فەرەنسا بزوتنەوەیەكی نەتەوەپەرستی توركی توندڕەو هەڵدەوەشێنێتەوە

هەواڵ / ئاوێنە
02-11-2020

 

جیراڵد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند،  حكومەتی وڵاتەكەی لەمیانی كۆبونەوەی داهاتوی خۆیدا رۆژی چوارشەممە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوەی "گورگە بۆرەكان" دەدات كە بزوتنەوەیەكی نەتەوەپەرستیی توركی توندڕەو و لایەنگری رەجەب تەیب ئەردۆغانە.

ئاوێنە: بزوتنەوەی "گورگە بۆرەكان" تۆمەتبارە بە بەشداریكردن لەو شەڕو پێكداهەڵپژانانەی كە بەم دواییە لەنێوان هەردو رەوەندی توركی و ئەرمەنیدا لە "دیسین-شاربیۆ" لەنزیك شاری لیۆن لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا رویاندا.

بزوتنەوەی "گورگە بۆرەكان" لە شەستەكانی سەدەی رابردوەوە دامەزراوەو لە ریزی رێكخراوە فاشیە نەتەوەپەرست و توندڕەوەكاندا پۆلێن دەكرێت و لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوشدا بەشداربوە لە چەندین ئۆپراسیۆنی چەكداری گەورەدا دژ بە كوردو پەكەكە لە توركیا.

ئەو بزوتنەوەیە باوەڕی بە باڵابونی رەگەزی توركی هەیەو دژی نەتەوەكانی دیكەی وەك كورد و یۆنانی و ئەرمەنەكانە.

فەرەنسا دەستیكردوە بە هەڵمەتێك دژ بە رێكخراوە توندڕەوەكان ئەوەش دوای زنجیرەیەك هێرشی خوێناوی كە بەم دواییە لەو وڵاتە رویاندا لە پەیوەست بە بڵاوبونەوەی كاریكاتێرەكانی پێغەمبەری ئیسلام.

ناو
بۆچوون ...