رۆژنامەنووسێکی پێشووی پارتی: لە سلێمانی ٥ پاراستن هێرشیان کردە سەرم.

هەواڵ/سپی میدیا
08-08-2020

 



کادیرو رۆژنامەنووس، دانا مەنمی رایدەگەیەنێت "ئەمڕۆ لە سلێمانی پێنج کەسی دەمامکداری سەر بەپاراستنی پارتی  هێرشیان کرۆدتە سەرم و بە دەستکە دەمانچە سەریان شکاندم"، پارتیش تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردۆتەوە، وتەبێژەکەشیان دەڵێت " هیچ لێدوانێکم نییە".

 
دانا مەنمی رۆژنامەنووس کە لە چەندان دەزگای پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەر لە رێکخستن و دەزگای راگەیاندنی سەرۆکی پێشووی هەرێم و، دەستەی رۆژنامەنووسانی نێچیرڤان بارزانی و، راگەیاندن سلێمانی پارتی کاری کردووەو لەساڵی ٢٠١٧ەوە وازی لە پارتی هێناوە، وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات، بە ماڵپەڕی سپی میدیای راگەیاند" ئەمڕۆ ٨ی٨ی٢٠٢٠ كاتژمێر ١٠:٢٥ دەزگای پاراستنی بەدناوی پارتی لەڕێگەی پێنج بەكرێگیراوەوە بە دەمانچە لە پشتی نەخۆشخانەی فاروق پەلاماریان دام".

 
ئەو لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی" پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر دەزگای پاراستنی پارتی لەڕێگەی چەند دۆستێكەوە پەیوەندییان پێوە كردم و داوایان لێكردم كە ڕەخنە لە پارتی و بنەماڵەی بەرزانی و مەلا مستەفا نەگرم، داوایان كردبوو سەردانی دەزگا بەدناوەكەی پاراستن بكەم لە سلێمانی".

 
دانا مەنمی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەو لە بنکەی پۆلیسی ئەو ناوچەیە داوایی یاسایی تۆمار کردووە.( بنکەی پۆلیسی ناوچەی ئیبراهیم ئەحمەد). 

 
ماڵپەڕی " سپی میدیا " پەیوەندیکردن بە فاروس نەورۆڵی وتەبێژی وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر رووداوەکە بدات.

 

 

ناو
بۆچوون ...