسانترین هه‌وڵه‌ بۆ سوید، که‌ خۆى له‌و ڕووداوه‌ ڕزگار بکات".

ڕه‌شى راشیگه‌یاند"ئه‌و که‌سه‌ى که‌ وه‌ک بکوژ ده‌ناسرێت، ره‌نگه‌ ته‌نها ناوێک بێت، من دادوه‌ر یان پۆلیس نیم. ده‌بێت ئه‌وه‌ که‌سێکى ئه‌ندامى ده‌زگاى هه‌واڵگریى بێت. ئه‌و شه‌وه‌ى پاڵمێ کوژرا، به‌ پۆلیسى وت، ده‌یه‌وێت ببێته‌ یارمه‌تیده‌رى پۆلیس، به‌ڵام پۆلیس ئه‌وه‌ى ڕه‌تکرده‌وه‌".
ڕه‌شی، وتی:"په‌که‌که‌ حزبێکه‌، که‌ بۆ ئازادیى له‌دژى تورکیا شه‌ڕ ده‌کات و بۆ ئه‌وه‌ دامه‌زراوه‌. به‌هۆى ئه‌وه‌ى تاوانباریان کرد، 20 که‌سیان لێ ده‌ستگیرکران، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیان له‌سه‌ر نه‌بوو، ئه‌وه‌ ده‌رکه‌وت که‌ په‌که‌که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌که‌ى به‌و ڕووداوه‌وه‌ نییه‌".

ئه‌و نووسه‌ره‌ کورده‌، وتیشی:"هێزه‌ گه‌وره‌کان له‌ پشت کوشتنه‌که‌ى پاڵمه‌وه‌ن. ده‌زگا سیخوڕییه‌کان هه‌ن. بکوژانى نێونه‌ته‌وه‌یى سه‌ر به‌ گلادیۆ هه‌ن، لایه‌نێکى ئه‌وه‌ له‌ تورکیا و له‌ وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌کاندایه‌. ئه‌و ڕووداوى کوشتنه‌ پلاندانانێکى گه‌وره‌ بوو، سوید هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌زانێت، ته‌نانه‌ت ده‌زانێت ئه‌و که‌سه‌ش کێیه‌ که‌ ته‌قه‌که‌ى کردووه‌ و پلاپیتکه‌کێش بووه‌".

هه‌روه‌ها، ڕۆژنامه‌نووس لارس بۆرگناس له‌ ساڵى 1986ه‌وه‌ چاودێریى دۆسیه‌ى کوشتنى ئۆلوف پاڵمه‌ ده‌کات و رایگه‌یاند، پۆلیسى ئاسایشى سوید (ساپۆ) یان با بڵێین، گروپێک له‌ ناو ساپۆدا پاڵمێ-یان کوشت، چونکه‌ پاڵمێ-یان به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ت ده‌زانی.

بۆرگناس ڕاشیگه‌یاند، تاوانى کوشتنى پاڵمه‌ سه‌ره‌تا خرایه‌ ئه‌ستۆى په‌که‌که‌ و دواتر هه‌وڵدرا بیخه‌نه‌ ئه‌ستۆى کریستێر پیترسۆن و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵیاندا راستیى رووداوه‌که‌ بشارنه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى دادگاى باڵاى سوید رایگه‌یاند، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نییه‌ که‌ بیسه‌لمێنێت پیترسۆن ئه‌و کاره‌ى ئه‌نجامدابێت، بۆیه‌ بڕیارى ئازادکردنى بۆ ده‌رکرد و قه‌ره‌بووش کرایه‌وه‌.

جێگاى ئاماژه‌یه‌، داواکار کریستێر پیترۆسۆن رۆژى ١٠ى حوزه‌یرانى ٢٠٢٠ له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌نووسییدا رایگه‌یاند، پاڵمه‌ له‌لایه‌ن سیاسه‌تمه‌دارێکى حیزبى راستڕه‌و به‌ ناوى (ستیگ بیرگسترۆم-ه‌وه‌) کوژراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى بیرگسترۆم گیانى له‌ ده‌ستداوه‌ و له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌ ناتوانن سکاڵا له‌ دژى تۆمار بکه‌ن، بۆیه‌ دۆسیه‌که‌ داده‌خه‌ن.
 

ناو
بۆچوون ...